29/01/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
تۆمەتبارێك لە هەولێر دەستگیر كرا.. سێ ئۆتۆمبێلی دزیون و ڕووبەڕووی پۆلیسیش بووەتەوە
دوای تۆماركردنی چەند رووداوێكی دزینی ئۆتۆمبێل لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، بە تایبەت ئۆتۆمبێلی جۆری تیۆتا پیكەب كە بە (مەرزییە) ناسراوە، پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوەی چڕ و ورد كرد و توانرا لە ماوەیەكی كەمدا سێ ئۆتۆمبێلی دزراو دەستیان بەسەردا بگیرێ.
ڕائید (كاروان خۆشناو) گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە هۆبەی ڕاگەیاندن سازی دابوو، ڕایگەیاند كە پاش تۆماركردنی چەند رووداوێكی دزینی ئۆتۆمبێل، پۆلیس دەستی بەسەر سێ ئۆتۆمبێلدا گرتووە و هەر بەو تۆمەتەیش تۆمەتبارێكی قۆڵبەست كردووە.
گوتیشی، شەوی رابردوو دوای ئەوەی پۆلیس گومانی هەبوو لە ئۆتۆمبێلێك ویستیان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكەن، بەڵام شۆفێرەكەی رووبەڕووی پۆلیس بووەوە و تەقەی لە پۆلیس كرد.
(كاروان خۆشناو) ئاماژەیشی دا، پۆلیس هەوڵی دا كێشەكە لەناو شار دوور بخاتەوە بۆ ئەوەی مەترسی نەكەوێتە سەر گیانی هاووڵاتیان، بۆیە تۆمەتبارەكەی ناچار كرد بەرەو دەرەوەی شار رابكات، دوای ئەوەی لەناو شار دەرچوو، پۆلیس رووبەری بووەوە و دوای زیاتر لە كاتژمێرێك توانرا تۆمەتبارەكە قۆڵبەست و ئۆتۆمبێلەكەیش دەستی بەسەردا بگیرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەیشی خستە ڕوو، تۆمەتبار بە ناوی (ك. م. ش) تەمەنی (30) ساڵە، هەروەها پۆلیس توانی دەست بگرێ بەسەر (200) فیشەك و (3) دەمانچە و بڕێكی زۆر لە زێڕ لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری پسوولەی ساختەی زێڕینگری.
(خۆشناو) دەشڵێت لە كاتی پشكنینی ماڵی تۆمەتباردا، (2) ئامێری تەسجیلی مەرزییە دۆزرانەوە كە ئەمەیش گومانی پۆلیسی زیاتر كرد سەبارەت بە دزرانی ئۆتۆمبێلەكان.
بە گوتەی (ڕائید كاروان)، ئێستا دۆسیەی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە و پۆلیس بە وردی سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بە راستیی رووداوەكە.
داوایشی لە سەرجەم هاووڵاتیانی شاری هەولێر كرد كە هاوكاریی پۆلیس بكەن هەم لە رێگای ئاگاداربوونیان لە ئۆتۆمبێلەكانیان كە زۆر جار بە پێكراوی جێی دەهێڵن، هەم لە رێگای ئاگاداركردنەوەی پۆلیس لەسەر هەر زانیارییەك كە تایبەت بێ بەم بوارە.