سەنتەری كۆنتڕۆڵ باری ئەمنیی هەولێر جڵەوگیر دەكات
10/12/2014 نوسەر: bzavpress

سەنتەری كۆنتڕۆڵ باری ئەمنیی هەولێر جڵەوگیر دەكات


بەرپرسانی ئەمنیی هەولێر ڕایدەگەیەنن، بەم زووانە پێنج هەزار كامێرای چاودێری لە زۆربەی شوێنەكانی هەولێر دادەنێن و باری ئەمنیی ئەو شارە جڵەوگیر دەكەن. دەشڵێن، سەنتەرێكی كۆنتڕۆڵیان داناوە كە بە وردی چاودێریی كامێراكان دەكەن و هەموو هەوڵێكی تێكدەرانە پووچەڵ دەكەنەوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) ڕایگەیاند، ماوەیەكە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی رێك كەوتووین كە 5 هەزار كامێرای چاودێری لە هەولێر دابنێین و ئێستایش بەشێك لە كامێراكان دانراون و سەرقاڵی دانانی كامێراكانی دیكەیشن لە شوێنە گشتییەكان و تەنانەت زۆربەی كوچە و كۆڵانەكانی پایتەخت.
لیوا (عەبدولخالق) ڕوونیشی كردەوە، (مەبەست لە دانانی ئەو كامێرایانە ئەوەیە، باری ئەمنیی هەولێر زیاتر جڵەوگیر بكەین و رێ لە كاری نائاسایی و نایاسایی بگرین".
هاوكات بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئاماژە دەدات، دانانی ئەو كامێرایانە ئامادەكاریی بۆ كراوە و بە هەماهەنگیی كۆمپانیایەكی بیانی رێكارەكان گیراونەتە بەر.
بەڕێوەبەری ئاساییشی هەولێر لیوا (تارق نووری) گوتی، "دانانی ئەو كامێرایانە بۆ ئەوەیە لەڕووی ئەمنییەوە زیاتر بەرچاوڕوون بین و دەستنیشانی ئەو كەسانە بكەین كە دەستیان لە تاوان و توندوتیژییەكاندا هەیە".
لیوا (تارق) روونیشی دەكاتەوە، "جگە لە دانانی ئەو 5 هەزار كامێرایە، هەزاران كامێرای دیكە لە لایەن شوێنە گشتییەكان، هۆتێل و ماركێتەكانەوە دانراون و كەرتی تایبەتیش لەم ڕووەوە زۆر هاوكارە".
گوتیشی، "كامێرای بازگەكانی هەرێمی كوردستان (فوول ئێچ دی)ـن و لە دووریی دوو كیلۆمەترەوە وێنەی مرۆڤ و تابلۆی ئۆتۆمبێل بە وردی دەناسنەوە و تۆماری دەكەن".