پرسیارێک لە کاک مەلا بەختیار
08/02/2015 نوسەر: bzavpress

پرسیارێک لە کاک مەلا بەختیار


بەڕێز مەلا بەختیار وتارێکی بڵاوبۆتەوە بە ناوی: ئاسۆی نەتەوایەتی و تەمی حیزبایەتی، 
وتارەکەی کاک بەختیار کۆمەڵیک خاڵی گرنگ و هەستیاری لە خۆی گرتوە. راستگۆیانە دەستی خستۆتە سەر کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگ کە ساڵانێکە لەم ولاتەدا قسەی گەرمی لەسەر ئەکرێت. ئەو گوزەرێک ئەکات بەسەر بەشێکی زۆری کێشەکانی حوکمڕانی لە هەرێمدا. ئەو تەم و مژەش کە لەسەر پرسی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دروست ببو دەڕەوێنێتەوەو دەری ئەخات کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ یەکخستن و رێکخستنەوەی پێشمەرگەن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە. بەهەمان شیوە ئاماژەش بە کۆمەڵێک دەزگای گرنگی تر دەکات و دەپرسێت ئەوانە بۆ یەکناخرێنەوە. وەک وتم ئەم وتارە پڕاوپڕە لە هەڵوێست و وردبینی و رەخنەو گازندەی باش و هەستیار و سودمەند. بۆیە هەست ناکەم خەمخۆرێکی ئەم وڵاتە هەبێت و هاوڕای بەشی زۆری ناوەرۆکی ئەو وتارە نەبێت. بۆ خۆم زۆر هاوڕای کاک بەختیارم کە ئەم پرسانە بە راوێژ و هەماهەنگی و رێککەوتنی سەرجەم لایەنەکان و بە تایبەت یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئەوانی تر دەبێت چارەسەر و یەکلایی بکرێتەوە. هیچ یەکێک لەو پرسانە نابێت و ناکرێت بە پەراوێز خستنی ئەم و ئەو وەیا پرس و را نەکردن بە لایەنە سەرەکیەکان کاری لەسەر بکرێت. تا ئێرەو پەیوەست بە ناوەرۆکی وتارەکە هیچ دڕدونگی و کێشەیەکم لەگەڵیدا نییە...
بەڵام:
هەر لە سەرۆکی پارتیەوە بۆ سەرجەم مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، لە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە، هەموو سەرکردەکانی کورد، سەرۆکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان، ئەمانە سەرجەمیان بەردەوام، لە هەموو بۆنەیەکدا باس لە کێشەکانی دەسەڵات ئەکەن، رەخنەی لێئەگرن ،داوا ئەکەن ،ئەپارێنەوە، هاوار ئەکەن ، سکاڵا ئەکەن، داد و بێدادیانە لە حزب حزبێنە، لە موحاسەسە، لە گەندەڵی، لە بێدادی، لە بێ موئەسەساتی، لە نانیشتمانی بونی هێزی پێشمەرگە( نا نیشتمانی بە مانای ناموئەسەساتی نەک نیشتمانپەروەری) پۆلیس ئاسایش، دارایی هتد ..
لە بیرمە جارێک نوێنەری هەموو حزبەکان و سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان لای سەرۆکی هەرێم بوین، لەوێ قسەیەک لەسەر پرسی یەکخستنەوەی ئاسایش کرا لەگەل کۆمەڵێک دامودەزگای تردا، سەرۆکی هەرێم روی کردە سەرۆکی پەرلەمان ووتی تێناگەم بۆ ئەم مەسەلەیە دوا ئەخەن و هەوڵی یەکخستنی ئەم دەزگایانە نادەن!!! مرۆڤ لە حاڵەتێکی وادا ئەحەپەسێت تۆ بڵێی کێ بێت رێگرە لە یەکخستنی ئاسایش؟ بەرپرسە باڵاکان یا ئەفسەرێکی بچوک یا جەماوەر؟؟ وەیا دەستی دەرەکی!!
لە راستیشدا هەر کاتێک بەرپرسێکی ئەم وڵاتە بدوێنیت، رەخنەو گازندەو گلەییەکی زۆری لەسەر بونی ناعەدالەتی و تەشەنەکردنی گەندەڵی و نەبونی موئەسەسات دەکات.. بەراستیش ئەمە حاڵەتێکی زۆر سەیرە، ئەمە جێگای لەسەر وەستانە: ئاخر بە چ مەنتقێک کەسانێک کە خۆیان بە قەولی کوردانە بکوژ و ببڕی وڵاتن، بەرپرسیاری یەکەمی حزب و حکومەتن، ئامر و ناهی وڵاتن، کەچی ئەوانیش بەرامبەر کێشەکان دەستەوەستانی خۆیان دەر ئەخەن، ئەوانیش گلەیی و گازندە ئەکەن، ئەوانیش خەمخۆری و دڵساردی و بێزاری خۆیان دەر ئەخەن. ئەوانیش هاواریانە،داد و بێدادیانە..
ئەرێ گەلۆ هەقمان نیە بپرسین ئەوانە کێن کە سوکانی ئەم ماشێنەی وڵات بەرێوە بردنەیان بەدەستەوەیە؟ کێ بەرپرسە؟ ئەرکی بەرپرس چیە؟ ئەرکی هاوڵاتی چیە؟ ئەرکی ئەو بەڕێزانە چیە؟ مەوقعیان لە حزبەکانیان، لە کۆمەڵگا، لە دامودەزگاکاندا چیە؟ ئاخر چۆن ئەبێت بەرپرسەکانیش وەک هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی، وەک رۆژنامەنوسێک ،وەک چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی، ئەوانیش تەنها گلەیی بکەن و رەخنە بگرن؟ ئەرێ لە کێی ئەگرن؟
بۆیە لە بەڕێز کاک مەلا بەختیار و لە ریگەی جەنابیشیەوە لە سەرجەم بەرپرسە باڵادەست و کاربەدەستی ئەم وڵاتە ئەپرسم: ئێمەی هاوڵاتی لەسەر یەکنەخستنی پێشمەرگە، ئاسایش، دارایی، لەسەر ناعەدالەتی، گەندەڵی نا موئەساساتی، رەخنەو گلەیی و گازندەمان لە ئەوانە: لە بەرپرسە باڵاکانی هەرێمەکەمان، لەوانەی کەسی یەکەم و کەسە بڕیار بەدەستەکانن، ئەی باشە ئەوان گلەیی لە کێ ئەکەن؟ رەخنە و گازندەیان لە کێیە؟ کێی تر هەیە لە سەروی ئەوانەوە؟
هەر بە راستیش مەراقێکی زۆری ئەوەم هەیە بزانم ئەو هێزە شاراوانەی کە لە سەروی سەرۆک و سکرتیری حزبەکانن، لە سەروی سەرۆکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان و مەکتەب سیاسیەکانە کێن و چین و چ دەسەڵاتێکیان هەیە کە ئاوا ریگە نادەن وڵات بە دامەزراوەیی بکرێت، گەندەڵی نەمێنێت، پێشمەرگە و ئاسایش یەکبخرێنەوە، کانتۆنەکان و ئیمارەتەکان نەهێڵرێت؟؟ ئاخر یا ئەبێ هێزگەلێک لە سەرو ئەوانەوە هەبێت،یا لە خۆیان ڕانابینن لە ئاست بەرپرسیارێتیەکی لەو ئاستەدا بن وەیا ناکرێ و ناشێ بەرپرسە پلە یەکەکانی کورد شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە خالی بکەن و وەک هەر هاوڵاتیەکی سادەی داماو قسە بکەن. خاڵی جیاکەرەوەی هاولاتی لە بەرپرس ئەوەیە ئەو ئەمانەتی نوێنەرایەتی کردن و بڕیاردان و جێبەجی کردنی لە ئەستۆدایە، ئەو ئامرازەکانی گۆڕانکاری بەدەستەوەیە، ئەو لە توانایدایە بڕیار دەربکات و جێبەجێشی بکات. ناکرێت هێڵەکانی نێوان بەرپرس و جەماوەر کاڵبکرێنەوەو نەزانرێت هەر لایەنە چ ئەرکێکی لەسەر شانە.
من بەو حوکمەی کاک بەختیار ئەناسم و ئەزانم رون و رەوان قسە ئەکات، لە بەڕێزیان ئەپرسم تکایە پێمان بڵێ کێن کە تا ئەم ساتەوەختە هۆکاری ئەم موسیبەت و کێشانەن؟ کێ رێگرە؟ چۆن؟ ئایا هێزی بەرژەوەندی شاراوە هەیە کە لە ئیرادەی گەل و حزب و سەرکردەکان گەورەتر و بەهێزترن؟ ئایا نازی ئەوان لە ملیلەت زیاترە؟ بەرژەوەندی ئەوان لە گەل گرنگترە وا سەرکردەکانمان ناتوانن لە ئاستیان هەڵوێستێک بنوێنن؟؟
تکایە یا هەموتان بەرپرسیارێتی ئەم وەزعە لە ئەستۆ بگرن و هەنگاوی راستگۆیانەو یەکلاکەرەوانە بنێن بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە ، وەیا وەک ئەزعەف ئەلئیمان پێمان بلێن ئەو هێز و گروپ و کەسانە کێن کە رێگەنادەن و بەرژەوەندیان لە مانەوەی ئەم وەزعەیە.