پەرلەمانی كوردستان دۆخی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان تاووتوێكرد
24/12/2014 نوسەر: bzavpress

پەرلەمانی كوردستان دۆخی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان تاووتوێكرد


سەعات 10:30ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 23/12/2014 بە سەرۆكایەتیی د.یوسف محەمەد صادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ‌و ئامادەبوونی د.جەعفەر ئیبراهیم ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ‌و فەخرەدین قادر عارف سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (18)ی ئاسایی خولی گرێدانی ساڵی دووەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم  بریتی بوو لە بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆكردنی دۆخی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاو، بەپێی بڕگەی (1) لە مادەی (53) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی ئەو پڕۆژە بڕیار ‌و یاسایانە (پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2013، یاسای زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژە یاسای هەمواری  یەكەمی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2013، یاسای زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پڕۆژە یاسای دڵنیاییی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پڕۆژە یاسای بەخشینی پێشمەرگە ‌و هێزەكانی ناوخۆ ‌و ئاسایش لە پێشینەی هاوسەرگیری ‌و قەرزی خانووبەرە، پڕۆژە بڕیاری بەخشینی شەهیدان ‌و پێشمەرگە ‌و هێزەكانی ناوخۆ لە پێشینەی خانووبەرە ‌و هاوسەرگیری، پڕۆژە بڕیاری هێشتنەوەی تەنیا یەك مووچە بۆ ئەو كەسانەی زیاتر لە یەك مووچەیان هەیە، پڕۆژە بڕیاری پاراستنی سەروەریی كوردستان-عیراق) بەپێی مادەی (71) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر رەوشی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا، بەپێی خاڵی (2) لە بڕگەی (دووەم)ی مادەی (54) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی چوارەم ‌و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی ژمارە (10)ی ساڵی 2008، بەپێی مادەكانی (75،74،72) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.

بەر لە دەستكردن بە بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە پێشنیازێك سەبارەت بە رێكخستنی گفتوگۆكانی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژە بڕیار ‌و یاساكان ‌و هەر پرسێكی تر كە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت سەرەتا رای لیژنە پەیوەندیدارەكان وەردەگیرێت ‌و دواتر هەر ئەندامێكی پەرلەمان بۆی هەیە تەنیا بۆ ماوەی سێ خولەك راوبۆچوونی خۆی لەسەر بخاتە روو، ئەم پێشنیازەش بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسندكرا.