07/08/2013 نوسەر: bzavpress

"ئەوانەی فرمێسكی تیمساحی دەڕێژن بۆڕۆژئاوای كوردستان بالەسەر ئەرزی واقع بەرگری لە گەلەكەمان بكەن"

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌ سه‌ر دۆخی سیاسی رۆژئاوای كوردستان  رایگه‌یاندوه‌: هه‌ندێك لایه‌ن " فرمێسكی تیمساح ده‌ڕێژن و له‌مه‌ڕ بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و به‌رگریكردن له‌ گه‌لی كورد له‌ ڕۆژئاوا موزایه‌ده‌ ده‌كه‌ن با بفەرموون ئەوە سنوورەكان كراوەیە و بچن لەسەر ئەرزی واقع بەرگری لە گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا بكەن".
وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاندوه‌:" ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژه‌ له‌ میدیاكان و لێدوانی ژماره‌یه‌ك سیاسیی موزایه‌ده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌بینرێت  و لێكدانه‌وه‌ی نادروست له‌باره‌ی ڕه‌وشی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان ده‌رخواردی هاووڵاتیان ده‌درێت.
وه‌ده‌شڵێت" بەر لە هەموو شتێك بە گشت لایەك دەڵێین با گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەین بە حەكەم كە بە فیعلی و بە كردەوە حكوومەت و ئیدارەی هەرێمی كوردستان چۆن و چییان بۆ ڕۆژئاوا كردووە و بە دڵنیاییەوە هەر بەمشێوەیەش لە هاوكاریكردنی میللەتی خۆمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوام دەبین.
چونكە یارمەتیدانی گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان بە ئەركێكی مرۆڤی و نەتەوەیی سەرشانمان دەزانین".
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ درێژه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات "به‌پێویستی ده‌زانین ئه‌وه‌ش بۆ خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی كوردستان روون بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی فرمێسكی تیمساحی ده‌ڕێژن و له‌مه‌ڕ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و به‌رگریكردن له‌ گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوا موزایه‌ده‌ ده‌كه‌ن، له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌ندێك له‌وانه‌ هه‌موو پێداویستیی ئه‌و به‌رگریكردنه‌یان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ با بفه‌رموون ئه‌وه‌ سنووره‌كان كراوه‌یه‌ و بچن له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع به‌رگری له‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژئاوا بكه‌ن ئه‌و كات بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ موزایه‌ده‌كانیان چه‌نده‌ یارییه‌كی بێبه‌های سیاسییه‌ و پڕیه‌تی له‌ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی".