09/12/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
لیژنەی كاروباری پێشمەرگە پێشوازیی لە وەفدێكی رێكخراوی ئەمەك بۆ پرسی ئەنفال كرد
بە مەبەستی گفتوگۆكردن دەربارەی ئەو نووسراو و راپۆرت و داواكارییانەی كە ئاراستەی لیژنەكە كراون و بەدواداچوونی كاری ئەندامانی لیژنەكە لە سنوورەكانیان لەماوەی رابردوودا، سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 8/12/2014، لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بە سەرۆكایەتیی ئاری محەمەد هەرسین سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و زۆربەی ئەندامانی، لە هۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان كۆبۆوە.
لیژنەكە لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا بوون وەفدێكی رێكخراوی ئەمەك بۆ پرسی ئەنفال سەردانی لیژنەكەیان كرد و لە دیدارێكدا وەفدی میوان مەبەستی سەردانەكەیان بۆ لیژنەكە روونكردەوە كە ئەویش پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بوو بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، بۆئەوەی بتوانن وەك لیژنەی پەیوەندیدار بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئیمزای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان بۆ پڕۆژە یاساكە كۆبكەنەوە,
لەلایەن خۆیانەوە لیژنەكە وێڕای بەخێرهێنان و دەستخۆشیكردن لە رێكخراوەكە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاساكە، پشتیوانیی لیژنەكەیان بۆ دووپاتكردنەوە و پێیان راگەیاندن كە ئەوەی لە توانایاندا بێت و ئەوەی كە پێویست بێت بۆ خزمەتكردن بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان درێغیی لێ ناكەن.
پاشان كۆبوونەوەی لیژنەكە بەردەوام بوو و تیایدا چەندین پرسی گرنگ تاوتوێكران، لەوانە پێداچوونەوە و تاوتوێكردنی ئەو ئەو نووسراوە رەسمی و راپۆرت و داواكارییانەی كە لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە بە دەستیان گەیشتبوون، دوای تاووتوێكردنیان بڕیاری پێویستیان لە بارەوە درا.