جەعفەر شێخ مستەفا ئاشکرای دەکات کێ بەمالیكی‌ وت بەشە بودجەی‌ هەرێم ببڕێت
23/02/2015 نوسەر: bzavpress

جەعفەر شێخ مستەفا ئاشکرای دەکات کێ بەمالیكی‌ وت بەشە بودجەی‌ هەرێم ببڕێت

جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، عادل موراد سکرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی حیزبەکەی بە دوو شت تۆمەتبار دەکات، یەکەمیان "سیخوڕیکردن" بەسەر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی دووەمیان ئاشكراشیدەكات ئەو "بەمالیكی‌ وت بەشە بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان ببڕە".

ئەو قسانەی شێخ جەعفەر مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشنیمانی كوردستان لەچوارچێوەی لێدوانێكدا هاتووە بۆ رۆژنامەی‌ هاووڵاتی‌‌و لەوەڵامی ئەو قسانەدا بوو، كە پێشتر عادل مورد سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رایگەیاندبوو "ئەو یەكێتیانەی‌ دەڵێن ماوەی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم پێویستە درێژبكرێتەوە‌، یان دەڵێن قسەی‌ بارزانی‌ لەئایەتی‌ قورئان پیرۆزترە بۆ خۆیان قسە دەكەن". 


ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی تۆمەتی "سیخوڕیکردن"یش دەخاتە پاڵ عادل موراد لە دوو مێژووی جیاوازدا. ئەو دەڵێ: "رۆژێک لە رۆژان لە دەرەوەی کوردستان بووە، ئەنواع و ئەشکال بوختانی بۆ مام جەلال-یش هەڵبەستووە. ماڵەو ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک گەڕاوە کە یەکێتی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت".

شێخ جەعفەر هەروەها راگەیاندووە "هەر عادل مورادو ئەمسالی‌ ئەو بوون پێشنیاریان بۆ مالیكی‌ كردبوو ئەگەر بێت‌و بودجەی‌ كوردستان ببڕیت ئەوا خەڵكی‌ كوردستان دژی‌ ئەو دەسەڵاتەی‌ ئەمڕۆ رادەپەڕێت".
 
ئەو ئەندامەی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌، ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە ئەوكاتەی بارودۆخی‌ هەرێم‌و بەغدا بەرەو خراپی‌ رۆیشت عادل موراد چووە بەغدا‌و وتی "گوایە چووەتە لای‌ مالیكی‌‌و بودجەی‌ هەرێم دەگێڕێتەوە، ئەوەبوو كردییە هەڵایەكی‌ گەورەو درۆیەكی‌ گەورە، بەڵام بۆ ئەوە نەچووبوو، بۆ جاسوسی‌ لەسەر برادەرەكانی‌ ناو یەكێتی‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و حكومەت چوو بوو".