پەیوەندی تەلەفۆنی بارزانی و بان کی مۆن
31/03/2015 نوسەر: bzavpress

پەیوەندی تەلەفۆنی بارزانی و بان کی مۆن

بانكى مون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و مسعود بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە چەندین بابەتی گرنگی  عێراق و هەرێم کرد. 

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دڵگرانی خۆی نیشاندا، کە سەرباری ئەوەی زۆری پێخۆش بووە، بەڵام بەهۆی کەمی کات نەیتوانیوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
بان کی مۆن هەروەها پیرۆزبایی لە بارزانی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر چەکدارانی داعش و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدانی پێشمەرگە کرد و ستایشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کرد لە شکستدانی داعش.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانیان داوە و ڕایگەیاند: "ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان و ئاستی هاوکارییەکانیش زیاتر بکات."