01/03/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
قەیرانی دارایی 16ملیار دۆلار قەرزی تری هێناوەتە سەر حکوومهتی هەرێم
کۆی داهاتەکانی حکوومهتی هەرێی کوردستان لە ساڵی 2014دا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بووە و تەنها لەو ساڵەشدا بۆ پڕکردنەوەی کەم و کورتییەکانی زیاتر لە 16ملیار دۆلاری لە بانکە ئەهلی و بازرگانییەکان قەرزکردوە.
لەو بارەیەوە دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئاشکرایکرد: کۆی داهاتەکانی حکوومهتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2014)دا " شەش ملیار و هەشت سەد و بیست ملیۆن و شەش سەد و حەڤدە هەزار و چوار سەد و نەوەد و حەوت " دۆلار بووه لەبەرامبەردا کۆی خەرجییەکانی حکوومهت لەو ساڵەدا" دوانزە ملیار و دوو سەد و چل و شەش ملیۆن سێ سەد و چل و شەش هەزار و حەوت سەد" دۆلار بووه، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەش قەرزی لە بانکە ئەهلی و بازرگانییەکان کردووە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەوکاتەی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە سیاسەتی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بە کردەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دەستی پێکردووە و کۆمپانیاکانی بواری نەوت وگاز روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد، بۆ دۆزینەوەی نەوت. سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٤ەش ئەوەی خستوەتەڕوو کە لە (٢٢/٥/٢٠١٤) بۆرییه نەوتەکەی ھەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا تەواو بووه؛ بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیادا، دەست کرا بە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم، کە رۆژانە (١٢٠) بۆ (١٥٠) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرا، دواتر زیادکرا، بۆ (٣٥٠) ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و، ئێستا گەیشتۆتە (٤٠٠) هەتا (٤٥٠) ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا