07/04/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆک کۆماری تورکیا گیشتە تاران
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بەیاوەری ٦ وەزیری حکومەتی وڵاتەکەی گەیشتە تاران.
لەمیانی سەردانەکەدا دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ھاریکاری ستراتیژی تورکیاو ئێران بە سەرۆکایەتی ھەریەک لە ئەردۆغان و روحانی بەڕێوەدەچێت، کە یەکەمیان ساڵی رابردوو لەکاتی سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ ئەنکەرە ئەنجام درا.
جگە لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئیمزاکردنی چەند رێککەوتنێکی بازرگانی، چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان و لێپرسراوانی ئێران دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و سوریا و یەمەنیش تاووتوێ بکەن، بەتایبەتش لەکاتێکدا کە تائێستا ئەنکەرەو تاران بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی چۆنێتی مامەڵەو چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو سێ وڵاتەوە ھەیە. لەماوەی چوارساڵی رابردوودا ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی تورکیایە کە بۆ ئێران ئەنجامی بدات و بڕیارە لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و حەسەن روحانی سەرۆکی ئێراندا کۆببێتەوە.