ئوردن پشتیوانی تەواوی بۆ عێراق راگەیاند لە جەنگی دژە داعش
08/04/2015 نوسەر: bzavpress

ئوردن پشتیوانی تەواوی بۆ عێراق راگەیاند لە جەنگی دژە داعش

شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسە سەربازییانەدا دەربڕی کە بڕیارە سوپای عێراق بۆ رزگارکردنەوەی ھەردوو پارێزگای موسڵ و ئەنبار لە دەستی داعش ئەنجامیان بدات.

شا عەبدوڵا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، وێڕای دەربڕینی ئەو ھەڵوێستەی، پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنانەشی لە عەبادی کردووە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سەڵاحەدین و تکریتدا بەدەستیان ھێناوە.

ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جگە لە گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و عەممان و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکەش تاووتوێکران.
جێی ئاماژەیە ئوردن یەکێکە لە پێکھێنەرانی ھاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکەی دژی داعش و مانگی شوباتی رابردووش لە تۆڵەی سووتانی فڕۆکەوانێکی لەلایەن داعشەوە ھەڵمەتێکی ئاسمانیی فراوانی کردە سەر مۆڵگەکانی ئەو تاقمە لە عێراق و سوریا، کە بە وتەی لێپرسراوانی سەربازیی ئوردن، توانیویانە رێژەی ٢٠%ی توانا سەربازییەکانی داعش تێکبشکێنن.