بارزانی: هاتنی په‌نابه‌ران بارێكی قورس ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێم
18/08/2013 نوسەر: bzavpress

بارزانی: هاتنی په‌نابه‌ران بارێكی قورس ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێم

مه‌سعود بارزانی له‌باره‌ی هاتنی په‌نابه‌رانی كوردستانی رۆژئاوا بۆ ناو خاكی هه‌رێم په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

وەك هەموو لایەك ئاگادارن لە چەند مانگی پێشوودا و هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی راپەڕینی سووریاوە دەیان هەزار لە خوشك و برا كوردەكانی رۆژئاوا هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە كەمپەكاندا نیشتەجێ بوون. بە داخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش وەك پێویست ئاوڕی لەو پەنابەرانە نەداوەتەوە كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. لە چەند رۆژی رابردوویشدا بەهۆی ئەو گرفتانەی لە رۆژئاوای كوردستاندا هەن ژمارەیەكی زۆری كوردی رۆژئاوای كوردستان روویان كردووەتە هەرێمی كوردستان. 
لێرەدا دەمەوێت سپاس و دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بكەم بۆ وەرگرتنی پەنابەران و یارمەتیدانیان و گواستنەوەیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوشك و برای كوردمان لە رۆژئاوا بابەتێكی هەستیارە و ئێمە نامانەوێ رۆژئاوا چۆل بكرێت و كوردی تێدا نەمێنێت، مانەوەی كورد لە رۆژئاوا پێویستە بۆ ئەوەی داوا و مافە نەتەوەییەكانی نەكەونە ژێر مەترسییەوە.

وەك ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤانە دەبێ هەموو لایەكمان بەپیر ئەو خەمە بڕۆین و داوا لەو كەس و لایەنانەی كە توانایان هەیە و هەروەها داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە هاوكاری حكوومەتی هەرێم بن لە یارمەتیدان و نیشتەجێكردنی ئەو خوشك و برا ئازیزانە كە لەبەر ستەم و كاولكاری پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە جیهانییە مرۆڤدۆستەكانیش دەكەم كە لە یارمەتیدان و بەهاناچوونی پەنابەراندا هاوكارمان بن چونكە حەواندنەوە و دابینكردنی پێداویستیی ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێم و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كار بە ئەرك و پابەندبوونەكانی خۆی لەمەڕ پەنابەران بكات.

مسعود بارزانی 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
 18ـی 8ـی 2013

د.ع