کۆتا بریاری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر گواستنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئیسلامییەکان دا
20/04/2015 نوسەر: bzavpress

کۆتا بریاری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر گواستنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئیسلامییەکان دا

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، پرسی گواستنەوەی پەیمانگا و قوتابخانە ئیسلامییەکان بۆ سەر خوێندنی باڵا و پەروەردە خرایەوە بەرباس و بە کۆی دەنگ بڕیاری جیبەجێکردنی بڕیارەکە درا. 
 
لەوبارەیەوە "مەریوان نەقشبەندی"  راگەیاندوە : دەربارەی چەند کاردانەوەیەک کە لەسەر بابەتی گواستنەوەی خوێندنی ئیسلامی لە وەزارەتی ئەوقافەوە بۆ سەرھەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ھاتنە ئاراوە، ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و تەواوی وەزیرەکانی حکومەتی ھەرێم داکۆکی لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارانە، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و بە بەشداری و ھاوبەشیی ھەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان دراون، نەک بڕیاری تەنیا لایەنێک یان وەزارەتێک بن.
 
ناوبراو گوتی، سەرۆکی حکوومەت رایگەیاندووە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی پشتگیریی خۆی بۆ ئەم بڕیارانە و ھەموو بڕیارەکانی چاکسازی لە وەزارەتەکاندا دووپات دەکاتەوە.
 
ئەم بریارەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ وەزیرانی خوێندنی باڵا و ئەوقاف و پەروەردە و سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف لە پەرلەمان و سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری پەیمانگا و قوتابخانە ئیسلامییەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.