01/04/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
با لە جیاتی درۆی نیسان، سەیارەی نیسان دروست بكەین
لای هەمووان ئاشكرایە مانگی چوار( نیسان ) بەمانگی درۆكردن ناسراوە، بەومانایەی بەشێك لە خەڵكی لەو مانگەدا پەنا دەبەنە بەر درۆكردن ، لەگەڵ هاورێ و دۆستە نزیكەكانیان. لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا درۆ بەكارێكی قێزەون وخراپ دانراوە. خواو پێغەمبەر ( صلی اللە علیە وسلم ) تەوای زانایانی ئایینی ، بەهەموو شێوازێك خەڵكیان ئاگاداركردۆتەوە، كە درۆ كردن بەهەموو شێوەیەك حەرام و قەدەغەكراوە،بە هیچ كلۆجێك دروست و ڕەوانیە بۆ ئینسانی ئیماندار پەنا بباتە بەر درۆكردن و درۆبكات، چونكە دۆر كردن دەرگای هەموو خراپەو تاوانێكە، زۆركەس لەم رۆژەدا بە پێگەیشتنی هەواڵی درۆ توشی بورانەوەو پاڵە پەستۆی خوێن ونەخۆشی دڵ وچەندان نەخۆشی ترهاتوون، هەر بۆیە لەئیسلامدا ڕێگەی لێگیراوە، تەنها لەچەند جێگایەكی كەمدا نەبێت ئەویش كاتێك دروستە درۆ بكرێت، كە ڕزگاركردنی گیانی كەسێكی تێدا بێت، یان بۆ ئاشتكردنەوەی دووكەس یا دولایەن، یان لەپێناو خۆشەویستی نێوان ژن و پیاوێكدا بێت. جگەئەم شوێنانە درۆكردن ناپەسەندو بەدفەڕەو جێگای قبوڵ نیە. بەدەر لەوە هیچ چركەو سەعات و ڕۆژێك نیە درۆی تێدا بكرێت، بەلكو یاساغ و قەدەغەكراوە درۆكردن بەسوعبەتیش بكرێت، تەنانەت خوای گەورە نەفرەتی لە درۆزن و درۆزنان كردووە، لەو شوێنانەش ئەگەر بە ڕاستگۆی چارەسەری كێشەكان بكرێت دروست نیە پەنا بۆ درۆببرێت.
دواتر زۆر سەیرە ئیبداع و داهێنانی رۆژێك بۆ درۆكردن ، نازانم بە چ عادات و تەقالیدو قیمەم و ئەخلاق و كام دینی دەستكردو زەمینی و ئاسمانی رەوایەتی بەم تاوانە گەورەیە دەدرێت؟ ئەمە پەڕیوەتەوە بەسەر بەشێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش یان گۆڤارو ڕۆژنامەكان، زۆر جار هەواڵێكی زۆر مەحاڵ بەناوی درۆی نیسان بڵاو دەكەنەوە، میللەتێك توشی سەدمەو شۆك دەكەن، یان جاری واهەبووە لە دوری سەد كیلۆمەتر تێلیان بۆ كەسێك كردووە، كەباوكی مردووە و سوێند یشیان لەسەر خواردووە، لە كاتێكدا بەوتەی درۆزنەكانی مانگی نیسان كوڕەی باوك مردوو هاتۆتەوە كەچی پێیان وتووە درۆی نیسانە، بەپێچەوانەوەش جاری وا هەبووە كارەسات و ڕووداوی دڵ تەزێن ڕوویداوە، بەڵام خەڵكی بەرەو هەواڵەكە نەهاتوون لەبەر ئەوەی بە درۆی نیسانیان زانیوە. سەیرە ئەوە چ پیلان و بەرنامەیەكە بۆ نەمانی ڕاستگۆیی و ئەخلاقی ڕاست گوتن. سەیر نیە خەڵكی درۆزن ببینین ، سەیر ئەوەیە نەیان بینین ، بەڵام لەوەش سەیرتر ئەوەیە خەڵكێكی بەناو رۆشنبیرو ڕۆژنامەوان و ئیعلامی ئەو كارەی لێ بوەشێتەوە! باچیتر ئەم میللەتە سەردەستە موسڵمانە هەڵنەخەلەتێنین، بالەجیاتی درۆ لە پێناو كۆكردنەوەی دراو، فێری كۆكردنەوەی دراویان بكەین بەدروستكردنی سەیارەی نیسان، دەخوازم لەجیاتی درۆی نیسان لەمانگی نیسان سەیارەی نیسان دروست بكەین.