پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی دزی و كوشتنی ڕاگەیاند.. ئەفسەرێكی سوپای عێراقیشیان تێدایە
25/12/2014 نوسەر: bzavpress

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی باندێكی دزی و كوشتنی ڕاگەیاند.. ئەفسەرێكی سوپای عێراقیشیان تێدایە


بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هەولێر دەڵێت، باندێكی دزی‌‌ و كوشتنیان دەستگیر كردووە كە لە چوار كەس پێك هاتوون، ئێستایش دووان لەو گرووپە دەستگیر كراون و دووانەكەی‌ دیكەیش پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە كردووە.

بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە هۆبەی ڕاگەیاندنی پۆلیس بەڕێوە چوو ڕایگەیاند، كەسێك كە پلەی‌ ملازمی‌ یەكی‌ لە سوپای‌ عێراقدا هەبووە، بە یارمەتیی‌ سێ‌ كەسی دیكە، پێنج تاوانی ئەنجام داون كە چواریان دزیكردن بوون لە هەولێر و تاوانێكی‌ كوشتنیشیان لە دهۆكدا ئەنجام داوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا، لیوا (عەبدولخالق) ئاماژەی دا، "ڕووداوەكان بەم شێوەیە بوون، لە ڕۆژی‌ (9-9-2013)-دا، تۆمەتباری‌ سەرەكی‌ لەگەڵ سێ‌ تۆمەتبارەكەی‌ دیكەدا هاتوونەتە هەولێر و چەند لاپتۆپ‌ و مۆبایلێكیان لە پێشانگەی‌ ئۆتۆمبێلدا بردووە، لە مانگی‌ شوباتی‌ ئەمساڵیشدا دزییان لە كۆمپانیایەك كردووە كە بڕێك پارە لەناو قاسەی‌ كۆمپانیاكەدا بووە".

دەشڵێت، تاوانی‌ سێیەم لە (5-10-2014)ـدا بووە كە دەكاتە دووەم ڕۆژی‌ جەژن و (20) ملیۆن دینار و (100) مسقاڵ زێریان لە ماڵێكدا دزیوە، دزیی چوارەمیشیان لە ئەوانی دیكە جیاواز بووە، چونكە لەگەڵ دزیكردندا بە چەكوش لە ژنی‌ ماڵەكەیشیان داوە.
بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هەولێر، پێوەست بەو تاوانەی‌ لە ئەو تۆمەتبارانە لە دهۆكدا ئەنجامیان داوە، ڕوونی كردەوە، تاوانباری‌ سەرەكی‌ بە هاوكاریی‌ سێ‌ تۆمەتبارەكەی‌ دیكە، لە بازاڕی گۆڕینەوەی‌ دراودا چاودێریی‌ كەسێكیان كردووە كە (4000) دۆلاریان لێ سەندووە و پاشان كوشتوویانە.

(عەبدولخالق تەڵعەت) گوتیشی، ئەفسەرەكە و تۆمەتبارێكیان لەو گرووپە چواركەسییە دەستگیر كردوون، دوو تۆمەتبارەكەی‌ دیكەیش چوونەتەوە مووسڵ‌ و پەیوەندییان بە ڕیزەكانی‌ داعشەوە كردووە.