19/08/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
كوردانی خۆر ئاوا‌و مزگه‌وته‌كانی سلێمانی
ماوه‌ی پتر له ساڵێكه له زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانی سلێمانیدا و له دوای ته‌واو بونی نوێژه‌كان و سه‌لام دانه‌وه‌ی ئیمام یه‌كسه‌ر ده‌ست به جێ پیاوێكی به ته‌مه‌ن یان گه‌نجێك یان منداڵێك خێرا هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ و ده‌ڵێ ( من كوردی سوریام لێم قه‌وماوه‌و كه‌س و كار‌و خانه‌و لانه‌مان هه‌مووی تیا چووه‌و له ئوتێل یان خانوی كرێداین و نه‌خۆش و پهككهوتهمان هه‌یه‌و زۆر هه‌ژار و نه‌دارین )، جگه له چه‌ندین وته‌ی تری دڵ ته‌زێن هه‌ندێكیان به‌ده‌م قسه‌كانیانه‌وه دهشگریین ، پاشان له بن دیواری مزگه‌وته‌كه‌دا ده‌سته‌سڕێك و كۆمه‌ڵه وێنه‌یه‌ك راهخهن و خه‌ڵكی موسڵمانی نێو مزگه‌وته‌كه‌ش تا ڕاده‌یه‌ك شه‌رمه‌زار ده‌بن و یارمه‌تی و كۆمه‌كیان ده‌كه‌ن ،،،
تا ئێره ده‌قی ئه‌م هه‌واڵه به‌رده‌وام و چه‌ند باره بوه‌وه‌ی نێو زۆربه‌ی مزگه‌وته‌كانه له شاری سلێمانیدا ،
من حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م دیارده‌یه له چه‌ند خاڵێكدا تاووتوێ بكه‌م و تیشكی بخه‌مه سه‌ر :-
1- به‌داخه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم له سلێمانیدا ئه‌م ئاواره كوردانه‌ی سوریایان پشت گوێ خستوه‌و هیچ كه‌مپ و ئۆردوگاو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی شایسته به ئاواره‌و په‌نابه‌رانی بۆ دابین نه‌كردوون ،به‌ڵكو ته‌نها ڕێی پێ داون كه سواڵ بكه‌ن له كاتێكدا سواڵ كردن بۆ خه‌ڵكی هه‌رێم به بڕیاری فه‌رمیی قه‌ده‌غه‌یه..
2- ئاواره‌و په‌نابه‌ری كاره‌ساته‌كانی ناوخۆی هه‌ر وڵاتێك كاتێك په‌نا ده‌به‌نه به‌ر وڵاته دراوسێكانیان ده‌بێت به‌و مه‌به‌سته كۆچ بكه‌ن و په‌نا به‌رنه به‌ر ئه‌و وڵاته كه به ده‌رفه‌تێكی شیاوی بزانن بۆ خۆ ڕێك خستنه‌وه‌و خۆ سازدان بۆ خه‌بات و به‌ره‌نگاری نه‌ك بۆ ئیسراحه‌ت له ئوتێله‌كاندا پاڵی لێ بده‌نه‌وه‌و له مزگه‌وته‌كانیشدا سواڵ بكه‌ن .
3- له لایه‌كی تره‌وه له ساڵانی پارو پێراریشهوه چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ناوه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ڕێكخراوه‌كانیان و ڕێكخراوه سه‌ربه‌خۆكانی تریش چه‌ند پرۆسهوكهمپینێكی كۆمه‌كی ماددییان بۆ هاووڵاتیه سوریه‌كان ڕێك خستووه‌و له‌و پرۆسه گه‌وره گه‌ورانه‌دا سه‌دان هه‌زار ئامێری گه‌رم كه‌ره‌وه‌ی زستان و به‌تانی و فه‌رش و به‌رگ و كاڵای تریان بۆ كۆ كرایه‌وه به‌ڵام وه‌ك ده‌ڵێن هه‌مان ئه‌و كه‌ل و په‌ل و كه‌ره‌سته خزمه‌ت گوزاریانه له بازاڕه‌كاندا به هه‌رزان ترین نرخ فرۆشراوه‌ته‌وه زۆربه‌شیان له‌لایه‌ن ئه‌و هاووڵاتیه كوردانه‌ی خۆر ئاواوه فرۆشراوه‌ته‌وه .
4- له كاتێكدا لایه‌نه كۆمه‌ك به‌خش و كۆمه‌ك كۆكه‌ره‌وه‌و دابه‌ش كاره‌كانیشیان به‌شداری ئه‌و پرۆسه خزمه‌تگوزاری و فریا گوزاریانهشیان كرد ، دیار بوو كه زۆربه‌ی كاره‌كانیشیان ته‌نها بۆ ڕوپامایی و بۆ بانگه‌شه‌ی ئیعلامی خۆیان بوو نه‌ك له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی كێشه‌ی خزمه‌ت گوزاری ئاواره‌كان بووبێت .
5- ڕاسته له هه‌ندێك شار‌و ئیداره‌ی تری هه‌رێمدا كه‌مپی ئاواره‌كان كراوه‌ته‌وه‌و سه‌دان كه‌سی كوردی سوریا و ناوچه‌كانی تریان تیا نیشته‌جێ كردوه به‌ڵام هێشتا له ئیداره‌ی سلێمانی و ده‌ورو به‌ری كه‌م و كوڕیی زۆر هه‌یه‌و پێویسته ئه‌و دیارده‌ی سواڵ كردنی نێو مزگه‌وته‌كانی سلێمانی بن بڕ بكه‌ن .