بەهەدەردانەکە لە کۆمپانیا حزبیەکاندایە،بۆچى خۆتانى لێ ئەشارنەوە؟
16/01/2015 نوسەر: bzavpress

بەهەدەردانەکە لە کۆمپانیا حزبیەکاندایە،بۆچى خۆتانى لێ ئەشارنەوە؟

بەچاوی خۆتان،بە بەڵگەوە،بینیتان بەرپرس و بازرگانە کوردەکان قاچاخچێتی و بازرگانی : نەوت و غازو هەنارو سەیارەیان لەگەڵ داعش کرد، (12) پێشانگای ئۆتۆمبیل لەکوردوستان دەستی لەقاچاخچێتی کردن لەگەڵ گەورەترین دوژمنی کوردو مرۆڤایەتیدا هەبووە .بە ووردی بایی (120) ملیار دینار قازانجیان بە داعش گەیاندووە .ئەمە لە ناوەندە نێو-دەوڵەتییەکانیش باسی لێوەکرا .کەسیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرا،بگرە هەندێ لەمانە تەنانەت بازرگانی بەسەر هاوڕێکانیشیانەوە ئەکەن،لەهەر پرسێکدا هەڵوێستی لەگەڵ وەرئەگرن،دوایی بە (2) ملیۆن دۆلار یان یەک دوو پۆست،هاوڕێکەیان ئەفرۆشن،ناوبەناو وەک ئێمە باسی چاکسازیی و کوردایەتی ئەکەن .قسەکانیان وەک جوامێریی و فەلسەفەی سیاسیی بڵاوئەکرێتەوەو ئەمانە .

پێش هاتنی داعش، بەدوو ساڵ لە چرکەساتێکی وەک کارەساتی شرناخ دا،(101) بازرگانی گەورەی کورد لەقومارخانە نێودەوڵەتییەکانی قوبرسدا،بە دۆڕاوی هاتنەوە کوردوستان (ڕۆژنامەی باس ی پارتی خۆیان بەمانشێت بڵاویان کردەوە) .

ئاژانسە بەناوبانگەکانی جیهان،دەستێکی باشیان لە ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسەکانی ڕۆژهەڵات دا هەیە،مەگەر ئاشکرا نەبوو،لە (BBC) یش بڵاونەبۆیەوە، کە بە (5) کەس لە کوردوستان (200) ملیار دۆلاریان هەیە .بیل گەیتس (Bill Gates) خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و یەکەم دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە،گەورەترین داهێنانی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، سەرمایەکەی نەگەشتۆتە (150) ملیار دۆلار !!. ئەگەر ئەم بەرپرسانە بە (5) یان خاوەنی (200) ملیار بن، بەدڵنیایی بە (2) نیشیان خاوەنی (80) ملیارن ..دوو دوو..سێ سێ ....ئیتر ئاوا ..

ڕۆژانە،ئەبینین،خەڵکی کوردوستان و کۆی سیستەمەکەش، بەبێ پشت بەستن بە هیچ تیۆرییەکی ئابوریی سیاسیی،بە بێ ئەوەی زۆرکەس هەر بشزانن ئامانج و ئەنجامی ڕەخنەکان چییە،باس لە شتی بچوک بچوکی وەک کڕینی وەنەوشەو،زیادکردنی ملیۆنێک دینار بۆ ڕاوێژکار و، زیادکردنی بودجەی ئۆپۆزسیۆنەکەی جاران بۆ چوارو پێنج و شەش هێندەی پێشوتریان ...زۆرباسی تر ..ئەمانە ستەمی گەورەن بەرانبەر بەداهات و ئیراداتی خەڵکی کوردوستان،پارەی زۆریشن و نادیدە ناگیرێت،بەڵام لەچاو بەهەدەردانە گەورەکاندا هەر قابیلی باسکردن نین .

بە هەدەردانەکە،لەکوردوستان لە کۆمپانیا حزبییەکاندایە، لەکۆمپانیاکانی نۆکان و عێراقییە ئۆیەڵ و سەردار و کەلکان و توژەڵە و لقەکانی تردایە .بەهەدەردانەکە لە کاری مافیایی تێپەڕیوە،بەتایبەت لەبواری کۆمپانیاو کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبون،کۆمپانیاکانی وەک: نالیاو بەڕێزو گوندەکانی ئەڵمانی و ئیتاڵی و ئینگلیزیی و ئیسپانی و...تادوایی، لە کۆمپانیاو مافیاکانی دەرماندایە، لە بازرگانی جگەرەدایە .لە موساتەحاتی زەویو زار و بیناو باڵەخانە گەورەکاندایە.

بۆنمونە: کەسێک،بە بانگهێشتنامەی تایبەت (دەعوە خاسە) هیچی نییە،نە مەرج و ڕێنمایی، نە خیتاب زەمان،نە حیسابێکی وا ئەخەوێنێت، پرۆژەیەکی گەورەی بەناوێکی بەهەشتییەوە پێ ئەدرێت،لەلایەن حزبەوە،ئەمیش هیچ ناکات،تەنها ئەچێت پرۆژە ئەفرۆشێت بە کۆمپانیایەکی خەلیجی یان تورکی،لەبەرانبەر ئەوەی (30%) ی قازانجەکەی بەربکەوێت، لەم بڕە (29%) بۆ حزبەو (1%) یشی بۆ کەسەکەیە ....ئیتر ئاوا هێناویانە. لەدروستکردنی ئوتێلە (5) ئەستێرەیەکانەوە،بۆ پارکە گەورەکان، بۆ شاری نێشتەجێبونەکان ،بۆ مۆڵ و بازاڕە گەورەکان .. بۆ پاڵاوگە ناقانونییەکانی نەوت ..تادوایی .بزوتنه وه ی گۆرانیش هێدی هێدی ده ستی داوەته ئه م كه سابه ته ڕەشه .له ئاینده یه كدا ڕوونتر ده ی بینن .

لێرە پرسیار ئەوەیە :

بۆچی یەک تاکە لایەن،نە دوێنێ و نە ئیمڕۆکە بەزەقی باسی ئەم شتانەیان نەکردووەو ناکەن،خۆیان لە قەرەی کۆمپانیاکانی حزب نادەن کارو ڕەفتاریان ئاشکرا ناکەن ؟. مەسەلەن یەک لایەنی ئیسلامی،یان بزوتنەوەیەکی ناوخۆشی وەک گۆڕان ،بۆچی قەد باسی ئەمانە ناکەن .؟.ئەوە پەرلەمان هیچ کە لەکوردوستان و عێراقدا مانایەک بۆ بونی نییە.ئەددی ئەوانی تر ؟.ئەوە حزبە ئیخوانییەکانی کوردوستان هیچ،کە وەزیفەیەکی ئاینی و پرەنسیپی باڵایان نەماوە،جگە لەمسەرو ئەوسەرکردن بۆ پۆست و پارە..ئەددی ئەوانی تر ؟.

لەبەرئەوەی خۆشیان،خۆیان ناوەتەوە تا بگەنە ئەم تیکە چەورەو،ملیارە دۆلار کۆبکەنەوە،لەبەرئەوەیە خەڵک لەم شتانەو ووردەکارییەکانی ئاگادارنەکەنەوە،تا سبەی یان ئیمڕۆ خەڵک چاودێرییان نەکات ..

ئینجا لەخوارەوە، کۆمەڵێک کەسی موراهیق و بێ ئاگاو گیرفان بەتاڵی نەگبەت (ڕێزم هەیە واقیعەکە وا ئەخوازێت ئەو ووشانە بەکاربێنم) سەرقاڵکراون بە ڕاگەیاندن و پەیج و جەلەحانی و سوکایەتی بێ ماناو، شتی کاتی و سواوەوە،تا ئەوه بکەن که خۆیان ئەیانەوێ ...

بزوتنەوەی گۆڕان بۆچی وەزارەتی دارایی و دەستەی وەبەرهێنانی وەرگرتووە،بۆئەوەی بودجە ڕێک بخات،ئیرادات کۆبکاتەوە، داهاتی گومرکەکانی برایم خەلیل و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران مان بۆ بخاتە سەر بودجەی گشتی ،مانا بدات بە ئیرادات و نەفەقات و واریدات .بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابوریی پتەو بکات،چ مەعقولە داوا ئەکەن لە باج ببەخشرێن بۆ ئۆتۆمبیلی پەرلەمان و قیستەکەی بە (500$) ە،کەچی تەلەفزیۆنەکەتان ڕیکلام بۆ شووققە ئەکات بە قیستی مانگانەی (1500$) !!!. فەرمانبەر ئەمەی لەکوێ بوو ؟؟. ئایا ئەکرێت شووققەو ڤیەللا کە (7) دەفتەرو (14) دەفتەری تێ ئەچێت، بدرێت بە (25) و بە (80-100) دەفتەر !! ..ئێمە لەڕابردوودا بەووردتر و تەحەدداوە ئەم بەڵگەو داتایانەمان خستۆتە ڕوو .

ئەوە ڕاستە،کە ئاستی ستانداردی وڵاتانی پێشکەوتوو (5-6%) فەرمانبەری حکومەتن و لە کەرتی گشتیدان،بەڵام لەکوردوستان ڕێژەکە نزیکی (50%) بۆتەوە .ئەگەر ئەم داهاتە بەیەکسانی دابەش بکرێت،(100%) یش فەرمانبەربن،هێشتا هەرتاکێکی کوردوستان مانگانە (50-60) هەزار دۆلار داهاتی ئەبێت ...ڕۆژێک زووتر کوردوستان بە موەئەسەسات بکرێت و،لەژێر دەستی ئەم هێزە هەلپەرست و خەڵەتێنەرانە،دەربهێنرێت،درەنگە .ڕۆژێک زووتر،ژێرخانی ئابوریی و سیاسیی و زانستی پێش بخرێت،لەسەر بنەمای ئاستەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی ،هێشتا درەنگە .

کۆمەڵگەی کوردیی ئەبێت بەخاوەن بکرێت،نابێت لێ بگەڕێین بۆ سیاسییە مێژوو چەوتەکانی کوردوستان، بۆ ئەوانەی زیرەکانە بەبەرنامەی جۆراوجۆر،بە باسی شتی هاکەزایی و ڕۆژانەوە ئەقڵی ئەم نەوەیەش داگیرئەکەن . بۆ هەموو ئەو هێزانەی کە ئێستاو ڕابردوویان خراپ کردووین،کەسێتی مرۆڤی کوردییان شکاندووە،جارێکی تر لەژێر ناوی سەیرو سەرنج ڕاکێش و کەناڵ و ئامرازەکانی تری سۆشیال میدیاوە،خەڵک فریو بدەنەوە .