ئەمرۆ دووشەممە 1/12/2014 لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر بەسەرۆكایەتی فەرحان جەوهەر سەرۆكی لیژنەوە ئامادەبوونی جێگرو بریاردەرو سەرجەم ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەكە باس لەجێبەجێنەكردنی خاڵێكی یاسای ٍكاری رۆژنامەگەری ژمارە 35 ساڵی 2007 كرا، كە تایبەتە بە هەژماركردنی خزمەتی رۆژنامەگەری بۆ موچە و سەر مووچە، هەروەها بڕینی بودجەی فەرهەنگخانەكان، لەمبارەیەوە لیژنە بڕیاریدا بانگهێشتی وەزیری دارایی و كاروبارو ئابووری بكرێت بۆ كۆبوونەوەیەكی لیژنە.
دواتر باس لە پڕۆژە یاسای دەستنووس پارێزی كرا، ئەندامانی لیژنە رایان وابوو بەسود وەرگرتن لە پڕۆژە یاسای دۆكیۆمێنت پارێزی كە لە خولی سێهەمی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، پرۆژە یاسایەكی تایبەت بەم بوارە ئامادە بكرێت.
لەتەوەرێكی تری كۆبوونەوەی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر بریاریاندا كە داوا لەسەرۆیەكاتی پەرلەمان بكرێت پڕۆژە یاسای سرودی ئەی رەقیب كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمان.
كۆتا تەوەری كۆبوونەوەكەی لیژنە باسكردن بوو لەهەمواری یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35 ساڵی 2007 ، بۆ ئەمەش پێش دەستكردن بە هەمواری یاساكە بریارە لیژنە رۆشنبیری و راگەیاندن و هونەر بە هاوكاری ِئەكادیمای ئەڵمانی بۆ راگەیاندن و بەئامادەبوونی شارەزایانی ئەو بوارەو بەرێوەبەرانی دەزگا رۆژنامەوانیەكان سیمینار و گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاساكە ئەنجام بدات.