گۆران ئازاد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فاركسیۆنی سەوز چەند سیناریۆ و ئەگەرێكی خستۆتەروو لەبارەی پرۆژەی دەستور و درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان .
لە رووی سیاسی:
گۆران ئازاد كە تەنها لە یەك مانگی رابردوو زیاتر لە سێ جار رونكردنەوەو پەیام لەسەر درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە جارێكیتر لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە: بەخوێندنەوەی من دۆخی سیاسی و رای حزبەكان ھەمان دۆخی پێش (٣٠ حوزەیران)ە كە بریتی یە لەناڕوونی ھەڵوێستی ڕاشكاوانەی سەرۆكی ھەرێم دەربارەی خۆكاندیدكردنەوەی و نەبوونی كاندید لە لایەن ھیچ ھێزیكی سیاسی و، لاری نەبوون بە مانەوەی مسعود بارزانی بە سەرۆكی ھەرێم بەڵام ئەم رەزامەندیە بەستراوەتەوە بە مەرج بۆ نمونە لە (٣٠ی حوزەیران) یەكێتی مانەوەی سەرۆكی ھەرێمی پەیوەست كردبوو بە ھەمواری پڕۆژەی دەستوور، ئێستا حیزبێك دەڵێ بە مەرجێ سیستەم دەستكاری بكرێت، حزبێكی تر دەڵێ لە رێگای ھەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستور بێت، حیزبێكی تر گرنگە بە راوێژ لەگەڵ ھەموو حیزبەكان بێت. ئیتر بە كورتی نەبوونی كاندید لە لایەن ھێزە سیاسیەكان واتە رەزامەندی بە مانەوەی مسعود بارزانی بە سەرۆكی ھەرێم، بە مانایەكی تر لایەنەكان لە رووی ستراتیج كۆكن لەسەر مانەوەی سەرۆكی ھەرێم بەڵام، لە رووی وەسیلەكەوە جیاوازن .
ئەمە دەقی نوسینەكەیەتی :
سیناریۆو ئەگەرەكان بۆ پڕۆژەی دەستور و ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم
بەگوێرەی مادە (٢) لە یاسای ژمارە (١٩)ی ٣٠/٦/٢٠١٣، وویلایەتی سەرۆكی ھەرێمو پڕۆژەی دەستور بەیەكەوە بەستراوە (پڕۆژەی دەستوری ھەرێم ھەمواردەكرێتەوە بە سازانی سیاسی لە ماوەی درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم). بۆیە ھەوڵ دەدەم سیناریۆكانی ھەردوو پرسو دەرەوەی ئەم دوو پرسەش لەڕووی یاسایی و سیاسی ڕوون بكەمەوە.
ھەنگاوەكانی پێوسیت بۆ گواستنەوەی پرۆژەی دەستور بۆ دەستوری ھەمیشەیی.
١. پەسەندكردنی پڕۆژە یاسایەی پێكھێنانی لیژنە لەسەر پڕۆژەی دەستوور.
٢. ڕێك كەوتن لەسەر شێوازی دابەش كردنی ئەندامی لیژنەكەو پەسند كردنی.
٣. لیژنەكە لەماوەی (٣) مانگ بە پڕۆژەكەدا بچێتەوەو پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكات.
٤. پڕۆژەكە لەپەرلەمانی كوردستان بە ٢/٣ دەنگی ئەندامان پەسەند بكرێت.
٥. ڕۆژێك بۆ ڕاپرسی دیاری بكرێت لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانو جێبەجێكردن.
٦. كۆمسیۆن راپرسی لەسەر پڕۆژەكە بكات.
٧. ئەگەر پڕۆژەكە بە زۆرینەی سادە لەلایەن خەڵك پەسندكرا، دوای مانگێك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەگوێرەی ماددە (١٢٢) لەپڕۆژەی دەستور.
یەكەم: لە رووی یاسایی:
رێگای یەكەم
(ئەگەر سازان كرا لەسەر پرۆژەی دەستور)
سیناریۆی یەكەم: ئەگەر لە پڕۆژەكە سیستەمەكە كرایە پەرلەمانی تەواو:
١. یاسایەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی ھەرێم دابنرێتو بكرێتە پەرلەمانی تەواو.
٢. پەرلەمانی كوردستان بەر لە ١٩/٨/٢٠١٥ لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان دا ھەڵبژاردن بۆ سەرۆكی ھەرێم دەكات لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی دادوەری ھەرێم و كۆمسیۆنی پێویست نییە.
٣. ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم بۆ دوو ساڵ دەبێت، چونكە سەرۆك لە پەرلەمان متمانەی پێ دەدرێت و لەگەڵ تەواو بوونی ویلایەتی پەرلەمان لە ٦/١١/٢٠١٧ وولایەتی سەرۆكی ھەرێمیش تەواو دەبێت.
٤. مافی كاندیدكردنەوەی بەڕێز مسعود بارزانی بەستراوەتەوە بەمانەوەو لادانی، مادە (٦٤): (ماوەی ویلایەتی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان چوار ساڵە كە لەڕۆژی سوێندخواردنی دەستووریەوە دەستپێدەكات، وەدەكرێ بۆ ویلایەتی دووەمیش ھەڵبژێردرێتەوە لەرۆژی كارپێكردنی ئەم دەستوورە).
سیناریۆی دووەم: ئەگەر لە پرۆژەكە سیستەمەكە وەك خۆی مایەوە (ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم راستەوخۆ لە ناو خەڵك)
١. سەرۆكی ھەرێم رۆژێك بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ھەرێم دیاری بكات بەر لە (٦٠) رۆژ پێش تەواوبوونی وادەكەی.
٢. كۆمسیۆن دەست بكات بە ھەنگاوەكانی ھەڵبژاردن.
٣. مافی كاندید كردنەوەی سەرۆكی ھەرێم بەستراوەتەوە بە مانەوەو لادانی ماددە (٦٤) لە پرۆژەی دەستور.
٤. لەم كاتەدا ھەڵبژاردن بۆ چوار ساڵە چونكە سەرۆك لە ناو خەلكەوە ھەڵدەبژێردرێت. واتە ماوەی ویلایەتەكەی نەبەستراوەتەوە بەماوەی ویلایەتی پەرلەمانەوە.
رێگای دووەم
(ئەگەر سازان نەكرا لەسەر پرۆژەكە)
سیناریۆی یەكەم: ھەمواری یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی سەرۆكایەتی ھەرێم نەكرا
١. سەرۆكی ھەرێم رۆژێك بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ھەرێم دیاری بكات بەر لە (٦٠) رۆژ پێش تەواوبوونی وادەكەی.
٢. كۆمسیۆن دەست بكات بە ھەنگاوەكانی ھەڵبژاردن.
٣. لێرەدا بەڕێز مەسعود بارزانی پاڵپشت بەھەردوو ماددەی (٣) و (١٧) لە یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم مافی خۆكاندید كردنەوەی نییە.
سیناریۆی دووەم: ھەمواری یاسایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی سەرۆكایەتی ھەرێم كراو سیستەمەكە كرایە پەرلەمانی تەواو
١- لە كۆبوونەوەی پەرلەمان سەرۆكی نوێ ھەرێم دەنگی لەسەر دەدرێت.
٢- ماوەی سەرۆكایەتی ھەرێم بۆ دوو ساڵەو لەگەڵ تەواوبوونی ولایەتی پەرلەمان لە ٦/١١/٢٠١٧ ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم تەواو دەبێت.
٣- لێرەدا بەڕێز مەسعود بارزانی پاڵپشت بەھەردوو ماددەی (٣) و (١٧) لە یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم مافی خۆ كاندیدكردنەوەی نییە.
رێگای سێیەم
درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی ھەرێم
١. لە ماددە (١) لە یاسای ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١٣ ھاتووە (ولایەتی سەرۆكی ھەرێم بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ دەكرێتەوە تا ١٩/٨/٢٠١٧ وە ناكرێت بۆی دووبارە بكرێتەوە).
٢. لەبەر ئەوەی یاسای ژمارە (١٩) یاسایەكی ئاساییە بۆیە دەكرێت ھەموار بكرێت بە یاسای ئاسایی.
٣. لەبەر ئەوەی لە رابردوو یەكێتی باجی داوە لە سەر پەسەندكردنی ئەم یاسایە لە لایەك وە پەشیمان بوونەوەی پارتی دوای پەسندكردنی یاساكە لە لایەكی تر، جگە لەوە ئەو كات سەرۆكی ھەرێم لە پەیامەكەی دەڵێت (خۆم لەگەڵ مانەوەم نەبووم بەم شێوازە) وگۆڕان دژی ئەم شێوازە بوو، بۆیە دووبارە كردنەوەی ئەم سیناریۆیە قوڕسە.
ڕێگای سێیەم
پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێم
ئەمە وەك ئەگەرێك مەحاڵە لەبەر ئەم ڕێگرە یاسایی و سیاسیانە:
١) بەڕێز سەرۆكی ھەرێم لەبەرواری ١٢/٦/٢٠١٣ نامەیەكی بۆ پەرلەمان ناردووە نووسیویەتی (پێم باشە لەگەڵ ھەموو ئەو حزبو لایەنانەو ئەو لیژنەی پڕۆژەی دەستووری ئامادەكردووە دابنیشنو بەیەكەوە تێبینیەكانیان تاوتوێ بكرێت بۆ ئەوەی لەمەسەلەی پڕۆژەی دەستوور بۆكۆ دەنگی لایەنەكان بگەنە ئەنجامێك).
٢) لەمادەی (٢)ی یاسای ژمارە (١٩) ھاتووە: پڕۆژەی دەستوور بەسازان ھەموار بكرێتەوە.
٣) لەپەیامی سەرۆكی ھەرێم لەپەسەندكردنی یاساكەدا لە ٢٦/٧/٢٠١٣ دا ھاتووە (كە پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان بگەنە ڕێگایەك بۆ ھەمواری پڕۆژەی دەستوور).
٤) ماددەی یەكەم لەیاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠٠٩ ی یاسای پەسەندكردنی دەستووری ھەرێمی كوردستان ھاتووە: (ڕۆژێك بۆ ڕاپرسی گشتی لەسەر پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی كوردستان- عێراق دیاری بكرێت بەھەماھەنگی لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانو حكومەتی ھەرێمو لایەنی پەیوەندیدار) كەواتە بەگوێرەی ئەم مادەیە:
ڕ) ڕاپرسی كردنی پڕۆژەی دەستوور لەدەسەڵاتی سەرۆكی ھەرێم نییەو لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانو حكومەتە.
ب) پڕۆژەكە ئەوساو ئێستا لەپەرلەمانی كوردستان بووە چونكە بڕیاری ڕاپرسی لای پەرلەمانە.
رێگای چوارەم
راگەیاندنی باری نا ئاسایی
ئەم سیناریۆیەش مەحاڵە بەڵام شیدەكەینەوە.
لە بڕگە (٨) لە ماددەی دەیەم لە یاسای ژمارە (١)ی سەرۆكایەتی ھەرێم تایبەت بە دەسەڵاتەكانی ھاتووە (جاڕدانی باری نا ئاسایی بە پێی یاسایەكی تایبەت)
لەم دۆخەدا ھەڵبژاردن ئەنجام نادرێت وەئەگەر ئەنجامیش بدرێت شەرعیەتی نییە. كەواتە:-
١. جاردانەكە بەستراوەتەوە بە دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمان.
٢. تا ئێستا ئەم یاسایە لە پەرلەمان دەرنەكراوە تاوەكو سەرۆكی ھەرێم بتوانێ باری نا ئاسایی ڕابگەیەنێ.
٣. لە عێڕاق (٣) پارێزگای گەورەی داگیركراوە كەچی پەنای بۆ راگەیاندنی باری نا ئاسایی نەبردووە، ئەم دۆخە كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرتەسك كردنەوەی مافو ئازادیەكان.
دەرئەنجام:
١- بەگوێرەی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم و یاسای درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی ھەرێم بەڕێز مەسعود بارزانی مافی خۆكاندیدكردنەوەی نابێت، بۆیە گرنگە بەڕێزیان لەكۆبوونەوەیەك لەگەڵ ھەموو ھێزە سیاسیەكان ڕایبگەیەنێ كە خۆی كاندید ناكاتەوە ئەمەش لەلایەك پێگەی خۆیو حیزبەكەی بەھێز دەكات. لەلایەكی تر ناوبانگی ھەرێم لەئاستی ناوخۆییو دەرەوە بەرز دەكاتەوە لەڕووی دەستاو دەستكردنی دەسەڵات.
٢- پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر ئەم پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت دەتوانێ بەڕاوێژ لەگەڵ سەرجەم حیزبەكانی كوردستان كاندیدێكی تر پێشكەش بكەن. وەبارزانیش وەك سەرۆكی حیزبی یەكەم، ھێزو قوڕسایی خۆی دەبێت لەكوردستان.
٣- پڕۆژەی دەستوور و یاسای سەرۆكایەتی ھەموار بكرێتو سیستەمەكە بكرێتە پەرلەمانی تەواو ئەوكات بڕیارو ھێز لەلای سەرۆكی حكومەت دەبێت وە ھیچ گرفتێك دروست نابێت ھەر بەڕێزێكی تر ببێتە سەرۆكی ھەرێم چونكە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ھەرێم پڕۆتۆكۆڵی دەبێت.