جزیە لە ئیسلامدا ؟
25/04/2015 نوسەر: bzavpress

جزیە لە ئیسلامدا ؟


وەڵامدانەوەی گومانی جزیە (سەرانەی ) ئایا ڕەحمەتە یان زەحمەت ؟

لَّا يَنۡهَىٰكُمُ ٱللَّهُ عَنِ ٱلَّذِينَ لَمۡ يُقَٰتِلُوكُمۡ فِي ٱلدِّينِ وَلَمۡ يُخۡرِجُوكُم مِّن دِيَٰرِكُمۡ أَن تَبَرُّوهُمۡ وَتُقۡسِطُوٓاْ إِلَيۡهِمۡ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلۡمُقۡسِطِينَ ٨ (الممتحنة)
خودا ڕێگاتان لێ ناگرێت کە چاکە بکەن و بە عەدالەتەوە بجوڵێنەوە لەگەڵ ئەو غەیرە دینانەدا کە لەبەر ئایینەکەتان شەڕیان لەگەڵ نەکردوون و دوژمنایەتییان نەکردوون، وە لە ماڵ و مەنزڵی خۆتان دەریان نەکردوون... بێگومان خودا ئەو کەسانەی خۆش دەوێت کە دادپەروەرن.
پێغەمبەر (صل الله علیەوسلم) فەرموویەتی :(ألا من ظلم معاهدا أو انتقصمە أو کلفە فوق طاقتە أو أخذ منە شیئا بغیر طیب نفس فأنا حجیجە یوم القیامە) رواە أبو داود في سننە.
واتە : هەرکەسێك ستەم لەپەیمان بەستوویەك بکات یان مافی بخوات یان زیاد لەهێزی خۆی بەکار پێبکات یاخوود بەبێ ئارەزووی خۆی شتێكی لێوەبگرێت ، ئەوا من لە ڕۆژی قیامەتدا نەیاری ئەوم .
هەروەها فەرموویەتی : (من آذی ذمیا فأنا خصمە) رواە الخطیب عن ابن مسعود .
واتا : هەرکەسێك پەیمان بەستوویەك سزابدات ئەوا من نەیاریم .
ئینجا دێنە سەر پێناسەی جزیە ؟
الجزیة (سەرانە) : باجێکی کەمە ، کە ئیسلام لەسەر ناموسڵمانەکانی داناوە ، عەرەب دەڵێت جزي ، یجزي : کاتێك لەبەرانبەر خزمەتێکدا کەسێك پاداشت دەکەی .
هەرچی (الجزیة) یە ئەوا لەسەر وەزنی (فعلە) یەو لە (مجازاة) ەوە وەرگیراوە ، بەواتای :لەپاداشتی هێمنی و ئاسایشدا ئەو بڕە پارەیە دەبەخشن.
ئەو ووشەیە بەسادەیی خۆی بەڵگەیەکی ڕوتە لەسەر ئەوەی ئیسلام بەزەبری شمشێر فەرز نەکراوە و هیچ کەسێك ناچار نەکراوە ببێتە موسڵمان ، بەڵکو هەرکەسێك ئازادی تەواوی هەیە لەهەڵبژاردنی بیرو باوەڕی خۆی ، بۆیە پەرستگاکانی خاوەن ئاینەکانی تر وەکو خۆی ماونەتەوە و ئازادانە خەریکی ڕێو و ڕەسم و دروشمە ئاینییەکانی خۆیان بوون .
ئێستا زۆر کەس گومانی بۆ دروست ئەبێت و ئەڵێت ئەمە بۆیە دانراوە هەتا ئەو ناموسڵمانانە موسڵما ن ببن هەتا ئەو باجەیان لەسەر نەمێنێت و ئەمە وەك کارتێکی فشار دانراوە ؟!
بۆ وەڵامی ئەم گومانەش بەردەوام لەگەڵمان لە خوێندنەوە بابەتەکە و ئیستا ڕوونی دەکەینەوە کە ڕێژەی جزیە چەندە ؟ لەکێ وەردەگیرێت ؟! ئەو کات دەزانین ڕەحمەتە نەك زەحمەت ،
ئەندازەی جزیە:
١-ئەندازەی جزیە لەسەر کەسی ئازاد تەنیا دینارێکە بۆ هەر ساڵێك ، لەکاتێکدا دەبێ مرۆڤی موسڵمان هەموو ساڵێك ئەندازەی %٢،٥ زەکاتی ماڵ و سامانی بدات ، کەلەوانەیە بگاتە چەند ئەندازەی جزیە !
٢-جزیە لەسەر ئافرەت پێویست نەکراوە ، لەکاتێکدا ئافرەتی موسڵمان لەسەری پێویستە زەکات بدات .
٣-جزیە لەسەر منداڵ پێویست نەکراوە (هەرچەندە ماڵ و سامانیشی هەبێت ، کەلەمیرات یان بەشێوەیەکی تر دی بۆی مابێتەوە ) ، لەکاتێکدا زەکات لەسەر منداڵی موسڵمان پێویست کراوە (جا پارەکە لەمیرات یان بەهەر جۆرێکی تر بۆی مابێتەوە هەر دەبێ زەکات بدات ).
٤- ئەوانەی جزیە دەدەنلەخزمەتی سەربازی دەبورێن (تەنانەت ژیانێکی پڕ هێمن و ئاسایشی ڕەهایان بۆ دابین دەکرێت ) ، لەکاتێکدا موسڵمان خزمەتی سەربازی لەکاتی پێویستدا لەسەری فەرزکراوە .
٥- جزیە تەنیا لەسەر ئەو کەسانە پێویستکراوە کەتوانای ماددییان هەیە (بەمەش هەژار و نەداران لەمە بەخشراون )
تەنانەت ئەو کەسەی هەژارە نەك هەر لە جزیە دەبورێت بەڵکو لەخانەی سامانی موسڵمانان پارەی پێدەدرێت ! ئەمەش ڕەحمەتێکی تری ئیسلام .
عومەری کوری خطاب (خوا لێی ڕازی بێت )بەلای پیرە پیاوێکی پەیمان بەستودا دەڕوات، کەلەبەردەم دەرگای خەڵك خەریکی سواڵکردن بوو ، ئەویش پێی گوت : بەڕاستی ئەوە دادگەری نیە ئەگەر ئێمە لەگەنجیدا جزیەمان لێوەرگرتیی و لە پیریشدا وازت لێبێنین ، پاشان بردیە خانەی سامانی موسڵمانان و بەئەندازەی پێویستی پارەی پێدا .
٦- جزیە لەڕاهیبەکان – ئەوانەی لەخەڵوەتدان بۆ خواپەرستی- وەرناگیرێت ، ئەمەش بەڵگەیەکی تری ئازادییە بۆ شوێنکەوتەی دینەکانی تر و چی ئاسمانی بێت یان زەمینی !
٧-لەسەر پەککەوتە و نەخۆشی درێژخایەن و کوێر و پیر و .... هتد پێویست نەکراوە .
٨- جزیە لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوزاریانە وەردەگیرێت کەدەوڵەت پێشکەشی دەکات ، وەكو(ڕێگا و بان و نەخۆشخانە و دادگاکان و هێمنی و ئاسایش ..... هتد ).
کۆتای بەقسەیەکی دکتۆرە (ئیلیس لیختنستادتەر) دێنم کەدەڵێت : لەووڵاتی ڕۆم و فارس هەڵبژاردن لەنێوان ئیسلام و شمشێر نەبو ، بەڵکو هەڵبژاردن لە نێوان یان ئیسلام یان جزیە بوو ، ئەو پلانەش بەهۆی جوانی شایەنی مەحت کردن و پیاهەڵدانە .
سەرچاوەکان /
• المبسوط ١٠/٨١ .
• کتاب الاموال للامام أبي عبید القاسم بن سلام ، لا ١٠٣.
• الإسلام والعصر الحدیث ، لا ٢٢.
• محمد لەدیدی بیانیەکاندا.