سوپای‌ توركیا هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی‌ له‌ دژی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌
24/03/2015 نوسەر: bzavpress

سوپای‌ توركیا هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی‌ له‌ دژی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌

دوای‌ سێ‌ رۆژ له‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان سه‌رۆكی‌ زیندانیكراوی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان كه‌ تێیدا داوای‌ چه‌ك دانانی‌ له‌ پارته‌كه‌ی‌ كرد، ئه‌مڕۆ سێ‌ شه‌ممه‌، به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی‌ سوپای‌ توركیا كه‌ له‌ پێگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ بڵاویكرده‌وه‌: "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و چوار هێزی‌ سه‌ربازی‌، له‌ ناوچه‌ی‌ مازیداغ له‌ ماردین، هێرشیان كرده‌ سه‌ر پێنج پێگه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان".
 
له‌پێناو چه‌سپاندنی‌ ئاشتی‌ و به‌ره‌وپێشبردنی‌ پرۆسه‌ی‌ چاره‌سه‌ر له‌ توركیا، ئۆجه‌لان له‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوودا به‌بۆنه‌ی‌ نه‌ورۆزه‌وه‌، داوای‌ له‌ پارته‌كه‌ی‌ كرد كۆنگره‌ ببه‌ستێت و كۆتایی‌ به‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ بهێنێت كه‌ له‌ ساڵی‌ 1984وه‌ 40 هه‌زار قوربانی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، دەبێت پەكەكە چەك فڕێ بدات،  ئێمە ماوەی ١٣ ساڵە هەوڵی تەواومان داوە و كۆتاییمان هێناوە بەسیاسەتی رەتكردنەوە و ئینكار و تواندنەوە.

ئەردۆغان دەڵێت : ئێستا دەڵێن " با چەكەكان فرێ بدرێت" وەكو وتن باشە بەڵام ساڵێك لەمەوپێش، لەنەورۆزدا هەمان شت وترا، ئەی چی بوو؟ من لە نێو گەنجەكاندا وتم چی، وتم بۆ ئێمە كردار شەرتە، بەبێ كردار ئێمە بڕوامان بەقسە نییە. بۆیە دەبێت كرداریان ببینین".