17/02/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
بارزانی: پێشمەرگە 15000 كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەژێر دەستی داعش ڕزگاركردووە
مەسعود بارزانی دەڵێت: لەسایەی قارەمانییەتی پێشمەرگە هيرشه كانى داعش تێكشكاو 15000 كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە.
ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئادمیڕاڵ پیێڕ دی ڤیلیڕس سوپاسالاری فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ دی سێت كوێنتین فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای فەڕەنسا و ئاڵێن جوپڕێت كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای فەڕەنسا.
مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەكه دا جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییەو تیرۆریستان لەهەر شوێنێك دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت دەست ناپارێزن بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە ئەركی هەموو لایەكە.
بارزانی راشیگەیاندووە داعش پشت بەهزری تەكفیریو جیهادیو هزری شۆڤینی دەبەستنو ئەم جۆرە بیركردنەوەیە نامرۆڤانەیە هیچ ئاییندەیەكی نییە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و چۆنییەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای فەڕەنسا بۆ شەڕی دژه داعش تاوتوێ كرا.