داعش و داعشی تریش
03/02/2015 نوسەر: bzavpress

داعش و داعشی تریش


ئەم جەنگەی ئێمە چ پەیوەندییەك درووستدەكات و چ پەیوەندییەك كۆتایی پێدەهێنێت!؟، ڕووكاری سیاسیی، ئابووریی، كۆمەڵایەتی، بە تایبەتی تر ڕووكاری ئاینیی و ناوەڕۆكی ئاینیی بەرەو كوێ دەبات!؟، چۆن پەیوەندییەكانی بەم ڕووكار و ناوەڕۆكانەوە بەپێی پێویست ڕێكدەخاتەوە!؟، وەك لایەنی یەكەم و كۆتایی خاوەن بوون وجودیی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵایەیی و ئاینیی خۆی، چۆن پێوەرێكی عەقڵانی كارپێدەكاتەوە!؟، هەستیاری ئەم جەنگە و دەرهاویشتە زەق و دیارەكانی، دەرهاویشتە خۆسەپێن و ناچارییەكانی، پەیوەندییە گشتیی و تایبەتییەكانی، لەبارەی ژیان و ئاشتی و ئارامیی هەرێمیی و نێوەدەوڵەتییەكانی، زۆر لایەنی تری دنیای نوێی بازاڕگەریی جیهانیی و ئەو بازاڕگەرییەی كە ئەمڕۆ سەرەتا نوێییەكانی دەردەكەون، هەموو ئەمانە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندان، بۆ بازدانە گەورەكەی كەناری ئارامیی ، یان نغرۆبوون لە بەربەریەت و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفری (هەركەس بۆخۆی و بەشەكەی تۆش دەخۆم)ی پەندە كوردییەكەی!.

مەبەستی قسەم بە كورتی: لەبەردەم جەنگ و لەم ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگەدا، دەبێت زیاتر بە ئارامیی لەبەردەم پرۆسەكاندا بوەستینەوە، كە ئەویش وەك چۆن ڕووبەڕووی دیاردەیەكی ناشیرین دەبینەوە، دەبێت وریایی ئەوەشمان هەبێت هەڵەی ئەوە نەكەین ڕووبەڕووی ئیسلام ببینەوە، وەك ئاینێكی ئاسمانی و موقەدەس و پیرۆزی خودایی، كە خەریكە دیاردەیەكی تری هەڕەشەئامێز و ترسناكی وەك داعش، لە هەناوی خۆمانەوە و لە نزیك خۆمانەوە و بەناوی خۆمانەوە سەر هەڵدەدات و دەیەوێت سەرتاپای ئاینی ئیسلام بخاتە دەرەوەی كوردبوون و مرۆڤبوونمانەوە، هەر وەك چۆن دیاردەی داعشیی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئامرامیی و كەرامەتی مرۆڤایەتیی، بەو چەشنەش دیاردەیەكی تر بە هەڵە و بیری چەپ و ماركسانە و بە نەخۆشی ئایدۆلۆژیانەی كوردیی، دەیەوێت جەنگێكی تر بسازێنێت بۆ كورد بە دەستی كورد و هەموو جیهان بكاتەوە بە دوژمنی كورد و ئەزموونەكەی، هەر وەك دیاردەی داعشیی تۆمەتە بۆسەر ئاین و ژیارە مرۆڤدۆستییەكەی، ئاوەهاش دیاردەی ڕەدكردنەوەی ئیسلام و پەیامەكەی هەڕەشەیەكی ترە بۆ سەر كەرامەتی كوردەواریی و ئەزموون و ژیارە ئیسلامییەكەی.

هەروەك وتومانە دیاردەی داعشیی هێندە دیاردەیەكی بازاڕگەریی و جەنگی ئابووریانەی جیهانییە، هێندە دیاردەیەكی ئاینیی و ئیسلامیی نییە، بەڵام نەخشەكەی بەو چەشنەیە و ئەم دیاردەیە بە ئاینیكراوە و داتاشراوە بە دیواری ئیسلامەوە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتی سیاسیی و دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمە ئەوە لەبەرچاو بگرن و ڕێگربن لەو دیاردە ترسناكە كوردییەش كە كار بە كینەی ئایدۆلۆژیانەی خۆی دەكات و دەیەوێت ڕەوشی لەبار بقۆزێتەوە بۆ لێدان لە ئاینی ئیسلام و ناشیرینكردنی خەباتی سەدان ساڵەی پیاوانی ئاینیی و ئیسلامدۆستی كوردیی، كە مێژووی خەباتیان هێندەی مێژووی هەموو شۆڕش و خەباتە پیرۆزەكانی كوردن، بۆ  سەربەخۆیی و ئازادیی و  درووستبوونی دەوڵەتی كوردیی، بۆیە دەبێت وریابین لە داعش  و داعشی تریش!.