گرنگی لە گەڕانەوەى پرۆژەى دەستورى هەرێم
09/03/2015 نوسەر: bzavpress

گرنگی لە گەڕانەوەى پرۆژەى دەستورى هەرێم


قسە لەم سەرەوە خۆشە،بۆئەوەى لە ئایندەیەکدا کوتلەو پەرلەمانتارە بێدەستەڵاتەکانى ناو پەرلەمان نەیکەنە چەلەحانێ و موزایەدەو هاتوهاوارى بێماناو خۆدەرخستن ،پێویستە لەئێستاوە بۆ مەسەلەى دەستور شەقامى کوردى پەرلەمان لە زهنیەتى خۆى دەربهێنێت، ڕەنگە بڵێن،ئەمە بێ ئەندازە نا مەنتقیە کە پەرلەمان لەپرسى دەستور دابماڵرێت!!؟.ئاخر پەرلەمان (24) ساڵە نەیتوانیوە یاسایەک،یاساى داواکاریی گشتى دەربکات،بەوە کاربکات کە بەعس داى ناوە،بۆ پاراستنى مومتەلەکاتى بەعسیزم ،پەرلەمانى هەموو هەرێمەکان و وڵاتانى جیهان لەساڵێکدا سەدان یاسا تاوتوێ ئەکات،پەرلەمانى کوردوستان لەنزیکەى ساڵ و نیوێکدا (9) یاساى دەرکردووە .. زۆربەى ئەوانەى ئێستا تیایدا ئەندامن لەڕێگەى فریودان و هاژوهوژى ناو تۆڕەکۆمەڵاەیەتییەکانەوە،چوبنە ناو بینایەک کەپێشوتر لایان وابووە ئەم پەرلەمانە مقەبایە،چۆن ئەبێت باسێکى هەستیارى وەک دەستور ڕادەستى ئەم پەرلەمانە بکرێت ؟..
پرۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان،بەهەموو پێوەرێک،لەبرى تێپەڕاندنى ئەبێت شیتەڵ بکرێتەوە،چۆن ؟.
خۆى شێوازە باوەکەى نوسینى دەستور ئەوەیە کە سەرەتا کۆمەڵێک فەقیهو کەسانى شارەزا پرۆژەیەک ئەنوسنەوە،پاشان ئەیدەن بەپەرلەمان (بەڵام پەرلەمان ئێستا سەنتەرى توێژینەوەى هەیە،نەک مەسەلەکە ڕادەستى ئەوانە بکرێت زەمەنى ئەهریمەن لەسەر جادەوە گەیاندونى بەپەرلەمان).ئەمانیش دوایی ئەیخەنە دەنگدانەوەو چەند دانشتنێکى لەسەر ئەکەن،دواتر ڕاپرسییەکى بۆ ئەکەن،دواى چەند ڕۆژێک سەرۆکى هەرێم یان وڵات ئیمزاى ئەکات و،لە پێگەى فەرمى بڵاوئەکرێتەوەو ئیتر کارى پێدەکرێت...ئا.. ئێ بەڵام ئێستا ئەو ئالیەتانەى وتمان هەمووى لەکارخراون ؟.
ئەگەر ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان بە (26 کورسى) و یەکگرتوو ( 10) کورسى و کۆمەڵ (6) کورسیەوە،چپەچپى تێپەڕاندنى یاساکەو دانانەوەى سەرۆکى هەرێمن،ئەبێت بیریان بێت لەڕۆژانى ئۆپۆزسیۆن بونیاندا چ شەڕێکیان لەسەر درێژکردنەوەى ماوەى سەرۆکایەتى سەرۆکى هەرێم ئەکرد،چ هاوارێکیان بۆ گەڕانەوەى دەستور ئەکرد،خۆ ڕەنگە ئێستاش لەسەرەوەو لە ڕاگەیاندن هەندێ توند بن و شتى دیکە بڵێن ،وەلێ دواتر ئەوە ئەکەن کە کورسى و بودجەى حزبەکەیان دەیخوازێت ،نەک چارەنوسى گەلێکى بێدەوڵەت (بزوتنەوەیەکى وەک گۆڕان نزیکەى پێنج ملیارو نیو بودجەکەیەتى) .بۆیە ئەگەر بە ڕێگە ئوسوڵیەکەشى بێت کەباسمان کرد لەسەرەوە، وە گریمان پرۆژەکە تێ پەڕێنرێت ،ئەوا هێشتا ڕەشنووسەکە قۆناغەکانى خۆى تەواو نەکردووە، سەیرکەن لەماددەى (122) بەندى (1) ئەڵیت: "ئەم دەستورە (3) ڕۆژ دواى ئەوە لەڕاپرسییەکى گشتى دا ڕەزامەەندى لەسەر ئەدرێت،بەکارپێکراو دائەنرێت و سەرۆکى هەرێم لەماوەى دە ڕۆژ دواى ڕەزامەندى دانى لە ڕاپرسییە گشتى یەکەدا،لە وەقائیعى ڕەسمى بڵاوئەکرێتەوە " ئێ بەو پێیە سەرۆکى هەرێمى ماوە بۆ درێژکراوە،نە ئێستا هێزى قانونى ئەوەى هەیە کە ڕەزامەندى دەربڕێت (هەر لەوە ئەچێت لەم ساتە وەختەى شەڕى داعش دا جارێکى تر شەقامى کوردیش پەرت بکات ئەگەر تێی پەڕێنێت) جگە لەوەى لەداهاتوودا ئەبێت و ئەشێت حەقى تەعن لە دەستورەکە هەبێت،ئینجا گریمان ویستى تێپەڕاندن هەبو،ئەى هەلومەرجى ڕاپرسیەکەى چۆن ئەبێت ؟.پاشان ئەى کەرکوک؟؟!...ئەى ئەوسا کە پرۆژەکە نوسراوەتەوە،نە ملیۆن و نیوێک ئاوارە لەکوردوستان بووە،نە بەرخۆدانى ڕۆژئاواو کۆبانێ هەبووە!!.کاتى خۆى سەدان هەزار ئاوارەى فەلەستین هاتنە ئوردن و هەرنەچونەوە ئێستا ترسى ئەوە هەیە ئوردن وەک فەلەستینى لێ بێت!!..یەکێک لەهەرە خەسڵەتە دیارەکانى دەستور ئەوەیە کە گوزارشت و ڕوئیایەکە بۆ ئایندە،بۆیە ئەبێت وەک سۆپەرمارکێت ، هەموو شتێکى تیا بێت .
خۆ ئەگەر بیانوى گەڕانەوەو چاوپیاخشاندنەوەى پرۆژەى دەستور،ئەوەیە کات کەمە،،بەپێی یاسا و ڕێوشوێنەکانى ئەوا دەبێت سەرۆکى هەرێم (جا هەرکەسێکە) ئیمزا لەسەر تێپەڕاندنى ڕەشنوسەکە بکات،ئەم ڕەشنوسە بێت یان ئەوەى جارێکى تر چاوى پیائەخشێنرێتەوە، کەواتە دەستور ئەکەوێتە دواى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى هەرێم،بەپێی کۆمسیۆنى باڵاەى نا سەربەخۆى هەڵبژاردن (کە 3 بە 3 بە 3 یەکێتى گۆڕان و پارتى تەشکیلیان کرد!!) ئالیەتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى هەرێم (1) ساڵى ئەوێت !!. واتە ئێمە ساڵێمان لەبەردەستە بۆئەوەى لەو ماوەیەدا دەستور بگەڕێنینەوە..
دەستور،سێ ڕەهەندى سەرەکى هەیە،ئەوانیش (یاسایی، سیاسیی،نەتەوەیی) ین ،واتە ئێمە لەهەرێمى کوردوستاندا،کە (24) ساڵە دەستورمان نییە،لە فەراغیکى قانونى و سیاسیی و نەتەوەیی گەورەدا ژیاوین و ئەژین..دەستور هەر ماناى یاسایی نییە کە جێگاى ماف و ئازادییە گشتى یەکانى تیا ئەبێتەوە،بەڵکو شەهادەتێکى نەتەوەییە،میللەتى کورد لەدواى ئەم شەڕە تازەیەى کە لەناوچەکە هاتۆتە ئاراوە،پێویستى بە فکرەیەک هەیە لەدەورى کۆببنەوە،وە هەموویان لەسەرى کۆک بن، ئاشکرایە بارى ئێستا ناخوازێت کۆنگرەى نەتەوەیی بگیرێت،بۆیە ئەشێت (دەستور) ئەم ڕۆڵە گرنگە ببینێت،بۆنمونە: ئەو کیانە نەتەوەییانەى لەمێژوودا فشارى دەرەکی لەسەر سەرکردەکانیان هەبووە،هاتون دەستورێکی گونجاویان داناوە ،لەحاڵەتى هەر کاریگەریی و زۆربۆهێنانێک بۆ سەر سەرۆک و سەرکردایەتیەکەى،یەکسەر گوتویانە ڕاستە ئێمە سەرۆک و سەرکردایەتى سیاسین،بەڵام ئەم مەسەلەیە لەدەستوردا هاتووەو میللەت واى فەرمووە ..دەستور چارەنووسى گەلێکى تیا دیارى ئەکرێت،ناکرێت بە باڵاى کەسانێک یان حزبێکى دیاریکراو بنوسرێتەوە،لە (4) ساڵ پێش ئێستاو هەلومەرجێکدا کە هوشیارى و ئاگایی خەڵک بەقەد شەڕە جنێو و تەشهیرەکانى ئۆپۆزسیۆن بووە .