دوای ئەوەی وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاشكرای كرد تەنیا دوو مانگی تریان دەوێت و دواتر هەرێمی كوردستان بە نەوتی خۆی بودجەی (%17) دابین دەكات، پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت: 9 مانگ لەمەوبەر بەڵێنی بەپەرلەماندا كە تاكو كۆتایی ساڵی 2014 بەپارەی نەوت قەیرانەكە تێدەپەرێنین، بەڵێنەكە بەزیادكردنی نرخی بەنزینیش نەبرایە سەر .
لەو بارەیەوە پەرلەمانتار سۆران عومەر لەلاپەرەی خۆی له تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوه:"ئەم موژدە تازە ئەوەش دەبڕێت كەچاوەڕێین لەبەغداوە بێت!" ، 9 مانگ لەمەوبەر بەڵێنی بەپەرلەماندا كە تاكو كۆتایی ساڵی 2014 بەپارەی نەوت قەیرانەكە تێدەپەرێنین، راستە دوای ئەوە داعش هات و نرخی نەوت دابەزی، بەڵێنەكە بەزیادكردنی نرخی بەنزینیش نەبرایە سەر، بۆیە بۆ دوو تا سێ مانگی تریش بڕوا بەوە ناكەین بەپارەیەكی نادیارو ناشەفافی نەوت قەیرانەكە تێپەڕێنین، ئەم قەیرانە كەخەڵك باجەكەی دەدات هۆكارەكەی نەوتە! .
ئەو پەرلەمانتاره دەشڵێـت: "بۆیە ئەم موژدە تازە وادەكات ئەو بڕە پارەی گوایە بەغدا بڕیارە بینێریت ئەگەر هەیە ئەوەش نەنێرن!"
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە : خەڵك دەپرسێت كوا موچەی مانگی 1ی ساڵی 2015 كە ئەمڕۆ 16ی مانگی ئازارە! تۆ كە نەتوانی موچەی مانگی یەكی 2015 بدەی چۆن دەتوانی مانگی چوار یان پێنج ترلیۆنێك و 200 ملیار دابین بكەی؟ تۆ ساڵی 2014 بڕی 4 ملیار دۆلارت داوە بەوەزارەتی دارایی بۆ موچە، كەچی ئێستە ئەڵێن ئەوە قەرزە!! .