23/12/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بەبۆنەی سەركەوتنەكان لیژنەی كاروباری پێشمەرگە سەردانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال و ناوچەكانی تر دەكات
سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 22/12/2014 لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بە سەرۆكایەتیی دلێر مستەفا جێگری سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و زۆربەی ئەندامانی، لە هۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، چەندین پرسی گرنگ تاوتوێكران، لەوانە ئامادەكاری بۆ سەردانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال و ناوچەكانی تر بەبۆنەی سەركەوتنەكان و رزگاركردنەوەی ئەو شوێنانە و گفتوگۆكردنی ئەو پڕۆژە بڕیار و یاسایانەی كە ئاراستەی لیژنەكە كرابوون بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرت لەبارەیانەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو سەردانەی وەفدی لیژنەكە و بەسەركردنەوەی ئەو 150 خانووەی كەسوكاری شەهیدان لە بالیسان كە رۆژی 16/12/2014 ئەنجامیاندا بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە لەو پڕۆژەیەدا هەیە و وەڵامی لیژنەكە لەوبارەیەوە.
هەروەها تاووتوێكردنی وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پرسیارەكانی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە سەبارەت بە هەوڵەكان و هەنگاوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 19ی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و باشتركردنی رەوش و گوزەرانیان و دابینكردنی پێداویستییەكانیان، كە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.