ئەمرۆ دووشەممە 22/12/2014لیژنەی دارایی و كارباری ئابوری و وەبەرهێنان لەسەر هەمواری یاسایی وەبەرهێنان كۆبوەوە.
دكتۆر عێزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان بە ماڵپەری پەرلەمانی كوردسانی راگەیاند: دوو پرۆژە یاسامان بەدەست گەیشتەوە سەبارەت بە هەمواری یاسای وەبەرهێنان ژمارە (4) ساڵی 2006، لە ئێستاشدا لیژنەی دارایی و كارباری ئابوری و وەبەرهێنان لە گفتوگۆكردندایە لەسەر هەردوو پرۆژە یاساكە.
لە كۆبوونەوەكە كە سەرجەم ئەندامانی لیژنەكە ئامادەبوون ماددە و برگەكانی هەردوو پرۆژە یاساكە گفتوگۆی لەسەر كرا و سود لە هەردوو پرۆژە یاساكە وەردەگیرێت بۆ ئامادە كردنی راپۆرت.
سەبارەت بە ئامانجی هەمواری یاسایی وەبەرهێنان سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان روندكردەوە: بەپێی پرۆژە یاساكە نەخشەی وەبەرهێنان لەلایەن ئەنجوومەنی وەبەرهێنان و دەستەی وەبەرهێنان لەسەرتاسەری كوردستان ئامادە دەكرێت، دواتر بەپێی ئەم نەخشەیە زەوی دەدرێت بە وەبەرهێنان، و لەڕووی نرخیشەوە %75 نرخی زەویەكە بە نزیكەی لە نرخی راستەقینە و %25 وەك هاندەر بۆ وەبەرهێن.
لەو دوو پرۆژە یاسایەی لەبەردەست لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری و وەبەرهێنانە دەبێت %75 فەرمانبەر و كرێكارەكان خۆماڵی بن.
هەروەها دەسەڵاتی زیاتر دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتیەكانی دەستەی وەبەرهێنان.
پێویستە بوترێت بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان هەر پرۆژە یاسایەك دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت سەرۆكی پەرلەمان ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانی دەكات و لیژنەكانیش دوای 15 رۆژ دەبێت راپۆرتی خۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە ئامادە بكەن.