لە بەیاننامەیەكدا فەرماندەییی باڵای میلیشیا شیعەكان (حەشدی شەعبی) كە سەبارەت بە كوشتارگەی سرسار لە سنووری شارۆچكەی فەللوجە بڵاوی كردووەتەوە، داوای لە لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق كردووە، دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوە لە دژی " خالید عوبێدی"، وەزیری بەرگریی عێراق بكاتەوە، چونكە ئەوان وەزیری بەرگریی عێراق لە ڕووداوەكە بە بەرپرسیار دەزانن.
لە لایەن خۆشیەوە لە بەیاننامەیەكدا " عالیە نسێف" ، ژنە پەرلەمانتاری نزیك لە نووری مالیكی ، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق داوای كرد، وەزیری بەرگریی عێراق بە هۆی كوشتارگەی سرسارەوە، دەست لە كار بكێشێتەوەو، دووپاتیشی كردەوە، هێزە ئاسمانییەكانی عێراق لە پاراستنی گیانی ئەو سەرباز و چەكدارانەی نێو میلیشیا شیعەكاندا كەمتەرخەم بوون, ئۆباڵی ئەو كەمتەرخەمییەشی خستووەتە ئەستۆی وەزیری بەرگریی عێراق.
ئەمڕۆ , میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە ڕێكخراوی داعش لە ناوچەی سرساری باكووری شارۆچكەی فەللوجە، ژمارەیەك سەربازی سوپای عێراق و چەكداری میلیشیا شیعەكانی لە سێدارە داوە كە پێشتر گەمارۆ دراون. باس لەوە دەكرێت، ئەو كەسانەی لە ناوچەكە لە لایەن داعشەوە لە سێدارە دراون، ژمارەیان زۆرە.