داوا دەكرێت رۆژی 1/7 بكرێتە رۆژی قوتابی‌و خوێندكار لەسنوری پەروەردەی سەیدسادق
07/01/2015 نوسەر: bzavpress

داوا دەكرێت رۆژی 1/7 بكرێتە رۆژی قوتابی‌و خوێندكار لەسنوری پەروەردەی سەیدسادق


لەساڵیادی چنارو هێمن دا

بیست‌و سێ ساڵ بەر لەئەمڕۆ 1/7/ 1992 " چنارو هێمن" دوو پەپوولەی نێو كاروانی پەروەردەو زانست، لەڕێگەی چوونیان بۆ قوتابخانە، سەرماو سۆڵەو بەفر ڕەقی كردنەوەو بوونە پەیكەری شارێك، دیمەنی شەهیدبوون‌و گیانلەدەستدانی ئەو خووشك‌و برا قوتابییە، دیمەنێكە ڕەنگە هاو وێنەی نەك هەر لەكوردستان، بەڵكو لەتەواوی دونیاشدا دەگمەن بێت، شێوازو چۆنییەتی شەهیدبوون‌و گیانلەدەستدانی ئەوان مەرگەسات‌و تراژیدیایەكە كە گوزارشت لێكردنی تەواو مەحاڵە.
مەرگەسات‌و قوربانییەكان، سەرباری بە سنبوول بوونیان، گەورەییان بۆ میللەتانی زیندو لەوەدایە، كە دەكرێنە فاكتەری هەستانەوەو پێشكەوتن‌و بەرزكردنەوەی رۆحی میللی‌و گەشەپێدانی كاروان‌و ڕێبازەكەیان.
مایەی نیگەرانییەكی زۆرە كە تراژیدیای گیانلەدەستدانی " چنارو هێمن" نەك هەر نەكراوەتە هۆكاری هەستانەوەو فاكتەری گەشەپێدانی كاروانەكەیان، بەڵكو ساڵانە مەراسیمی شایستەشیان بۆ ئەنجام نادرێت، بۆیە ئێمە ڕێبوارانی كاروانەكەی " چنارو هێمن" لەبەڕێوەبەرێتی ئامادەیی "زەند"ی كوڕان، لەم یادەدا داوا لەبەڕێوەبەرێتی پەروەردەی قەزای سەیدسادق دەكەین:
1- رۆژی 7/1ی هەموو ساڵێك بكرێتە "ڕۆژی قوتابی‌و خوێندكار" لەسنووری پەروەردەی قەزای سەیدسادقداو ئەمڕۆژەش تایبەت بكرێت بۆ بەدواداچوون‌و قەیرانەكانی پرۆسەی خوێندن‌و گوێگرتن لەداواو خواستی قوتابیان‌و خوێنكاران.
2- بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی قەزای سەیدسادق بەفەرمی داوا لەسەرجەم قوتابخانەو دامودەزگا پەروەردەییەكانی سنوورەكەی بكات، كە گرنگی تایبەت بەم ڕۆژە بدەن‌و مەراسیمی شایستەی تێدا ئەنجام بدەن، لانی كەم بۆ ئاشناكردنی نەوەی نوێ‌و خوێندكاران بەم تراژیدیا دەگمەنەی شارەكەمان.
3- بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سەیدسادق لەمڕۆژدا، بەپێی پلانێكی تۆكمەو گونجاو، ساڵانە كۆنفرانسی تایبەتی ببەستێت بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی پەروەردەو زانست‌و ئەمەش بكرێتە نەریتێكی ساڵانە.

پاش ناردنی درودو سڵاو بۆ رۆحی پاكی هەردوو پەپوولەی ڕێگەی كاروانی پەروەدەو زانست " چنارو هێمن" دەخوازین ساڵانە، چیدی ئەم یادە بەفەرامۆشكراوی تێنەپەڕێت‌و بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سەیدسادق گرنگی تایبەت‌و شایستەی پێبدات.