ئایا بە بەشداریکردن لەدەسەڵات، سیستەمی سیاسی دەگۆڕێت؟
26/11/2014 نوسەر: bzavpress

ئایا بە بەشداریکردن لەدەسەڵات، سیستەمی سیاسی دەگۆڕێت؟



بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە،پێویستمان بەڕوبەرێک لە تێگەیشتنە بۆ چەمک و فەلسەفەی (دەسەڵات ،سیستەمی سیاسی، گۆڕان ) .

یەکەم: دەسەڵات (power )
دەسەڵات لە چوارچێوەی سیاسیی و ئاینی و فەلسەفی و ئەکادیمی و سایکۆلۆجیا دا، پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە. بۆنمونە: دەروونناسی وای دەبینێت مرۆڤ ھەربۆخۆی کەسێتیەکی شەڕانگێزی ھەیە،وەکو لە ئەزمونی (میلیگرام) دا ھاتووە،کە حەز بەزاڵبون دەکات بەسەر ئەویتردا،چێژ لە دەسەڵات وەرئەگرێت . ھەمیشە لای (وەرگر) ووشەی دەسەڵات و ھێز،ھەست و گوژمێکی خراپەکاریی و ناچارکردنی تیا ھەیە .ئەگەر ئەرکی دەروونناسی ئەوەیە،لەڕەفتاری تاکەکان بکۆڵێتەوە،سیاسەتیش ھەر ئەمەیە .بەڵام بەکۆمەڵێ چەمک و باکگراوەندی قووڵەوە،ناوکی سیاسەت بریتی یە لەدووشت : (دەسەڵات) و ( ململانێ –ێراع-conflict)..ھەموو دیاردەکانی سروشت،ھەموو زانستەکان،لەململانێیەکی ھەست پێنەکراودان، لەڕووی پراکتیک و زمانیشەوە،(دەسەڵات و ھێز) ئەوەندە لێک نزیکن جیاناکرێنەوە،تەنانەت لەزمانی ئینگلیزیدا بۆ ھەردوکیان ووشەی (power) بەکاردێت .گەیشتن بە (ھێز) یانی گەیشتن بە (دەسەڵات).یانی گەیشتن بە (سیاسەت)..چۆن دەگەین بەھێز ؟.چۆن دەسەڵات وەردەگرین ؟.

بۆیەکەمیان،دەکرێت،تاکەکەسێک،دامەزراوەیەک،دەوڵەتێک،بە(٢) شێوە خۆی بەھێزبکات،یان خۆی خۆی بەھێز ئەکات،وەیاخود دەبێت لەگەڵ (بەھێز) ێکدا ڕێک بکەوێت. بەگشتی ڕێککەوتن لەگەڵ بەھێزێکدا،لەقوتابخانەی ڕیالیستی دا ،تەنھا یەک قازانجی ھەیە،ئەویش (دەتھێڵێتەوە)..واتا بۆ مەبەستی مانەوە دەوڵەت یان لایەنێکی لاواز لەگەڵ بەھێزێکدا ڕێک دەکەوێت،وەکو کوەیت و ئەردەن لەگەڵ ئەمریکا..ئەگەرچی ئەم جۆرە ڕێککەوتنە زیانەکانی زۆرترن،بەڵام مانەوەیەک مسۆگەردەکات. کەسێک نەشتەرگەرییەک دەکات،بۆچەندین شوێنی دیکەی باش نابێت،بەڵام ئەگەر نەشتەرگەرییەکە نەکات،دەمرێت..ئێمە لەمە زیاتر بڕۆین،دەچینە سەر دیدی تیۆرە کۆمەڵایەتییە کلاسیکی و ھاوچەرخەکان بۆ دەسەڵات و،دوورمان ئەخاتەوە لەئامانجی نوسینەکە .

دووەم : سیستەمی سیاسیی (political system) .

سیستەمی سیاسیی: سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە.کەتیایدا ڕۆڵەکان دابەشکراون،بۆپاراستنی ئاسایشی دەوڵەت و کۆمەڵ لە ناوخۆ و دەرەوەدا .لەبەرئەوەی شارستانیەتەکان و کلتورەکان لەسەردەمی جیھانگیریی و ئامرازەکانی مۆدێرنیتەدا بەریەک ئەکەون،وە پرسیار دێتە سەرکۆمەڵگە.ھاوکات پرسیاریش دێتە سەر دەوڵەت،کە ئیدی (دەوڵەت-نەتەوە) لەماناکانی چوارسەد ساڵی پێشووی دائەماڵرێت .کەوابێت بەپێی (زەمەن وزەمین) نەبێت، ناتوانین پێناسەیەکی جێگریش بۆ سیستەمی سیاسیی بکەین .وەکو ڕەفتار سیستەمی سیاسیی کۆمەڵێک مامەڵەی بەیاسایی کراوە، بۆتاکەکانی ناو کۆمەڵ ..وەک پەیکەرو دامەزراوەو ڕێکخستنیش،سیستەمی سیاسیی ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ (٣) دەسەڵاتی گەورە کەبەشداری لەدروستکردنی بڕیاردا ئەکەن .دەسەڵاتەکانی (جێبەجێکردن،یاسادانان ،داوەری )..

ئێمە ویستمان،بگەین بەوەی کە، سیستەمی سیاسیی ھەرگیز بریتی نییە لە حکومەت و یەک دوو حزبی دەسەڵاتدار..بەڵکو سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵگە دووشتی تەواو ڕاستەوانەن .ئەوەی لەناو ئەم کۆمەڵەدا بگوزەرێت بەشێکە لەسیستەمی سیاسیی وەکو }سێ دەسەڵاتە سەرەکیەکە،حزبەسیاسییەکان ،ئۆپۆزسیۆن (ئەگەر ھەبێت) ، میدیاکان بەھەموو ئامرازەکانیانەوە ،ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ،پیاوە ئاینییەکان )..ھەمموو ئەمانە لقێکن لەسیستەمی سیاسی ولەو چوارچێوەدان کە بڕیاربو بگۆڕرێت !. .چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی پێکەوە گرێدراویان ھەیە .لاوازی ھەریەکێکیان ،لاوازی سوڕی جوڵەیە لەناو سیستەمەکەدا،لاوازی ھەمووشیان مت بون و مەرگی سیستەمەکەیە .

سێھەم : فەلسەفەی گۆڕان .

کەسێک،کێشی (١٤٠ کگم) ە .لەماوەی (٩٠) ڕۆژدا،توانی کێشەکەی دابگرێت بۆ (٨٠ کگم) .ئەمە گۆڕانێکی ھەست پێکراوە لەکێش دا ؟.بەڵام چۆن ؟.یەکەم : بە بەرنامەیەکی دیاریکراو،ئەم گۆرانە ڕوویداوە. دووەم: بەگوێرەی لێکدانەوە تەندروستییەکان،کە ئایا ئەم گۆڕانە لەکێشدا،زیان بەھیچ ئەندامێکی جەستە ناگەیەنێت ؟.سەیرکە،لای مارکس تەواوی جەستەی کۆمەڵگە ئابورییە.ئابوریی دەتوانێت کۆمەڵ لەبارێکەوە بباتە بارێکی تر.بەڵام لای دۆرکھایم و ماکس وێبەر کۆمەڵگە وەک پەیکەری جەستەی ئەم مرۆڤە وایە،ھەموو ئەندامەکانی پێویستن،نەک بەتەنھا ئابوریی .ئازارێک لەبڕبڕەی پشتدا،لانی کەم دەبێتە ھۆی ئەوەی بەئاسانی ھەناسە نەدرێت،وەیارمەتی ڕێک ڕاوەستان نادات .بۆ کۆمەڵ و لقە جیاوازەکانی ناوسیستەمەکەش ھەروا ..

فەلسەفە،واتا حەزکردن بەدانایی،لەڕێگەی بیری قووڵ،گومان،پرسیار دروستکردن،ڕەخنەگرتن .کە بەپێچەوانەی ئاینەوە بەردەوام لەسێرچدایە،لەخاڵێکدا ناوەستێت..فەلسەفە لەیۆنانی کۆنەوە،ڕێگەیەکی دوورو درێژ،تەحەدایەکی زۆری کردووە،تا ئەمدواییە دەگاتە تیۆریی ڕەخنەگەرایی (نەزەریەی نەقدی) .تیایدا بەپێی (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) و لە"دیالێکتیکی ڕۆشنگەری" دا.ئێمە ھیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەست نەماوە،ئەوە نەبێت بەردەوام ڕەخنە بگرین،وە خۆمان ڕادەستی شتەکان و دیاردەکانی دەوروبەر نەکەین" .گۆڕانیش یانی لەحاڵەتێکەوە بازبدەین بۆ حاڵەتێکی تر .بۆنمونە: ئەمانەوێ لەسیستەمی سیاسییدا،گۆڕان بکەین،کەواتە دەبێت لەبنەڕەتدا سیستەمێک ھەبێت،تابیگۆڕین بە سیستەمێکی تر .ئێمە باس لەجۆرەکەی ناکەین کە کەس نازانێت چییە ،بەڵکو ئایا لەبنچینەدا ئەوەی لە کوردوستان ھەیە سیستەمە ؟.یان دوو حزبن و ھەندێ پارە لەبەغداوە دێت،بەناڕێکی دابەشی ئەکەن و ھیچی دی؟. بۆ ئەمە لەدیدی قانونی دەستوریی و قانونی سیاسییەوە، پێویستمان بەناسینی تایبەتمەندییەکانی سیستەمێکی سیاسییە :

یەکەم: سیستەمی سیاسیی خاوەنی باڵاترین دەسەڵاتە لەکۆمەڵدا،بەپێی دەستورو یاساو ڕێنمایی و بڕیارەکان ڕەنگ ڕێژ کراوە.. بەم پێیە کوردوستان دەستوری نییە !. ٢٢ ساڵە دوو حزبی سیاسیی دەستورێکیان نەنوسیوەتەوە !.دەستور خەڵک و کۆمەڵ دەکاتە خاوەن ماف و ئەرک،مەھامە نیشتمانییەکانیش پیشانی وڵاتانی جیھان ئەدا .

دووەم: سیستەمی سیاسیی ئەوەیە، کاریگەریی دروست بکات لەسەر کۆمەڵ و سیستەمە فەرعیەکانی دی،بۆ نمونە: لەسەر سیستەمی کارەبا،خوێندن،ئاسایش،ئاو،تەندرووستی،کرێ،باج ..بۆ دوایی .دواجاریش کۆنترۆڵی ئەم سیستەمە فەرعیانە دەکات ،ر ِیتمی پەیوەندیی و ڕایەڵەکانی نێوانیشیان دەست نیشان ئەکا .

سێھەم : سیستەمی سیاسیی ئەوەیە،کە ڕاستەوخۆ،کارلێک دەکات لەگەڵ سیستەمە ئابوریی و کۆمەڵایەتی و کلتورییەکاندا ....(ئا ئەمە ئەسڵی مەسەلەکەیە ..تا فەرھەنگ و کلتورو جۆری بیرکردنەوەکان نەگۆڕێن،چی دەگۆڕێت ؟.).

ڕەنگە گۆڕان،گۆڕانێکی نێوخۆیی کۆمەڵگە بێت،لەخاڵێکدا وەرچەرخانێکی گەورە دروست بکات، وەک شۆڕشی فەڕەنسی (١٧٨٩) .شۆڕشێکی پڕتوندوتیژیی و کوشتار،دوای زیاتر لە (٢٠) ساڵ. بنی نایەوەو بەروبومی شۆڕشەکە،مێژووی جیھانی کرد بە دوولەتەوە،پێش شۆڕش و پاش شۆڕش...ڕەنگیشە گۆڕان تەنھا بابەتێکی شکڵی بێت لەسیستەمەکەدا،وەکو شۆڕش/کودەتای (١٤ی تەمموزی ١٩٥٨) سیستەمەکە لە پاشایەتیەوە بوو بە کۆماریی،بەڵام ھەیکەلی ئیداریی و ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی ھەروەک خۆی مایەوەلەعێراقدا .بگرە پێشووتر لەھەندێک ڕووەوە باشتر بوو .ھەروەھا دەکرێت گۆڕان لەڕێگەی ھەندێ شتی پڕوپوچی وەک کاسێت و پارچە کاغەزی فڕێدراوەوە بێت،وەکو شۆڕشی ساڵی (١٩٧٩) لەئێران.دواجارئەمە بە پارچە کاغەزو کاسێتیەکیش ھەر لەناو ئەچێت .

چوارەم : بزوتنەوەی گۆڕان فیفتی بەفیفتی کرد بە ئەیتی بە توێنتی ؟.

وەک بەشێک لە (ی،ن،ک) لەساڵی (٢٠٠٩) چوار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و شەش ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە جیابونەوە،بەسەرکردایەتی نەوشیروان موستەفاو سەدان کادری دیکەی پێشوی یەکێتی،جاڕی بزوتنەوەی گۆڕان یان دا،بە (١٠) ملیۆن دۆلاری یەکێتی و (١٢٢) دۆنم زەوی موڵکی گشتی و بەکارھێنانی ئامێرەکانی پارێزگای سولەیمانی بۆ شوێن خۆ خۆشکردن،سود وەرگرتن لەچەندین کارگەو کارخانەی دی. توانیان بەخستنەگەڕی ماشێنێک لەمیدیای ھێرشکەر، ببنە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکانی کە ساڵانێک لەشەقامدا،چاوەڕێی چرکەساتی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی یان بوو،تا ڕقی پەنگخواردووی خۆیان لەدژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بڕێژن..ئەمجارە توانییان (٢٥) کورسی مسۆگەر بکەن .دوای ئەوەی ئەم ھێزە نەیتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە،کە ئەوان گروپێکی بێ ئایدۆلۆژیان،بێ بەرنامەی نەتەوەیین ،بێ دونیابینییەکی تەواون .ھەڵەو پەڵەکانی (١٧)ی شوباتیشی ھاتە سەر .!. (٦٣) ڕۆژ خۆپیشاندان ،بەرھەمەکەی تەنھا ئەوەبوو ھەندێ ڕۆشەنبیر و ڕۆژنامەوانی فەل و موزەیەف،چەند وێنەیەکیان گرت،ھاتوھاوارێک و دوایی پێی چوونە پەرلەمانەوە ؟.

پرسیارەکە ئەوەیە،بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش،لەساڵی (٢٠٠٩) بۆچی بەشداری حکومەتیان نەکرد،کە کورسیەکانیان ئەو کات زیاتریش بوو ؟.بۆچی بەیاننامەی (٧) خاڵیان بۆ ھەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان دەرکردو داوای حکومەتی تەکنۆکراتی بێلایەنیان کرد ؟ ئێستا دوای (٤) ساڵ کە ھەمان ڕێژەی کورسییان ھەیە،چییان گۆڕیووە،وا دەچنە ھەمان پەرلەمان وحکومەتەوە و دەیگۆڕن ؟. ئەبێت ئێمە حیسابی ڕەشەولاخمان بۆ کرابێت کە ئەم درۆ و کلاواتانەمان بۆ دەکەن ! ئەگەر پێشوتر قۆناغی (٥٠ بە ٥٠) بوو،ئێستا لەوەئەچێت ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان (٨٠ بە ٢٠) بێت ؟.چی ئەگۆڕن لەناو ئەم (٣) دەسەڵاتەدا .

گریمان من بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی پەرلەمانم،لەسەر لیستی پارتی ،ئەگەر ملکەچی فەرمانەکانی سەرۆکی پەرلەمان (لەپشکی گۆڕان) نەبم،چی ئەکا ؟.بەوەرگرتنی چەند وەزارەتێک کۆمەڵگەو ئابوریی و فەرھەنگ دەگۆڕێت ؟.زمانی ستانداردی کوردیی دروستە بێت ؟.ناوچەداگیرکراوەکان دێنەوە سەرکوردوستان ؟. مێژوویەکی ھاوبەشیی یەکگرتوو دروستە بێت ؟. تاک و کۆمەڵ تەوزیف ئەکرێت لەچوارچێوەی ئەم سیستەمەدا ؟.یان لەبنەڕەتدا ئەمە ھاتنەدی ڕاستیی قسەو ھاوارەکانی ئێمەیە،کەلە (١٧)ی شوبات جیابوینەوە،بەخەڵکمان ووت: لەئایندەدا ئەم داخوازییانەی خەڵک ئەفرۆشن بەدەسەلات..جنیۆ نەما،،شوێن نەما،بەرنامەی تەلەفزیۆنیمان نەما مونتاژی نەکەن،تا تیرۆری کەسێتیمان بکەن ..

پێنجەم : دەنگەکانی خەڵک

چوار ڕێگە ھەیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵات }یەک: میرات و بۆماوە لەباوکە بۆکوڕبۆ وەچەو براکان. دوو: دانان و دامەزراندن وەک دانانی سەرۆکێک ،سێ : ڕێگەی کودەتا یانی لەڕێگەی ھێزەوە لایەنێک لایەنێکی دی لائەبات،چوار : ھەڵبژاردن {.

ھەڵبژاردن،جیا لەوەی باشترین بژاردەو سیمایەکی گرنگی دیموکراسییەتە، بەگشتی لەزۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا،تەنھا بۆ فریودانی خەڵکە،شتێکە باس ئەکرێت،بەس نابینرێت .ترسی گەورە لە ھێزە ڕیفۆرمخوازەکانی ئەم ناوچەیە ئەوەیە،دواجار ھەر دەبنەوە بەوەی پێش خۆیان .بۆ سەلماندنی ئەمەش لەھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوین ،بێجگە لەئیسرائیل کە گۆڕانە ڕیشەییەکەی پێشوتر،لەفەرھەنگدا کردووە،ئەوسا دەستی بۆ ئامرازەکانی دیموکراسیی بردووە. باشترین وڵاتیان لەناوچەکەدا تورکیایە،ھەرچەندە پشتگیریی ئەمریکاو مووشەکی دوورھاوێژدەکڕێت و ئەندامی ناتۆیەو پێگەی ئابوریی وگەشتیاری گرنگی ھەیە،لەبەرئەوەی کێڵگە کلتوریی و ئایدۆلۆجیەکەی نایواتێ .بولغاریا و کرواتیا لەمدواییە دەبنە ئەندام لەیەکێتی ئەوروپا،کەچی تورکیا ھەرخەوی پێوە دەبینێت .!..

دیموکراسیەت، باشترین فۆڕمە کەمرۆڤایەتی پێی گەیشتووە،لەمسەر بۆ ئەوسەری دونیا لەسەری ڕێککەوتون،کەسێکی وەک خاتەمی لەئێران دەڵێت: ئەگەر خۆمان فریو نەدەین لەدیموکراسیی باشتر،شتێکی دیمان دەست ناکەوێ ". ھەڵەدەکەین ڕاستەوخۆ کۆی دیموکراسییەت ببەستین بە ھەڵبژاردنەوە،چونکە ئەگەر کێڵگەکانی دیموکراسیی لەڕێگەی سەنتەرکردنی ئەقڵ و پیشەسازیی کردن لە مێژوو لە کلتورەوە،دانەمەزرابن .درۆ دەکەین باسی دەنگی خەڵک بکەین،لەکاتێکدا نە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی سەربەخۆ ھەیە،نە دەزگای ئەمنی و داوەریی سەربەخۆ،نە ڕۆشنبیر و بیرکەرەوەی باش..ئەوەشی سەربار بێت کە بۆخۆی سیستەمی دیموکراسیی بێ عەیب و عار نییە،ئەگەر دیموکراسییەت ئەوەیە زۆرینەی خەڵک حوکم بکات،ئەمە قسەی قۆڕە،لەھیچ شوێنێکی دونیا زۆرینەی خەڵک حوکم ناکەن. بەڵکو ئامانجەکە ئەوەیە تۆ خاوەنی ملیۆنێک دۆلار بیت !.نەک باوەشێک بەھا و مۆراڵ .

شەشەم: گۆڕانێکی ڕیشەیی لەکۆمەڵی کوردیدا چۆن دەکرێت ؟

تاکی کوردیی،تائەم چرکەیە گیرۆدەیە،بەدەست دوو تەڵەزگەی گەورەوە،یەکەم: تێنەگەیشتن لەئەرک و مافەکانی خۆی، دووەم: گرفتە غەریزییەکانی،لەغەریزەی سێکسەوە بۆ ئەوانی تر .ئەم تاکە ڕق و حەز دەکاتە تای تەرازوویەک،لەچرکەساتەکانی یەکەم بینینی دا،ھەست بەوە دەکەین لەناوەوەیدا کۆمەڵێک غەریزەی کەبتکراو ھەیە،کۆمەڵگە ڕێی پێنەداوەو،ئەمیش لە ئەقڵی باتندا ھەڵیگرتووە.ھەربۆخۆی بەشی ھەرە زۆری خوێنەوارو قەڵەم بەدەستەکانی کورد ،بەشێکن لەو ماددە خاوە خێڵەکی و شارچێتیەی کەھەیە..توند دەستیان گرتووە بەو پەتانەی کە نایگۆڕێت .

لەبەرئەوە،یەکەم ھەنگاوی گۆڕانێکی ڕیشەیی لەوێوە دەست پێدەکات،کەجڵەوی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە،لەدەست ئەم جیلە نەخوێنەوارو میدیا ناکارە دەربھێنرێت ،ئەم جیلەی کەھەرکەسێک و سایت و گۆڤارێکی بۆدانراوە،خراپتریان لەوجیلە کردووە کەشەڕی ناوخۆی کردووە لەساڵانی ڕابردوو،خەڵک لێرە نابێتە ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر،تاکاری پیشەیی بکات،یان کۆمەڵگە بگۆڕێت،بەڵکو بۆ ڕیکلام و ڕاوە مامزو تالەپڕێکیشدا ببێت بەکاندیدی پەرلەمان یان مودیرعامێک !!.بۆ وێنەگرتن دێتە ناوئاپۆڕای خۆپیشاندانێکەوە ؟؟.

قۆناغی دووەم : ئامادەکردنی پرۆژەیەکی نیشتمانی –کلتوریی..کەتوانای فەرزکردنی ھەبێت،لەچوارچێوە کۆمەڵایەتیەکەدا .بەزانینی ئەوەی ،گۆڕانێکی ڕیشەیی بە بێ ئاگابوون لەوەی ئێستا لەم دونیایە چی دەگوزەرێت،لەم جوگرافیایەی دەوروبەرمان چەند دەستی چەپەڵ نان ئەخوات..حیساب بۆنەکردنی ،ھەنگاونانە لەخەودا .

سەرئەنجام :

یەکەم : لەڕێگەی بەشداریکردن لەدەسەڵاتەوە،سیستەمی سیاسیی ناگۆڕێت .ھیچ نمونەیەکیش لەمێژووی گۆڕانی سیستەمە سیاسییەکاندا، ئەوەمان پێ نیشان نادات .

دووەم : لەباشوری کوردوستان،ئەوە فێربوین ، کەلەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە،دیموکراسییەت نەک کامڵ نابێت،بەڵکو ئەتک ئەکرێت .لەڕێگەی تەزویرو پێکنەھێنانی حکومەت بۆ ساڵێک !.خروقاتەکانی بانگەشەو ...ھتد ..ئەمە وێڕای ئەوەی ئێران دەتوانێت لەعێراق و ھەرێمی کوردوستان ھێزی ژمارە ٣ بکات بە ژمارە ١،نیوەی شەو خەڵکی عێراق نوستون،ئەو دەستکاریی دەنگەکان و ئەنجامەکەشی ئەکا .!.کارگەشتۆتە ئەوەی کاندیدەکان بەدەنگی خەڵک،دەریش دەچن.حزبەکان و کۆمسیۆن دەستکاریی دەنگەکانیان بۆقازانجی کەس و خەڵکی تر دەکەن !.واتە ئەگەر کاندیدێک دەریش بچێت بەدەنگی خەڵک،لایەنەکە ئەتوانێت یەکێکی توڕەھات بخاتە شوێنەکەی !!.

سێھەم : بزوتنەوەی گۆڕان و دەرکەوتنی چەندین کەسی وەئاگا لەچوارچێوەیدا ،تەنھا کەفوکوڵێک بوو،ھەنگاوێک بۆ پیًشەوە، دوان بۆ دواوە .لەتێگەیشتنی خەڵک . شێوازی دەنگدانی خەڵک بەکاندیدەکان و کەسەکان،ئەمە باش دەرئەخات .کە سەقافەتی خەڵک نەجوڵاوە .کەسێک لەناو ئەم ھێزەدا (٢٥٠٠٠٠) دووسەدو پەنجا ھەزار دەنگی ھێناوە،لەدەرەوەی ئەم ھێزە ڕەنگە بتوانێت (٢٥٠٠) دووھەزارو پێنج سەد دەنگ مسۆگەر بکات ؟.ئەمە چییە.