16/03/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بۆ لەتیف هەڵمەت..
بریندارە !
لەتاو دەروون نەخۆشی كورد
شیعر ئەمڕۆ :
شەرمەزارە!
لەتاو مێشك بێ هۆشی كورد
شیعر ئەمڕۆ:
بێ قەرارە!
لەتاو ئەقڵ نــاو بــۆشی كورد
شیعر ئەمڕۆ :
خەفەت بارە!
لەتاو دڵی خامۆشــــی كورد،
***
ئێستاكە من،
گوێم لەنوزەی
هۆنراوەیە ..
ئێستاكە من،
گوێم لەكزەی
جەرگی شیعری تواوەیە..
ئیستاكە من،
گوێم لە خزەی
داشكانی ،ئێسكەكانی ،
شیعری بەخوێن ڕازاوەیە.. ،
هاتوونە بەر قاپی خودا.....،
شەكوا ئەكەن
لەو خامانەی
مەبەستی هەستی شیعریان
ئاوا تێك دا..... .
***
چۆن دڵتان دێ ؟
دڵی پاشای هەموو گەردوون
بڕەنجێنن؟
چۆن دڵتان دێ؟
پەنجەی شیعر ،
بۆلەزەتی پیسی دەروون
تێك بشكێنن؟
چۆن دڵتان دێ ؟
وەك بروسكە
لەگوێی كپی ڕاستی ژیان
بگرمێنن؟
چۆن دڵتان دێ؟
چۆن دلتان هات؟
دڵی ژیان بتۆرینن؟
هەر ئیستاكەش ،
دێر نەبووە .. هەتازووە
خەجاڵەت مەندی بنوێنن..
لەبەدەم
ڕەونەقی بەرزی سیمای شیعرا
سەری شۆڕتان
دانەوێنن..
__________