25/12/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەرکەوتن و ناوبانگ پەیدا کردن..
ڕاپۆرتێکی مێژووییە:
ئەم دوو دەستەواژەیە.. زۆرکەسی مل شکاندوە زۆریشی بەرز کردۆتەوە؛ هەر کەس ناوبانگ دەردەکات مەرج نیە بەدەستی خۆی بوبێت، بەڵام هەیە پلانی بۆ دادەرێژێت و خۆی کەسێکی قیادیە تابتوانێت ناو ناوبانگ دەربکات..
لە هەردوو حاڵەتەکەدا مرۆڤەکە گرنگە کەناوبانگ دەردەکات، دیسان لێرەوە دێینەوە سەر ئەوەی بڵێین: ئایا ناوبانگەکەی باشە یان خراپە؟.. بونمونە ناوبانگی ئەبو جەهل و فیرعەون ئەبولەهەب و جەنگیز خان و ریچارد و هیتلەر و مۆسلۆنی و ستالین و تا-دەگاتە معەمەر قەزافی و بەشار ئەسەد..هتد ..لەم ناوانە زۆرە لە ئاسمانی بودەڵی و گەندەڵی خوێنرێژیدا دەدرەوشێنەوە..
پێچەوانەکەشی خەڵکی باش و ناودار هەندێکیان خوای گەورە پلەو پایەی بەرزدەکاتەوە واتا مەبەستم بەوەیە کە بە هەواڵ یان بە وەحی دەگاتە لامان وەك پێغەمبەران- سەلامی خوایان لێبێت- و هاوەڵانیان و پیاوچاکان بە گشتی، هەندێکی تر بە ڕێگای ئەوانەوە ناوبانگ دەردەکەن شوێن پێی ئەوان هەڵدەگرنەوە..
پاشان دەشێت هەندێك بە ئازایەتی و جوامێری و چاونەنەترسی ناوبانگ بۆ خۆی ببچڕێت، هەندێکی دیکە بە زیرەکی و لێهاتووی و حیکمەتی.. هەندێکی تر لە توانای ئیدارەو کاری سیاسی و توانای ئەوەی هەیە کە کاریگەری لەسەر خەڵکی دابنێ... ئەشێت زۆر ڕێگای تریش هەبێت من ئاماژەم پێنەدا بێت..
هەندێك جار خەڵکی گەمژە سیاسیەکان یان دەوڵەمەندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەورەی دەکەن و کارەکانیانی پێ ئەنجام ئەدەن ، بەڵام- چونکە- دروستکراون زوو لەسەر شانۆکە نامێنن و لە ناو دەچن یاخود وون دەبن ، بە پێچەوانەشەوە کەسی خاوەن کەسایەتی بەهێزو قیادی ئەم ووتەییە لەگەڵیدا ناڕوات بە پارسەنگی خۆی دەتوانێت ئیحتیوا هەموولاکان بکات.
پەیامی باسەکە لێرەدا ئەوەیە :- ئەگەر ئەو کەسە خۆی قابیلی ئەو ناوبانگە نابێت بە دڵنیایەوە پێی ناگات.. هەندێك نمونە:
شێخ محمودی حەفید:
ئەوەندەی شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود هەوڵی داوە بۆ گەڕانەوەی خیلافەتی عوسمانی هیچ کەسێکی کورد ئەوەندە هەوڵی نەبووە دژی ئیتحادیەکان بوو، مەبەستم (ئیتحادی تورەقیە)، ئەوەندە دژایەتی کردن.. تاکو- نەفیان کرد بۆ موسڵ، لەشاری موسڵ ئیتحادیەکان، بۆ برایەکی شێخ مەحمود بەناوی شێخ ئەحمەد تۆمەتێك دروست دەکەن و کە گوایە پەلاماری ئافرەتی داوە و لە ناو شاری موسڵدا !، باوکی و واتا شێخ سەعید شێخ ئەحمەد دەکوژن کە ئەو روداوە هەمووی درۆ و دەلەسەی کەمالیستیە تورەقیەکان بووە، کاتێك شێخ محمود دەگرێتەوە بۆ کەرکوك لەبن دەستی ئیتحادیەکان رزگاری دەبێت و ئەو کارەساتە هاتوە بەسەر خانەوادەکەیاندا ، بنەماڵەی تاڵەبانیەکان بە تەکیەو شێخ و ماڵەکانیانەوە لە پشتی شێخ مەحمود دەوەستن و هاوکاری دەبنو رەمزێتی خۆشەویستی و شۆرشگێری بۆ شیخ محمود لێرەوە دروست دەبێت، ئینجا دەگرێتەوە شاری سلێمانی و پێشوازی مەلیکی لێدەکەن.. هیچ کەس لە بنەماڵەی تاڵیبانیەکان نەیانگوت ئێمە شێخ محمودمان پێگەیاندوە دروستمان کردوە، چونکە خۆی تواناو هێزی کەسایەتی خۆی بوو.
مەلا مستەفای بارزان:
کاتێك باسی مەلا مستەفای بارزانی دەکەین چۆن ناو ناوبانگی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دیارە و بوونی هەیە، خۆ ئەم پیاوە لە هیچ جێگایەکەوە دیار نەبوو، تەنها برا گەورەکەی و مامەی نەبێت کە دووکەسی سۆفی و خاوەن تەریقەتی نەقشبەندی بوون لە تەکیەی بارزانو بە درێژایی مێژووی ئەو بنەماڵەیە خەڵکێکی سۆفی و لەسەر تەریقەتی قادری بوون سەرەتا دوای گەرانەوەی مەولانا خالید نەقشبەندی ئەوانیش تەریقەتی نەقشی وەردەگرن و لەسەردەمی ئینگلیز شێخ عەبدول سەلامی بارزانی داوای ئیدارەی سەربەخۆ دەکات بۆ ناوچەی بارزان ، مەلیكی ئەو دەمەی عێراق هەموو مافێکی پێدەبەخشێت بۆ ناوچەی بارزان، ئیتر بارزانی لێرەوە ناوناوبانگ پەیدا دەکات و ڕازیی نیە بە ئیمارەتی بارزان ، بەڵکو بیرکردنەوە روشدی لەوان بەهێزترە داوایی کوردستان دەکات دەست بە خەبات دەکات بۆ ئەو ئامانجە، دێتە سلێمانی و لە ژێرئاڵاکەی شێخ مەحمودی حەفیدا جەنگاوە دوای ئەوەیش کە کۆماری مهاباد دادەمەزرێت خۆشی دەگەێنێتە بن رێکفی قازی، ئیتر رەمزێتی مەلا مستەفا خۆی دروستی کردوە نەك شێخ محمود و و قازی محمد، بەڵکو هەوڵە نەتەوەیەکە وای لێکردوە ببێتە مەلا مستەفای بارزان..
مەسعود بارزانی:
رەمزێتیەکەی لە باوکاییەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام خۆشی قابیلەیەتی هەبووە ، ئەم جۆرەیان لە ناوناوبانگ پەیدا کردنە زۆر گرنگ نیە، چونکە پشتاو پشت بۆی دەمێنێتەوە خۆی کاریگەری نەبووە لە دروستکردنی، بەڵام گرنگی لەوەدایە کە کەسەکە ئەو رەمزێتە لە ناونەبات و زیاتر پەرەی پێ بدات ، جا مەسعود بارزانی لەم جۆرەی تریانە، خۆی خاوەنی رەمزەکە نەبووە لە باوکیەوە بۆی ماوتەوە بەڵام خۆشی بەتوانا بووە توانیویەتی بیپارێزێت، بەهەر حاڵ من ناوم ناوە..لەو دوو جۆرە کە خۆیان دروست دەکەن ئەوانەم ناوناوە بە کوڕی دایکیان واتا خۆیان خۆیان دروستکردوە نەك دەستی کەسی تری تێدا بێت ،وەك باوك یان بنەماڵە، لەوانەی تریش هەیە کوڕی باوکێەتی ئەم ناوەش بۆ ئەوەم داناوە کە لەبنەماڵە یاخود لە باوکێ وە ناو ناوبانگی بۆ دروست دەبێت.
جەلال تاڵەبانی:
لەسەرەتایی دورست بوونی شۆرشی کوردی کە ئەو لە قاهیرە ئەودەمە قوتابی یاسا دەبێت، دەتوانێت وەك رەوەندی کوردی لەگەڵ هەندێك لە هاوکارەکانی وەك محمد شەیدا وکۆمەڵێکی دیکە لە کوردان لەوێ دەکەونە چالاکی وتاڵەبانی ئیسپاتی توانای خۆی دەکات ، پاشان هەر لە منداڵیەوە دروستکەری یەکێتی قوتابیان دەبێت کە بارزانیش سەرۆکی ئەو حیزبەیە هیچ ئاراستەیەك ناداتە تاڵەبانی.. بەڵکو- هەڵکەوتەی خۆی و توانای خۆیەتی، تا دەگاتە پلەی مەکتەبی سیاسی و لە هەمانکاتدا رەخنەی هەیە لە ئادایی کاری بارزانی دەتوانێت زۆرینەی قیاداتی شۆرشی کوردی لە خۆی کۆ بکاتەوە مەلا مستەفا بەتەنها بهێڵێتەوە پیاوانێکی وەك د. خالدو ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر دەبابەو .. تاد، لەگەڵی بکەونە کار کردن و ئەودەمە پێیان دەوترا باڵی مەکتەبی سیاسی و لەناو خەڵکیدا بە جەلالی ناسراوبوون، داواتریش دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە..
نەوشیروان موستەفا:
کەسێکی دوورە پەرێز لە رووداوەکان بە رووکەش و لەهەمانکتدا بوونی وجودی ژێر بە ژێری لە بینا کردن و ئاراستەی شۆرشی کوردی و لەسەردەمی جەلالیەکانەوە خاوەنی گۆڤاری ڕزگاری بووە لە سلێمانی کە زمانحاڵی جەلالیەکان بووە ، پاشان هەمیشە توانیویەتی سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و لە هیچ کەس لە سیاسیەکانی کورد نەچووە جیاواز بووە، کاتێکیش کراوە بە سکرتێری کۆمەڵە رازی نەبووە بە ناوەکەی لە کۆمەڵەی لینینی و مارکسی یەوە کردیە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، ئەزموونی لە سیاسەت و کاری ستراتیژی و و مێژوودا هێزی زۆریداوەتە کەسایەتیەکەی و تا لە کۆتایدا توانی ئەویش دامەزرێنەری گەورەترین بزوتنەوە بێت لە دوای یەکێتی و پارتی بەتەنها..
محمدی حاجی محمود:
کەسێکی ئازاو بە ئەزموون لە ژیاندا توانای راگرتنی پارسەنگی خۆی و نەیارەکانی و بە ئازایەتی و دەست و مەچەک و شۆرشگێری پاشان دڵسۆز بۆ نیشتیمان و خەڵکەکەی رەمزێتی دروست کردوە، حەزی بە ئازاردانی کەس نەبووە، مەگەر ئازاریان دابێت.. توانیویەتی ببێتە کەسایەتیەکی عێراقی و پاشان تارادەیەکیش جیهانی لە دێیەکی بچوکەوە کە گوڵەخانەیە کاریگەری خۆی لەسەر رووداوەکان تەنانەت حیزبەکان و دەوڵەتە زلهێزەکانیش داناوە، بێ ئەوەی هیچ کەس بەشدار بووبێت لە پێگەیاندی، خۆی توانای پێگەیاندنی خۆی هەبووە..
سەدان سەرکردەی تری شۆرشگێر عەلمانی هەیە کە من باسم نەکردون وەك ئۆچئالان، قاسملو ، شەرفکەندی، شێخ عیزەدین،عەبدولحکیم دەروێش،قادر عەزیز، هتد. ئەوانەی تەنها نمونەی بەرچاون کە هێناومەتەوە.
ئیسلامیەکان..
لەناو ئیسلامیەکاندا .. سەرکردەی زیرەك و خاوەن هەڵوێست و ئازاو جوامێری تێدا هەڵکەوتوە، بەڵام بە هۆکاری دووبەرەکی و شەڕە پاڵنانی حیزبایەتی و پۆست و مەقام نەیان توانیوە رەمزێت بۆ خۆیان دروست بکەن ، هەڵبەت لەچاو عەلمانیەکاندا باس دەکەم دەنا نمونەی باشیان هەیە.. هەندێك لە ئیسلامیەکان:
شێخ عوسمان عەبدول عزیز:
پیاوێکی دیندار و سەرکردەیەکی ئیمانی و رۆحی و پاك دوور لە هەموو حەزو ئارەزوویەکی دوونیایەی ، بەڵام دەوروبەرەکەی بە گوێرەی پێویست نەبوون لەگەڵیدا، نەیانتوانی بیکەنە رەمزی کوردایەتی و ئیسلامەتیش کە دەکرا وەك مەلا مستەفای بارزان هەنگاو بنێت، ئەم پیاوە رێزێکی زۆری هەبوو لەناوە و دەرەوەی ووڵاتدا ، ئەمیش بەهۆکاری تواناوی براو خانەوادەکەی پێگەیشت، بەڵام رەمزێتەکە لەمەوە سەرچاوەی گرتبوو، خەڵکی زیاتر مامۆستا مەلا عوسمانی دەناسی و روو دەکرایە ئەم پیاوە نورانیە بە ویقارە ..
شێخ عەلی عەبدول عزیزو شێخ سدیق کوڕانی ئەو بنەماڵەیە:
مامۆستا مەلاعەلی خۆی پیاوێکی ئازاو چاونەترس و جوامێر بوو، بەڵام رەمزێتەکەی هەر لە جەنابی شێخ عوسمان عەبدول عەزیزەوە بۆیان ماوەتەوە ئینجا ناوناوبانگی بنەماڵەکەی پێناسراو.. کوڕانی ئەوبنەماڵەیەش هەموو ئازاو چاونەترس بوون لە هەمووکاتێکدا لە پێشی پێشەوە بوون ، کە دۆست و دوژمنیان ئەو شاهیدیەی بۆداون، بەڵام وەك لەباسی مەسعود بارزانیدا ووتم ئەمانە هەموو کوڕی باوکیان و خۆیان کاریگەریەکی ئەوتۆیان نەبووە لە دروستکردنی رەمزێت، لە بنەماڵەکەیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
م.ئەحمەدی کاکە محمود:
لەناوچەی هەورامان ئازایەتی و خواناسی و پاشان نوسەرێکی بەتوانا لەناو مەلاکانی کوردستاندا توانیویەتی زۆرترین بەرهەمی نوسین خزمەت بە گەلەکەی بکات ئەمیش توانیویەتی خۆی رەمزێت بۆ خۆی دروست بکات، پیاوێکی ماندوو ئازاو بووە هەرگیز سڵی نەبوە لە دوژمانی ئیسلام و بە درێژایی تەمەنی دژایەتی بەعسی ئەفلەقی کردوە.
شێخ محمد بەرزنجی:
ئازایەتی و خۆیی و زیرەکی لە مەزهەبی ئیمامی شافعی و حەقبێژی توانیویەتی رەمزێتی بۆ دروست بکات و بیکاتە خاوەنی بیرو مەنهەج و دامەزرێنەری رەبیتەی چەکداری بووە لە شاخ و مەلا هاورێکانی هاوشانی خۆی بوون .. وەك م. سدیق سەرگەتی ، مامۆستا شیخ لەتیفی پێنجوێنی و زۆرێکی دیکە لە پیاو چاکان کە هاوشانی ئەم پیاوە بەرێزانە بوون خۆیان توانیوانە ببنە قیادی لە زەمینەکەدا.
زۆرێکی دیکە لەو مەلاو شێخە بەرێزانە کە دامەزرێنەری رابوونەکە بوون ، ئەمانە نمونەی بەرچاو بوون. ئێستا دێمە سەر داینەمۆی ڕابوونی ئیسلامی ئەوانەی خۆیان- خۆیان دروست کردوە:
م. سەڵاحەدین بەهائەدین.. کۆمەڵیك لە هاوڕێکانی:
م سەڵاحەدین پیاوێکی بێدەنگ و ئارام چەبوك لە کاری تەنزیم و ئیداریو مونەزیرێکی ئیخوان لە ناو گەلی کورد لەهاوشانی ئەم پیاوە .. م هادی عەلی و کۆمەڵیکی دیکە لە هاوڕیانیان لە لە شاری هەولێر و سلێمانی .. نمونەی م، حەسەن پێنجوێنی و سەید ئەحمەد م. محێدین گەڵاڵی ، بورهان ئەمینی زۆری دیکە کە خۆیان- خۆیان دروست کردوە ..
م. کرێکار:
یەکێك لە پیاوە ئازاکان و بیرمەندیی و زیرەكی و رەوان بێژی توانیویەتی رەمزێتی بۆ دروست بکات، سەرکردەیەکی فیکریە، دەتوانیت تەنزیر بکات، ئاگاداری ووردی رووداوەکانی جیهانە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە خاوەنی رێکخستنێکی بەهێزبێت، بەخت یاوەری نەبووە لە جێگایەکدا بمێنێتەوە، زیاتر دەربەدەری و زیندان جێگای بووە، بە چەبوکی و توانای خۆی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کەهەیەتی و خاوەنی جەماوەری تایبەتە،بە جورئەت بووە لە هەڵوێستیدا، ئەمانە وای کردوە کە کرێکار ببێتە رەمزێکی سەربەخۆ.
م. عەلی باپیر :
پیاوێکی حەقبێژە سڵی نەکردۆتەوە لەووتەی حەقی خۆی ، ئازا بووە ، نوسەرێکی باشی ئیسلامیی بووە هەمیشە لەشاخدا لەگەڵ هاوڕێکانی ماوەتەوە، لەمنداڵیەوە لە ناو ڕابوونی ئیسلامیدایە هەوڵی داوە لە رابوونەکەدا ووجودی هەبێت، لە دوای ئەوەی کە سەرکردایەتی بزوتنەوە بووە خۆی توانیویەتی حیزبێك بۆ خۆی جیابکاتەوە، ببێتە ئەمیری، هیچ کەس کاریگەری نەبووە لە پێگەیاندنی، توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستەی کە هەیە، ئێستا یەکێکە لە رەمزەکانی ئیسلامی لە کوردستان باشور.
زۆرێکی تر لەو بەرێزانەی کە ئێستا ووجودیان هەیە لە ناو گۆڕەپانەکەدا ئەمانەش نمونەی بەرچاو بوون لە داینەمۆکانی رابوون..نمونەی تر زۆرە وەك
وەك د.بازیانی، کاک دڵشاد گەرمیانی، کاک ئارام قادر،کاک دارا ، م.حەسەن شەمێرانی وکاک کامیل محمود، د موسەنا و م عەبدولەتیف ..و هتد.
بەڵام پێویستە لە هەردوولا ئەوە باش بزانن، کە خەڵکی تر هەیە پێگەیشتوون، و ئیتر ئەگەر ئێوە هاوکاریان نابن ، ڕێگریان مەبن واتا لە ناو عەلمانی و ئیسلامی کە خەڵکی تر ووردە ووردە پێدەگەن و جێگایان بۆ بکەنەوە و دژایەتیان مەکەن وامەزانن هەر خۆتان ووجودتان هەیە، تا ئێستا بە ئینسافەوە ئەوەی کە توانیویەتی خەڵکی نوێ بێنێتە پێشەوە گۆڕان بووە، ئەوەیشی لە ئیسلامیەکان نمونەی جوانی پێشکەش کردوە م. سەلاحەدین بەهادین بووە کە بە کورسیەکەیەوە نەنوساوە بە جێهیشت بۆ خەڵکی دیکە.
پەیامی من ئەوەیە مادام ئەمانە لە ناو ئەو زەمینەیەدا توانیویانە خۆیان دروست بکەن بە دڵنیاییەوە هەزارانی تر دەتوانێت و دەشێت وەك ئەمان بن و یاخود بەهێزتریش بن، کەواتە گۆڕانکاری بەردەوامە، چۆن زەمەن و شوێن لە بەرژەوەندی ئەو سەرکردانە دروست بووە، بەهەمان شێوە بۆ خەڵکی تریش دەرەخسێت.