(گۆران عەباس) وەڵامی (فایەق بێكەس) دەداتەوە.
29/01/2015 نوسەر: bzavpress

(گۆران عەباس) وەڵامی (فایەق بێكەس) دەداتەوە.


     حیجاب لە عیبادەتە هەرە بەرزەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە. وە لەفەرزە گەورەكانیەتی بۆ ئافرەت، چونكە خوای گەورە لە قورئاندا فەرمانی پێكردووەو نەهی پێچەوانەكەی كردووە، واتە نەپۆشینی حیجاب. حیكمەت لە باڵا پۆشی ئەوەیە:- كە ئافرەت جوانی خۆی بشارێتەوەو سەرنجی پیاوی بێگانەی پێ‌ ڕانەكێشێت ، بەڵام ئەگەر خۆی ڕازاندەوەو جوانی خۆی دەرخست ئەوا فرمانی خوای گەورەی جێ‌ بە جێ‌ نەكردووە و دڵی ناحەزانی ئیسلامیشی خۆش كردووە.
بێكەسی شاعیر لە یەكێك لە شیعرەكانی دا، ڕوو دەكاتە نەسرینی باڵا پۆش و دەڵێت :-
نەسرین دەمێكە داخت لەدڵمە
گیرۆدەی بەندی ژیانت زوڵمە 
هەستە تێكۆشە تا خوێنت گەرمە 
سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە 
     وەك لە شیعرەكەدا دەردەكەوێت. (فایەق بێكەس) داخ و خەم و خەفەتی خۆی دەردەبڕێ، بە سەرپۆشەكەی سەری نەسیرین و ئافرەتە باڵاپۆشەكان. لە دڵی دا گرێیەكەو  بە ئاشكرا ئەم هەستەی دەردەبڕێ و داوای فرێدانی سەرپۆشەكەی لێدەكات و پێی دەڵێت :- ((سەرپۆش فرێدە چ وادەی شەرمە))  بەهۆكاری دواكەوتنی دادەنێت. ئەوە تەنها خیتابە لەگەڵ نەسرین، ئەگینا مەبەستی لە تەواوی ئافرەتانەو سەرپۆش بەهۆكاری دواكەوتن بۆ ئافرەتان حیساب دەكات.  ئەوەش لە كاتێكدایە ساڵانە یەكەمەكان لە سەر ئاستی هەرێم و لە تاقیكردنەوەكانی 12 ئامادەیی و تەنانەت لە زانكۆكانیش بە شێكی زۆریان ئافرەتانی بالاپۆشن. هەردەم ئەوانە لە ریزی پێشەوەدان و مەردانەو ئازایانە سەنگەریان گرتووە و هەموو ئەو قسانە بە درۆ دەخەنەوەو سەلماندویانە حیجابیان زانست و مەعریفەو تاج و شكۆو حەیا و حورمەتە.
    باڵاپۆشی‌  كە لە ئیسلام دا فەرزكراوە، لەسەر ئافرەت. بە هیچ كلۆجێك مانای‌ ڕێگەگرتن ناگەیەنێت لە چوونە دەرەوەی‌ ئافرەت و مامەڵە كردنی‌ وەك مرۆڤێكی‌ ئاسایی،‌ لەگەڵ هەموو كایە و بوارەكانی ژیاندا. نابێتە بەربەست لە نێوان توانا زانستی‌ و مەعریفیەكانی‌ ئافرەت و كۆمەڵگادا و ڕێگرنیە لە خوێندن و تێكۆشان و خەباتی ئافرەت. بە پێچەوانەوە هاندەری سەركەوتن و سەرفرازی و ئاسودەیی دەرونیە. چەند سەربەرزە، چەند گەورەیە ئەو ئافرەتەی لە چلەی تەموزدا بەڕۆژیەو بە حیجابێكی شەرعی جوان داپۆشراوەو بەوەش دڵی ئارام ناگرێ عەبایەكی بەسەرخۆی داداوە. دەبێ كێ لەم ئافرەتە ئاسودەترو مورتاح تربێت ؟  دەبێ كێ هەبێت لەو ئافرەتە زیاتر هەست بە چێژی ئیمان و جێ بە جێكردنی فەرمانێكی خواو زیاتر شعور بەندایەتی بكات .
    ئافرەتی باڵاپۆش چقڵە بۆ چاوی نەیارانی ئیسلام و گرێیەكە لەسەردڵی ئەوانەی دژایەتی باڵاپۆشی ئافرەتان دەكەن. حیجاب تاجی ڕێزو شكۆ و عیزەت و قورسی و پاكی ومیهرەبانی و هەموو ڕەوشتێكی باشە. پێناسەی ئافرەتی موسڵمان و  تاجە لەسەر سەری ئافرەت ، تاجی بەندایەتی و گوێرایەڵی و ڕازیبوونە بە فرمانی خودای باڵادەستە ، وەك شاعیر دەڵێت : 
حیجاب تاجە بۆ سەری هەموو كەسێك ناشێ 
ئاڵای دەوڵەتی ڕەوشتە نەك‌ پارچە قوماشــێ 
    ئەوانەی توانج لە پۆشتەیی و باڵا پۆشی ئافرەت دەدەن و بەكویلایەتی و دواكەوتوی دەزانن ئەوا بۆخۆیان لەوپەری دواكەوتویی دان و چونكە ئەگەر ڕووتی بەپێشكەوتن و ژیارو شارستانیەت بزانن لەگەڵ ئەوپەری حورمەتمان ئەوا ئاژەل لەتەواوی ڕووتەكان شارستانیترو پێشكەوتوترە ، بەڵام ئەگەر كەسێك هەبێت و روتی خۆی بە ئازادی بزانێ ئەوا نابێ پۆشتەیی ئێمەش بە كۆیلایەتی و دواكەوتن بزانێ ئەگەر بڕوایان بەو بانگەیە هەبێت كەخۆیان ئیدیعای بۆ دەكەن ، چونكە ئەگەر ئەوان دەزانن ئێمە لە چ دڵنیایی و ئاسودەییەكی دەرونی داین ئەوا هەرگیز وابیر ناكەنەوە ، زۆریش ئاسانە تەنها یەك ڕۆژ تاقی بكەنەوە بە حیجابێكی شەرعی و جوان بڕۆنە شوێنی كاركردنتان و یا شوێنی دابینكردنی پێداویستیەكانتان كەگەڕانەوە ئەوجار بزانن هەست بە چی ئاسودەییەك دەكەن.
ئەوانەشی سورن لەسەر ئەوەی باڵاپۆشی كۆیلایەتی و دواكەوتوییە ئەوا بۆخۆیان باشترین كویلەی نەفس و هەواو ئارەزووی خۆیانن ، ئێمەش لە سەرزمانی گۆران عەباسی شاعیر وەڵامی فایەق بێكەسی شاعیرو تەواوی ئەوانە دەدەینەوە كە دژایەتی باڵاپۆشی دەكەن و پێیان دەڵێن :
نەسرین داخەكەت سەختە لەسەردل
هیوای ئەویشت وابردە ژیر گل
هەستای تیكوشای چون خوینت گەرمە
سەرپوشت عیلم مەعریفەو شەرمە
ڕوودەكەمە خوشكە باڵا پۆشەكانم و پێیان دەڵێم:- بەردەوام بن باحیجابەكانتنا لەگەڵ مۆدێل و سەردەم دانەبێت. هەوڵ بدەن و زیاتر خەمی ئەوەتان بێت چەندە شەرعەیەو مەرجەكانی شەرعی بوونی تێدایە، چونكە ئەوە وەڵامێكی فعلیە بۆ هەموو ئەوانەی دژایەتی حیجاب و ئافرەتی پۆشتە دەكەن ، حیجابی بەرمان چقلە بۆچاویان و گرێیە لەسەر دڵیان ،داخ و كەسەرە لە هەناویان.
ئەمرۆ لە هەموولایەكەوە لەهەوڵی ئەوەدان ئافرەت بەكاربهێنن و بەرگە شەرعیە ئیسلامیەكەی لێ‌ داماڵن و چۆنیان دەوێت وا ئافرەت پۆشتە بكەن ، زۆر حەیفە ئافرەت ببێتە دەستكەلای دەستی ناحەزان و دژایەتی ئیسلام و رەمزە ئایینیەكانی پێ‌ بكەن ، هەر ڕۆژەی بە مۆدێل و بەناوی پێشكەوتن و دەستوری توركی و ...هتد. هەمووی موئامەرەیە لە ئیسلام بۆ ڕوو دەكەمە خوشكانی بەرێزم پێیان دەڵێم با دوای هەواو هەوەس و ئارەوەكانی شەیتانی ئینس و جین نەكەوین و كەیدو فێلی ناحەزانی ئیسلام پوچەڵ بكەینەوە ، ئەگەر ئەوان ڕاست دەكەن ، ڕووتی و سەركۆتی پێشكەوتنە ئەی بۆ تەنها وێنەیەكی حەزرەتی مەریەمە بەسەری كۆتەوە نابیندرێت و پیشان نادرێت ؟ هەرچەندە ئەم ئافرەتە پاكە لە ئێمە زۆر لەپێشترە تا لەوان ئەوەتا  وەزیری ناوەخۆی ئیتاڵیا (جولیانو أماتو) ڕایگەیاند كە گونجاوو شیاو نییە دژایەتی لەگەڵ‌ حیجابدا بكەم و بەربەست بم لە بەرامبەر هەر ئافرەتێكی مسۆلمانی باڵاپۆش، ئەویش لەبەرهۆكارێكی ئاسایی، ئەویش كە ئەبینم مەریمەمی دایكی عیسا خۆی باڵاپۆش بوو، كەوابوو چۆن دەگونجێت كە بەسەبەب حیجاب و بالاپۆشی دژایەتی لەگەڵ‌ كەسێكدا بكەین؟!! 
ناكرێت دژایەتی لەگەڵ ئافرەتی مسوڵمان بكەین و ژیانی لێ تەسك بكەینەوە، لە كاتێك كە هەموو شانازی بە مەریەمەوە دەكەین، كەچی ئەویش وەك ئەو ئافرەتە مسوڵمانەی ئەمڕۆ سەرپۆش بەسەر بووە.