عەبادی : هەرێم نەوتیش بنێرێت مووچە نانێرم
20/02/2015 نوسەر: bzavpress

عەبادی : هەرێم نەوتیش بنێرێت مووچە نانێرم

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، حەیدەر عەبادی هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق بۆ ئەوە دەگێرێتەوە كەهەرێم پابەند نەبووە بەو بڕە نەوتەی كە بڕیاربووە هەناردەی دەرەوەی بكات.

ئارام شێخ محەمەد ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە میانی كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراقدا داوای ڕونكردنەوەیان لەحەیدەر عەبادی كردووە لەبارەی گفتوگۆكانی حكومەتی ناوەند لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەبارەی ڕێكەوتنەكەی نێوانیان و هۆكاری نەناردنی پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق .
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند:( عەبادی ) پێی ڕایگەیاندوین ، وەفدەكەی هەرێم داوای پشكی لەسەدا حەڤدەكەیان كردووە لەبودجەی عێراق، سەرۆك وەزیرانی عێراق پاساوی ئەوەی هێناوەتەوە كەلەئێستادا بەغدا ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێم بكات ، ئەوەشی بەستۆتەوە بەرێژەی هەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستان و ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر هەرێم نەتوانێت ئەو بڕە نەوتەی لەسەری ڕێكەوتون هەناردە بكات بەغداش ناتوانێت بڕی لەسەدا حەڤدەی بودجەی عێراق بەشێوەی مانگانە ڕەوانە بكات.
ئارام شێخ محەمەد وتیشی "داوامان لەعەبادی كردووە بەپێی ئەو بڕە نەوتەی لەئێستادا هەرێم لەڕێی سۆمۆوە ڕەوانەی دەكات، پارە ڕەوانەی هەرێم بكات، لەبەرامبەردا عەبادی ڕایگەیاندووە، هەركاتێك بڕی هەناردەكراو گەیشتە ئەو ئاستەی لەسەری ڕێكەوتون ئامادەن پشكی هەرێم لەبودجەی عێراق ڕەوانە بكەن".