باندێكی رفاندن و دزی لە هـەولێر دەستگیر كران.. دانیان بە ئەنجامدانی تاوانی گەورەدا ناوە
04/01/2015 نوسەر: bzavpress

باندێكی رفاندن و دزی لە هـەولێر دەستگیر كران.. دانیان بە ئەنجامدانی تاوانی گەورەدا ناوە


بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان باندێكی رفاندن و دزییان دەستگیر كردووە كە ئەندامانی ئەو باندە بە زەبری چەك پارەیان لە خەڵك ستاندووە و دانیان بە ئەنجامدانی تاوانی گەورەدا ناوە.

ڕائید (كاروان خۆشناو) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر باندێكی رفاندن و دزییان قۆڵبەست كردووە كە ئەندامانی باندەكە بە زەبری چەك پارەیان لە خەڵك ستاندووە و هاووڵاتیانیان ئازار داوە.
 
ڕائید (كاروان) گوتیشی، تەواوی ئەندامانی ئەو باندە كوردن و لەناو شاری هەولێر دەستگیر كراون، كە باندێكی گەورەن و لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دانیان بە ئەنجامدانی تاوانی گەورەدا ناوە كە لەنێویاندا رفاندن و دزیكردن هەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەشی دا، "لە ئێستادا نامانەوێت سەرجەم زانیارییەكانی ئەو باندە ئاشكرا بكەین، داوایش دەكەین كە هەر هاووڵاتییەك حاڵەتی لەو جۆرەی بەسەر هاتووە، بە زووترین كات پەیوەندی بە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان یاخود راگەیاندنی پۆلیسی هەولێرەوە بكات".

(خۆشناو) گوتیشی، "لە چەند رۆژی داهاتوودا دوای تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان سەرجەم زانیارییەكان و تاوانەكانی ئەو باندە بۆ هاووڵاتیان ئاشكرا دەكەین".