گفتوگۆی دووانەیەک پێش لەدایک بوون
08/12/2014 نوسەر: bzavpress

گفتوگۆی دووانەیەک پێش لەدایک بوون



دیمێتری ئەڤیرینۆس

( دووانەیەک لە سکی دایکیانا بوو بەگفتوگۆیان:

ـ پێم بڵێ تۆ بڕوات بە ژیانی دوای لە دایک بوون هەیە؟
ـ بێ گومان، دەی دوای لە دایک بوون ژیان پەیدا دەبێ....لەوانەیە بوونی ئێمە لێرە ئامادەکارییەک بێت بۆ دوای لەدایک بوون.
ـ تۆ تێکچووی؟! دوای لە دایک بوون هیچ شتێک نیە! هیچ کەسێک لەوێوە نەهاتووەتەوە تا پێمان بڵێ چی بەسەرهات! پاشان وای دانێ ژیانێک هەیە، ئاخۆ دەبێ چۆن بێ؟
ـ بە دروستی نازانم، بەڵام پێم وایە لە هەموو لایەک ڕۆشنایی هەیە ... لەوانەیە لەوێ بە قاچەکانمان ڕێ بکەین، بە دەممان خواردن بخۆین.
ـ چەند گەمژەی! بەم دوو قاچە لاوازەوە چۆن ئەتوانین ڕێ بکەین! چۆن ئەتوانین بەم دەم و فڵقە خواردن بخۆین! ئەو ناوکە پەتکە نابینی؟ تۆزێ بیری لێبکەرەوە: ژیانی دوای لە دایکبوون زۆر ئەستەمە، چونکە ئەم پەتکە زۆر کورتە و بڕى دوورکەوتنەوەمان ناکا.
ـ ڕاستە، بەڵام من وادەزانم لەوێ شتێک هەیە، جیاواز لەم ژیانەی ناو مناڵدان.
ـ بە ڕاستی تۆ گەمژەی! لە دایک بوون کۆتایی ژیانە.... دوای ئەوە هەموو شتێک کۆتایی دێ.
ـ لەسەرەخۆ بە ..... نازانم بە تەواوەتی چی ڕوودەدا، بەڵام دایکمان یارمەتیمان دەدا.
ـ دایک؟! ئایا بروات بە دایکیش هەیە؟!
ـ بەڵێ.
ـ تۆ تەنها گەمژە نیت، تۆ شێتی! ئایا پێشتر دایکت لە هیچ کوێ بینیوە؟ ئایا هیچ کەس پێشتر چاوی پێکەوتووە؟
ـ نازانم، بەڵام لە هەموو لایەکەوە دەورەی داوین، ئێمە لە ناویدا دەژین، بێ گومان بوونی ئێمە چاکەی ئەوە.
ـ واز لەم قسه بێتامانە بێنە و سەرم مەیەشێنە، بڕوا بە دایک ناکەم تا بە چاوی خۆم نەیبینم!
ـ ناتوانی بیبنی، بەڵام ئەگەر بێدەنگ بی و گوێ ڕاگرى، ئەتوانی گوێ لە گۆرانییەکەی بگری، ئەتوانی هەست بە سۆز وخۆشەویستییەکەی بکەی، ئەگەر بێدەنگ بی و گوێت ڕاگرى، بێ گومان هەست بە بەزەییەکەی ئەکەی چۆن داگیریکردووین.

لێرەدا دەقەکەی دیمێتری ئەڤیرینۆس کە نوسەرێکی یۆنانییە تەواوبوو، لە بارەی ئەم نوسینەوە و وەکو تەواوکارییەک بۆ گفتوگۆکە نوسەرێکى تر ئەمەی بۆ زیادکردبوو:
ئەگەر واڕێککەوت یەکێک لەو دووانە پێش ئەوەکەیان هاتە دەرەوە و ئەوی ناوەوە لێی پرسی چیت لێهات؟ بێ گومان ئێژێ مردم! لەکاتێکدا ئەو چووە ناو ژیانێکی بەرینتر و فراوانتر و ڕوناکتر.