17/12/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
لیژنەی كۆمەڵی مەدەنی پڕۆژە بڕیاری سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی پەنابەران تاوتوێ دەكەن.
ئەمڕۆ 16/ 12 بەسەرۆكایەتی سالار مەحمود سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵی مەدەنی و بە ئامادەبونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامانی لیژنە پێشوازیان كرد لە ئارام جەمال سكرتێری فیدڕاسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقی و ئامانج عەبدوڵا بەرپرسی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی لە هەرێمی كوردستان و دوو لە ئەندامانی ڕێكخراوەكە و پاشان كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا .
ئارام جەمال سكرتێری فیدڕاسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراقی بە ماڵپەڕی پەرلەمان ووتی : ئەوان پڕۆژە بڕیارێكیان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی پەنابەرە دیپۆرتكراوەكان ئاراستەی لیژنەكەی پەرلەمان كرد ، داوامان كرد كە بۆ لە رێگەی جێبەجێ كردنی ئەو پڕۆژە بڕیارەوە كێشە و گرفتەكانی پەنابەران چارەسەر بكرێت بۆیە داوا لە پەرلەمان دەكەین پڕۆژەكە جێبەجێ بكات.
ووتیشی : ڕێكخراوەكەیان بۆ داكۆكیردن لە مافی ڕەوای پەنابەران لە ڕێگەی پەنا بردنە بەر ڕێكاری یاسایی و مەدەنی كاری كردوە ، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش ڕۆیشتن بۆ هەندەران و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوامە و لەبەرامبەریشدا ژمارەی دیپۆرتكراوەكان لەو ووڵاتانە ڕووی لە زیادبوون كردوە ، بۆیە ئەوانەی كە ڕۆیشتن پاشان دیپۆرتكراونەتەوە بۆ ووڵاتی خۆیان توشی كیشەی زۆر بوون ئەگەر بێت و چارەسەر نەكرێت ئەوا دوور نییە كارەساتی گەورەی بەدوادا بێت .
لای خۆشیەوە سالار مەحمود سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵی مەدەنی ڕایگەیاند : ئەو پڕۆژە بڕیارەیان لە ڕێكخراوی فیدڕاسیۆنی پەنا بەران وەرگرتوە ،بەڵێنیشمان پێدان كە لەگەڵ لیژنەكەیان گفتوگۆی جدی لەسەر بكەن ، پاشان رەزامەندی زۆرینەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی لەسەر وەرگرین ، دوای تاوتوێ و مناقەشە كردن لەسەر پڕۆژەكەش ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین بۆ كاری پێویست .