مستەفای سەید قادر: 95% ی خاكمان لە داعش سەندووەتەوە
05/04/2015 نوسەر: bzavpress

مستەفای سەید قادر: 95% ی خاكمان لە داعش سەندووەتەوە


 وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، كە پێشمەرگە لە دۆخی بەرگرییەوە كەوتووەتە دۆخی هێرشی ئەرێنی و تا ئێستا 95%ی ئەو شوێنانەی هەرێمی كوردستان كە داعش دەستی بەسەرداگرتبوون، كۆنترۆڵكراونەتەوە.‌ 
 
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، یەكێك لە تەوەرەكان شەڕی دژی داعش بووە و مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە راپۆرتێكی پێشكەشكردووە.
 
وەزیری پێشمەرگە روونیكردووەتەوە، كە پێشمەرگە لە دۆخی بەرگرییەوە كەوتووەتە دۆخی هێرشی ئەرێنی و تا ئێستا 95%ی ئەو شوێنانەی هەرێمی كوردستان كە داعش دەستی بەسەرداگرتبوون، كۆنترۆڵكراونەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە تا ئێستا 16 وڵات بە چەك و تەقەمەنی هاوكاریی هەرێمی كوردستانیان كردووە و 10 وڵاتیش راوێژكاری سەربازییان لە هەرێمی كوردستان هەیه.
 
 
لە بەرامبەریشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانەكەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ فەرەنسا بە گرنگ و ئەرێنی لە قەڵەمداوە، دەستخۆشیشی بۆ پێشمەرگە دووپاتكردووەتەوە كە بە خوێنی خۆیان بەرگری لە هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی دەكەن، هەروەها سوپاسی وەزیر و وەزارەتی پێشمەرگەی كردووە كە لەم دۆخە سەختە داراییەی هەرێمی كوردستاندا، بە باشی لایەنی داراییی شەڕ و وەزارەتیان بەڕێوەبردووە.