ئاسایشی سلێمانی سكاڵا له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ تۆمار ده‌كات
18/06/2013 نوسەر: bzavpress

ئاسایشی سلێمانی سكاڵا له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ تۆمار ده‌كات

به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی گواستنه‌وه‌ی 17 كارمه‌ندی ئاسایشی پێنجوێن له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌وه‌ ، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت  ئه‌و هه‌واڵه‌ دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌و داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ تۆمارده‌كه‌ین .

 بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند : لە ژمارە ( 382 ) ڕۆژی 18/6/2013 و لە لاپەڕەیەكی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا هەواڵێك بڵاوكراوتەوە كەگوایە ( 17 كارمەندی ئاسایش ) لە یاردەدەرێتی ئاسایشی پێنجوینەوە بە فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی گوازراونەتەوە لەبەر ئەوەی كە وێنەیان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا گرتووە , بەپێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكەینەوە كەڕاستی ئەم ( سكاڵایە ) كە گەشتۆتە ڕۆژنامەی ئاوێنە سەرلەبەری هەڵەیە و دەستیوەردانێكی ناشایستەیە لەكاروباری ئەمنی  ووڵات .

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی راشیده‌گه‌یه‌نێت : بێگومان ئەركی ئاسایش پاراستنی سەروو سامان و كەرامەتی هاوڵاتیانە بە ڕۆژنامەنوسەكەی ئاوێنەشەوە , چ جای پاراستنی ڕێوڕەسمی سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێنجوێن , وە جێگەی شانازییە كە جەنابی سەرۆكی  حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێگەی دابێت  كەئاسایشی ئێمە وێنەی لەگەڵ بەڕێزیان گرتبێ وەئەوە شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمەی ئاسایش,

له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاسایشی سلێمانی ده‌شڵێت : سەبارەت بەگواستنەوەی ئەوكارمەندانە ڕۆژنامەكەتان زۆر بێ  ئاگایە كەچەندكەس گواستراوەتەوە بۆ بنكەی ئاسایشی ( شینكایەتی ) كە بەفەرمانی كارگێڕی ژمارە ( 9950 ) لە 10/6/2013  كراوەتەوە , كەكردنەوەی ئەم بنكەیە لەسەر پردێكی  سنوری ئێران و هەرێمی كوردستانە هەردوولا دەبەستێت بەیەكەوە لە سنوری قەڵادزێ تا هاووڵاتیان بە ڕۆژنامەنوسەكەی ڕۆژنامەی ئاوێنە شەوە , بەئارامیەوە بەو شوێنەدا هاتووچۆ بكەن , وە گواستنەوەی ئاسایش كارێكی زۆر زۆر ئاساییە نەك لەوشوێنە , بەڵكو ڕۆژانە دەگوازرێنەوە بەپێی پێویستی كات و شوێنەكان , وەلەشوێنی زۆر دورتر لە پێنجوێنەوە ئاسایشمان  گواستۆتەوە بۆ بنكەی ئاسایشی ( شینكایەتی ) .

بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ : سەبارەت بەلێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ئاسایشانەدا  بەڕێوەبەرایەتیمان بەچ دەسەڵاتێك لێكۆڵینەوە لەئاسایش دەكات كە وێنەی لەگەڵ سەرۆكەكەی گرتبێ  چ یاسا و ڕێسا و عورف و عادەتێك ئەوە قبوڵا دەكات , لەكۆتاییدا دەڵێین تەنها ئەوەمان پێبڵێن ئەم زانیاریەتان لەكوێ وە هێناوە و چ مەرامێكتان هەیە لەم كاتەدا بۆ داتاشینی هەوڵێكی لەم چەشنە .

لەبەر ئەوە ئێمە سكاڵا تۆمار دەكەین كە دەستێوەردان لە كاروباری ئەمنی ووڵاتدا دەكەن