ھەنگاریا یەکەیەکی سەربازی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات
11/03/2015 نوسەر: bzavpress

ھەنگاریا یەکەیەکی سەربازی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات

پیتر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی ھەنگاریا، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: لەچوارچێوەی ئەو ھاوپیمانێتییەی بۆ روبەڕوبوونەوەی چەکدارانی  داعش لە عێراق و سوریا پێكھێندراوە، حكومەتی ھەنگاریا بەنیازە یەكەیەكی سەربازی ڕەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات .

وتیشی " ژمارەی ئەو هێزە نزیكەی ١٠٠ سەرباز دەبێت و ڕەوانەكردنی ئەو یەكە سەربازییە لەسەر داوای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایەو بەئامانجی پاراستنی ناوەندەكای مەشق و ڕاھێنانە لە ھەرێمی كوردستان".

وەزیری دەرەوەی ھەنگاریا ئاماژەی بەوەكردووە، ڕەوانەكردنی ئەو یەكە سەربازییە بۆ ھەرێم پێویستی بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران ھەیەو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانیش پشتگیری دەكەن.پێشتریش حكومەتی ھەنگاریا نزیكەی ١٥٠ ڕاھێنەری سەربازیی ڕەوانەی عێراق كردوە بۆ مەشق پێكردنی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق.