ئەلحریری  خاوەنی (المقامات)ی بەرزى شيعرى
26/04/2015 نوسەر: bzavpress

ئەلحریری خاوەنی (المقامات)ی بەرزى شيعرى


ناوی (أبی محمد القاسم الحریری البصری الحرانی)یە. ژیاوە لەساڵانی (446ك/ 1054ز-516ك/ 1122ز). پلەی (خاوەنی پەیام)ی پێدراوە لە دیوانی عەباسی لەسەردەمی (المسترشد بالله). 
ئەم زانایە بۆیە نازناوی (حەریری) لێنراوە، چونكە خەریكی بازرگانی كردن بووە بەحەریرەوە لەشاری بەصرە، هەروەها سەبارەت بە (الحرامی) بۆ بنەماڵەكەی دەگەڕێتەوە كە سەر بەهۆزی (بەنو حەرام) بووە كە هۆزێكی بەناوبانگی ئەو كاتی شاری بەصرە بوون لە (سكە). 
ئەلحەریری لە ڕێگای نوسینەكانیەوە بە كەسێكی چاكەخواز و كۆمەڵایەتی دادەنرێ‌ كە هەوڵی یەكسانی داوە لەنێوان هەژار و دەوڵەمەندا و هەڵبژاردن و سەرخستنی لایەنی خەیر بەسەر شەڕدا و بنیاتنانی كۆمەڵگا لەسەر خەیر تاوەكو جیاوازیەكانی ناو چینەكانی كۆمەڵگا نەبێتە هۆی دروستبونی ئافاتەكان و كۆمەڵگا لەبەین ببات، هەربۆیە دەبینین ئەلحەریری لە كتێبەكەیدا (المقامات) بەشێوەی شیعر و پەند ئامێز ئاماژەی بەمە داوە و دەڵێ: 
فإذا ما هبطت و مصرا فبیتی 
غرفە الخان والندیم جزازه
ئەگەر ئافەت و داڕوخانێ‌ بەسەر میصردا بێ
ئەوان خانوەكەی من و ئەوەی خان و مەیخۆرەكان وەكو یەك دائەرمێ
كتێبی (المقامات) بەیەكەمین كتێبی ئەدەبی وێنەدار ناودەبرێ، پڕیەتی لە چیرۆكی پەند ئامێز و شیعر و پەند، ئەوەی جیای دەكاتەوە لە كتێبە ئەدەبیەكانی تر بونی وێنەی دروستكراوی تایبەت بە ڕوداوو و بەسەرهاتەكانە كە دیمەنێكی زۆر جوانیان بەخشیوەتە كتێبەكە بۆتە بەشێك لەسەرنج ڕئاكێشی كتێبەكە. لە ئێستادا نوسخەیەكی ئەم كتێبە لە (كتێبخانەی نیشتمانی پاریس) پارێزراوە. 

سەرچاوەكان
1. یاقوت الحموی: معجم اڵادبا‌ء، تحقیق: احسان عباس
2. ابن خلكان: وفیات اڵاعیان
3. د. أحمد محمد عوف: صناع الحضارە العلمیە فی الإسلام، ج1