لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو هێزی گەورە هەن ، کە زۆرێک لە وڵاتان دابەش دەکەن بەسەر مەزهەبی شیعە و مەزهەبی سونەدا ، ئەم دوو هێزە بە درێژایی مێژوو لە ململانێ و جەنگ و فراوانخوازی و داگیرکاریدا بون ، بە جۆرێک ئەو نەتەوانەی دەکەوێتە نێوان ئەم دوو بلۆکەوە ، کەوتونەتە بەردەم هەڕەشە و بەکارهێنیان لە لایەن هەردوکیانەووە ، خۆ ئەگەر لە کاتێکی مێژوویدا دەوڵەتی عوسمانی نمایندەی مەزهەبی سونی بوبێت ، ئەوا لە بەرامبەردا سەفەوی و ئێران نمایندەی مەزهەبی شیعە بوە ، کاتێک بۆ دروستکردنی پشتێنەیەک لە شەڕی سارددا ، شیعەکان سود وەردەگرن و ئێران جارێکی تر دەگەڕێننەوە سەر سەفەویەت ، ئیتر هێڵەکە بە تەواوەتی دەردەکەوێت ، ئەو نەتەوانەی کە زۆر پابەند نین ، بە یەکێ لەم مەزهەبانەوە دەبنە کارتێکی بەکارهێنان لە لایەن هەر یەکێکیانەوە دژی ئەوی تر ، کورد لەم نێوان ئەم دوو هێزەدا ، بەردەوام دیواری جیاکردنەوەی سەفەوی و عوسمانی و تورکیا و ئێران بوە ، وە قوربانی یەکەم بوە لە بەریەککەوتنەکاندا ، وە تا ئێستاش سەکۆی ململانێکنیان هەر لەسەر لاشەی کورد و خاکی کوردە .
•
ئەگەر ئێران وەک دژە ئەمریکایەک دەرکەوتبێت و سعودیە و تورکیا وەک دۆستی ئەمریکا دەرکەوتبێت ، ئەوا دوای دەرکەوتنی داعش هەموو نەخشەی پەیوەندی و ململانێکان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتوە ، داعش نامەی کۆتای مەزهەبی سونەیە کە ئەگەر دەوڵەتی خەلافەت بەردەوام بێت ئەوا ، ئەوەی وێنا دەکرا بە دۆستی ئەمریکا دەبێتە دوو کەرت و ئەم مەزهەبەش دەبێتە ئەنتی ئەمریکا ، ئەوەش دەزانین کە تا ئێستا داعش شەڕی مەزهەبی نەکردوە ، بە تایبەت شەڕی دژی شیعە نەکردوە ، کە پێدەچێت سیناریۆیەک لە پشتی ئەم شەڕەوە بێت ، دوای ئەوەی تورکیا ویستی بگەڕێتەوە بۆ قەڵەم ڕەوی عوسمانی و هەموو سونەکان یەکبخات و لە مرسی و میسرەوە دەستی پێ کرد ، ئەم هەوڵەی ئیفلیج بوو ، چونکە سونەکان هەڵگری دروشمی دژە ڕۆژئاوای و تیرۆرن ، لە بەرامبەردا شیعە سیاسەتێکی تەندروستانەتری کرد ، ئێران توانی تەواوی هیلالی شیعە یەکبخات و دروشمەکانی دژی ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕاگەیاندن تێنەپەڕی ، واتا ئێران توانی سود لە دەرکەوتنی داعش ببینێت ، بە جۆرێک کیشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیشی خامۆش کرد ، لەسەر هەمو ئاراستەکان و پەتەکان یاری دەکرد ، تا پێگەی خۆی لە سوریا و لە ناو پەکەکە و پەیەدە و فەلەستین و عێراق و یەمەن و لوبنان ڕێک خست و خۆی کردە قوتبێک لە بەرامبەر ئەمریکادا دژی داعش ، توانی دەرگای گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ناچاری بە ئەمریکا بکاتەوە ، وەک دوو هاو بەرژەوەندی لە بەرامبەر ترسێکی هاوبەشی وەک داعشدا ، ئێران ئەو بۆشاییەی قۆستەوە کە تورکیا نەیتوانی لە ڕوی سیاسی و سەربازییەوە یاری تێدا بکات ، یاریەکەی ئێران بەردەوامی هەیە .
•
ئەمریکا و ناتۆ ئەو ڕاستیە دەزانن ، کە بە تەواوەتی دوای دەرکەوتنی داعش سوریا و یەمەن و عێراق دەکەونە دەست ئێران ، تورکیا وەک نمایندەی ئەمریکا ناتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێ ، بۆیە وڵاتانی سونە لە ئێستەوە لە باڵادەستی هیلالی شیعی دەترسن ، واتا دوای قۆناغی داعش ، گێمی دوەمی یارییەکە دەست پێ دەکات ، کە شەڕی نێوان ئێران وەک نوێنەرایەتی شیعە و سعودیە وەک نوێنەرایەتی سونە دەست پێ دەکات ، بە دیوێکی تردا ئەمریکا لە ئەگەری سیناریۆکان دەترسێ ، خۆ ئەگەر ئەم دوو بلۆکە هەر ڕێککەوتنێک بکەن ئەوا ئەمریکا دەبێت بە خواستی ئەمان بێتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان ، نەک وەک ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت وڵاتان بچنە ماڵی ئەو و وەک پاشکَو و خزمەتکار سەیر بکرێن ، هەر چەندە ئەمە ئەگەرێکی دورە ، ئەوەی ماوەتەوە ئێران لە ئێستادا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕی لە شەڕی دژی داعش ، لە بەامبەردا دوای پاشەکشەی تورکیا ، سعودیە ناتوانێت ئەمریکای دوەم بێت لە گۆڕانی هاوکێشەکاندا ، لە ئێستەوە ئەوە ڕونە کە نەجف و مککە دەبنە دوو سەنتەری گەورەی دینی ، کە لە مێژووە تا ئێستا شیعە نەیتوانی بوو ئەم سەنتەری پەرستگایەی خۆی ڕزگار بکات ، لە ژێر دەستی سونەدا بوە و سونەش تا ئاستێک خامۆشی کردبوو .
ئەگەر هەوڵی سعودیە بۆ ئەوە بێت ، دوای شکستی تورکیا هیلالی سونە ڕێکبخات و خۆی ئامادە بکات بۆ قۆناغی دوای داعش ، ئەمریکا و ناتۆش دەیانەوێت بە یەک ئاست ، هەردوکیان لەسەر هێڵی پەیوەندیەکانی خۆیا ڕاگیرن و نەهێڵی ئەم دوو هیلالە نە ڕێکبکەون و نە شەڕی یەکتریش بکەن ، چونکە بە هەردوو دیوەکەدا بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ناتۆ دەکەونە بەردەم هەڕەشە ...واتا سیاسەتی ( بەهێزبون و لاوازکردنی یەک ئاست و دولایەنە ..وەک ئەوەی لە هەشتاکاندا لە نێوان ئێران وعێراقدا ڕوی دا ) بۆیە هەوڵی یەکخستنی سونەکان لەسەر دەستی سعودیە ، هەوڵێکی ئەمریکا و ناتۆیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان سونە و شیعە دوای داعش ، ئەمریکا و ناتۆ پێویستی بە هەردوکیان هەیە بۆ ئەوەی داعش کۆتای پێ بهێنێ .
•
لە ڕوی سیستمی حوکمڕانیەوە ، ئەوە ڕون بوەتەوە بۆ ڕۆژئاواییەکان کە سیستمی دیموکراتی و وڵاتی کراوە بە کەڵکی ئەم ناوچانە نایەت و ئیسلامیە توندڕەوکان سودیان لێوەرگرتوە بۆ ئەوەی گەشەی تیا بکەن ، ببنە هەڕەشە بۆ بنەماکانی دیموکراتەیەت (ئەمەش کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئەورپاش دروست کردوە ، بە شێوەیەک ترسی ئەوە هەیە کە ڕاسیزمەکان دەسەڵات وەربگرنەوە )، هەر بۆیە حوکمی ئاخوندی بۆ شیعە و حوکمی وەلی عەهد بۆ سونەکان بە باش دەزانێت ، بە مەرجێک خۆی دەستی هەبێت لە دانان و ئاراستەکردنیاندا، ئەمەش بە پشت بەستن بە تاکتیک و سیناریۆکانیان ، لە ئێستا ئەوە ڕون بوەتەوە کە مۆدێلی وەلی عەهدی خەریکە بە تەواوەتی ئەم ناوچانە داگیر دەکات ، دور نیە شیعەش هەمان مۆدیل قبوڵ بکات و لە ئاخونەدەوە بگۆڕێت بو وەلی عەهد ، ئیتر ئەو نەتەوانەی دەکەونە ناو ئەم سنورەوە ئەگەر لایەنی نەتەوەیی باڵاتر بێت ، ئەوا هەمان مۆدێل وەردەگرێ لە ژێر ناوی نەتەوەیدا .
•
ئەوەی ماوەتەوە لە ئێستادا کە شەڕی داعش دەکرێت و بە جۆرێک هەموو دژەکانی لەسەر یەک مێز کۆکردوەتەوە ، بەهێز بونی ئێرانە لە گۆڕەپانەکەدا و لاوازی سعودیە دەردەکەوێت.... بۆ هاوسەنگی دەبێت یەکسان بکرێنەوە و لە بەرامبەر ئەمریکا و ناتۆدا هەردو لایان یەکسان ببنەوە بە ژمارەیەک ، ئەو کات دەمێنیتەوە بۆ قۆناغی دوای کۆتای هێنانی داعش ، ئیتر بەرنامەی بەریەککەوتنی نەجەف و مەککە دەست پێ دەکات .