بەیار دۆسکی: تائێستا هەرێم بەڕێژەی تەواو پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ناوەند
28/03/2015 نوسەر: bzavpress

بەیار دۆسکی: تائێستا هەرێم بەڕێژەی تەواو پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ناوەند

لەو بارەیەوە بەیار دۆسکی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی حزبەکەی راگەیاندووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێكەوتنە نەوتییەكەی لەگەڵ بەغدا بووە بەڵام بە هۆی چەند كێشەیەكی هونەری و، تەكنیكی نەتواندراوە سەداسەد پابەند بێت.

ئەوەشی خستۆتەڕوو کە حكوومەتی عێراقیش ، پابەند نەبووە بە خاڵەكانی ڕێكەوتنەكە و، ئەو بڕە پارەیەكی لەماوەی دوو مانگی ڕابردودا بۆ هەرێمی كوردستان ناردویەتی زۆر كەمترە لەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان هەناردەی كردووە".
بەیار دۆسكی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی پیشەسازی‌ و وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستانیشە دەشڵێت : لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و ئەنجومەنی نەوت و گاز پێمان ڕاگەیێندراوە كە لە ڕێكەوتی یەكی مانگی نوێدا حكوومەتی هەرێم بە نەوتی كەركووكەوە (600) هەزار بەرمیل ڕەوانە دەكات لە ڕۆژێكدا، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بتوانێت قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بكاتەوە، كە لەسێ مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا نەیتوانیوە هەناردەی بكات كە ڕۆژانە بە (300) هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكەوە (550) هەزار بەرمیل نەوت بووە.