بۆچی کورد لەناو پادشایانی
30/01/2015 نوسەر: bzavpress

بۆچی کورد لەناو پادشایانی "ماد" دا زیاتر شانازی بە کەیخوسرەوەوە دەکات?!

بەکوردی کەیخوسرەو بە یۆنانی"کیکسار"بە فارسی "هوخوشترە" کوری "فراوەرتیس" ی کوری "دیاکۆ"ی دامەزرێنەری دەوڵەتی مادە سێیەم پادشای مادەکانە لەساڵی ٦٢٥ بۆ ٥٨٥ پ.ز فەرمان ڕەوای کردوە بە بەهێزترین پاشای مادەکان دادەنرێت. مادەکان لە حەوت هۆزی جیاوازی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتبوون دوای ئەو زوڵم و زۆرەی لەلایەن دەولەتی ئاشوری داروسێیانەوە دەکرایە سەریان ،بە ناچار ی یەکیان گرت لەژێر سەرکردایەتی "دیاکۆ" دا توانیان دەوڵەتی ماد لە ساڵی ٧٠٠ پێش زاین دابمەزرێنن تا ساڵی ٥٥٠ پێش زاین کە بەدەستی "کۆرش"ی فارسی کۆتای پێ هات و جڵەوی دەسەڵات لە ناوچەکەدا لە کوردەکانەوە گۆڕدرا بۆ فارسەکان و تا ئێستاش بەردەوامە . زۆربەی مێژوونوسانی دونیا هاوڕان لەسەر ئەوەی نەتەوەی کورد پاشماوەی مادەکانن. قسەکردن لەسەر دەوڵەتێکی چەند سەد سالە کە مێژوو نوسان بە یەکەم ئیمپارتۆریەتی سەر زەوی ناوی دەبەن بەهۆی ئەو ڕوبەرە زۆرەی کە فەرمان ڕەوای تێدا کردوە، زۆر هەڵدەگرێت بۆیە لێرەدا تەنها باس لە یەکێک لە پادشاکانیان دەکەین کە بوە بە سومبولێک لای نەتەوەی کورد و تەنانەت لە مارشی نیشتیمانی مان دا بە شانازیەوە دەڵێین ئێمە ڕۆڵەی "کەیخوسرەوین" لە کاتێکدا دیاکۆ دامەزرێنەری دەوڵەتی مادە ، بەڵام ئەوەی وای کردوە کەیخوسرەو ئەو ڕۆڵە سومبولیە بگێڕێت ئەوەیە کە یەکەمجارە لە مێژووی کورد دا پادشایەکی کورد بتوانێت خاکی هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد بکات و بیخاتە سەر دەوڵەتەکەی . هیرۆدۆت مێژوو نوسی یۆنانی لە کتێبەکەیدا بەناوی "هیستۆریا" کە لە سەدەی پێنجەمی پێش زاین نوسیویەتی و نزیک بوە لەڕوداوەکانی ئەو سەردەمە باسی دەوڵەتی ماد و کەسایەتی کاریزمای کەیخوسرەو دەکات کە چۆن هەوڵی داوە تۆڵەی ئەو زوڵم و زۆرەی ئاشوریەکان بکاتەوە کە بە درێژای سەدان ساڵ دەرهەق بە مادەکان ئەنجامیان داوە . هێرۆدۆت دەڵێت دوای ئەوەی باوکی کەیخوسرەو لە ساڵی ٦٢٥ پ.ز لەلایەن ئاشوریەکانەوە دەکوژرێت ئەم جێگەی باوکی دەگرێتەوە و هەرزوو توانیویەتی سوپایەکی بەهێز پێک بهێنێت و هەموو خاکی "ئێران"ی ئێستا بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و فارسەکان ناچار بکات بێنە ژێر دەسەڵاتیەوە .دوای ئەوە بڕیار دەدات هەموو ئەو خاکە ڕزگار بکات کە ئاشوریەکان دەستیان بەسەردا گرتوە بۆیە بە مەبەستی ڕوبەڕوو بونەوەی گەورەترین دەوڵەتی دونیا واتە ئاشوریەکان کە زیاد لە ١٥٠٠ ساڵ فەرمان ڕەوای بەشێکی زۆری "عێراق"ی ئێستا بون ڕوو دەکاتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاشوریەکان


لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی٦١٦پ.ز سوپای ماد بەرەو ئاشور هێرشیان برد لەوساڵەدا (ئەراپخا)کەرکوکی ئێستایان لەژێر دەستی ئاشور ڕزگار کرد پاشان ئوربیلوم"هەولێر" و دواتر شاری( تربیس)یان لەباکوری نەینەوا گرت و پاشان لە دیجلە پەڕینەوەو شاری ئاشور پایتەختی پێشوی ئاشوریان و ێران کرد .بابلیەکان بەسەرکردایەتی "نەبوپلاسەر"ی پادشای بابل هاتن بۆهاوکاری مادەکان بەڵام کاتێک بابلیەکان گەیشتن شارەکە لەلایەن مادەکانەوە کۆنترۆڵ کرابوو هەرلەو شارە وێران بوەدا بابلیەکان هاوپەیمانیەکیان لەگەڵ مادەکان بەست . پاشان سوپای مادو بابل لەساڵی ٦١٢ پ.ز هێرشیان کردەسەر نەینەوا و بۆ ماوەی سێ مانگ گەمارۆیاندا لەو ماوەیەدا سێ شەری خوێناوی رویدا سەرەنجام پاش دروست کردنی لافاوی دەستکرد بۆسەر شارەکەو و روخاندنی دیواری شورەکە توانیان شارەکە داگیرکەن و پاشای ئاشور(سینشاریشکون) خۆی کوشت و بەشێک لە سوپای ئاشور بەرەو حەڕان ڕایان کردو شارەکە بەتەواوی وێرانکراو بۆ هەمیشە کۆتای بە دەوڵەتی ئاشوری هات. پاش ئەوەی کەیخوسرەو توانی ببێتە هێزی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵیدا دەست بگرێت بەسەر شانشینی دەوڵەمەندی لیدیا کە دەکەوێتە یۆنانی ئێستاوە لەوکاتەدا باوکی قارون کە لە قورئاندا ناوی هاتوە حوکمی یۆنان و بەشێکی تورکیای دەکرد ،دوای چەندین شەڕو گرتنی بەشێک لەناوچەکان نەیتوانی هەموو یۆنان بخاتە ژێر دەستی و بەهۆی خۆرگیرانێکەوە هەردوو سوپا لەساڵی ٥٨٥پ.ز کۆتایان بەشەڕ هێناو کچێکی پاشای لیدیا شوی بە کوڕی کەیخوسرەو کرد وەک سەرەتایەک بۆ کۆتای هێنان بە شەڕەکانیان. هەر لەو ساڵەدا کەیخوسرەو گیانی لەدەست داو "ئەستیاگس_ئەژدەهاگ"ی کوری شوێنی گرتەوە تا ساڵی ٥٥٠ پ.ز بەدەستی کۆرش کۆتای بە دەوڵەتی ماد هێنرا.

*سنوری ئیمپراتۆری ماد لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ڕوباری چەیحونەوە دەست پێدەکات ،لەباکورەوە ڕوباری ئاراس لە باشورەوە کەنداو لە ڕۆژ ئاواوە ڕوباری هالیس (قزل ئیرماقی ئێستا) بەگشتی مێژوونوسان ڕوبەری ئیمپراتۆرەکە بە ٣،١ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە دەخەمڵێنن. دەربارەی مردنی هەندێک لە مێژونوسان ٥٨٥ و هەندێک ٥٨٤ پ.ز دیاری دەکەن. دیاکۆنۆف مێژونوسی گەورەی ڕوسی خاوەنی کتێبی مادەکان پێی وایە لە گۆڕی قسقاپان لە پارێزگای سلێمانی نێژراوە.