لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی عەینكاوە دەستی پێكرد.. ئاسایش و پۆلیسیش دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان
18/04/2015 نوسەر: bzavpress

لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكەی عەینكاوە دەستی پێكرد.. ئاسایش و پۆلیسیش دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان


بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ 17/4/2015 كاتژمێر 5:45 خولەكی ئێوارە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شارۆچكەی عەینكاوەدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا (دوو) هاووڵاتی شەهید بوون و (هەشت) كەسی دیكەیش زامدار بوون. پۆلیسی هەولێریش ئەوە دەخاتە ڕوو كە باری تەندروستیی بریندارەكان جێگیرە و لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتیی ڕووداوەكەیش بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، دوێنێ هەینی 17-4-2015  كاتژمێر 5:45 خولەكی ئێوارە، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە شارۆچكەی عەینكاوە، لە نێوان بنكەی پۆلیسی عەینكاوە و بارەگای كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا، لە بەردەم كافتریای (نیلی)ـدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا (دوو) هاووڵاتی شەهید بوون و (هەشت) كەسی دیكەیش زامدار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران بەردەوامە و ئاسایشیش رای گشتی لێی ئاگادار دەكاتەوە.

ڕوونیش كراوەتەوە: "هاووڵاتیانی شاری هەولێر دڵنیا دەكەینەوە، بارودۆخی شاری هەولێر ئارامە و لە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی ئاساییشی ناوخۆدایە."
لە لایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت) ڕایگەیاند، باری تەندروستیی بریندارەكان جێگیرە و هێزە ئەمنییەكانیش هەرچی زووە ناسنامەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە و چۆنیەتیی ڕووداوەكە بۆ میدیاكان ئاشكرا دەكەن.
دەشڵێت: "دۆخی ئەمنیی هەولێر سەقامگیرە و هێزە تەناهییەكان كۆنتڕۆڵیان كردووە".