ئەم توێژینەوەیەم لەسەر ئایدۆلۆژیی ئیسلامە..
لەسەردەمی فیودالیزمیدا رۆژئاوا سێ ئایدۆلۆژی بەرهەم هێنا ( ئیمپراتۆر
(پاشا)، کڵێسا(پاپا)، دەربەگ و بەگزادەکان(بۆرژوازی))، هەریەك لەمانە
ڕێبازێکی تایبەت بوون لە بیرو پەروەردەکردنی کۆمەڵگاو دامەزراوەی ئابوری
و...تاد، لەململانێی ئەو ئایدۆلۆژیانەی کە ئاماژەم پێدا لە نێوانی سێ
ئایدۆلۆژیای تر کە بەرهەمی سەردەمی رێنەسانە هەریەك لە (حیزبی ئیشتراکی و
کۆمونیست و مارکسیزم) ئەم شەش ئایدۆلۆژیاو ڕێبازە بەرانبەر یەك وەستان تا
توانیان بەرانبەرەکەیان بدەن بە زەویدا، واتا ئیمپراتۆر دژی حیزبی ئیشتراکی
و کڵێسا(پاپا) دژی کۆمونیست و دەربەگ و بەگزادەکان(بۆرژوازی) دژی
مارکسیزم..
ئەم هاوکێشیە کۆتایەکەی بەسەرکەوتنی(حیزبی ئیشتراکی و کۆمونیست و
مارکسیزم) هات، پاشان لە ململانێی نێوان هەرسێ سەرکەوتوەکەدا (٦٣) ملیۆن
خەڵکی لە رۆژئاوا کوژران لە جەنگی دژ بەیەكدا، رۆژئاوا ناچار حیزبی لیبراڵی
زیندوو کردەوە بە ئایدۆلۆژیای لیبراڵ و لیبراڵی دینی بۆ ڕاگرتنی
پارسەنگی، بەرانبەر بە هەردوکیان سەرمایەداری لیبراڵی ئازادو لیبراڵی
دەوڵەتی زیت کردەوە.. ئەوەی کە توانی لەبەرانبەر هەموویان بوەستێ
ئایدۆلۆژیایی ئیسلامە.. پیاوە سیاسی و سەربازیەکانی رۆژئاوا زۆر بە باشی
چاویان لەسەر موسڵمانان و ئیسلام داناوەو زۆری لێ دەترسن، بەدواداچونی
تەواو دەکەن، سەنتەری ستراتیژی و دەیان دەزگای گەورەیان بۆ ئەم مەبەستە
کردۆتەوە وە ئاگادارن و دەزانن کە چۆن ئیسلام بەزویی گەشە دەکات لە هەموو
کۆمەڵگاکاندا ..
لەدوای روخاندنی دەوڵەتی سوڤێت (بلۆکی شەرقی) ڕۆژئاوا بیری لەوە کردەوە کە
دوژمنێکی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت داهێنان بکات، ڕۆژئاوا بیرمەند، سیاسی و
نوخبەکانی خۆیان پەروەردە کردوە کە دەبێت دوژمنێکت هەبێت ئەوکات دەتوانیت
داهێنانی زیاتر بکەی، هەرچەندە مشتومڕێکی زۆر کەوتە نێوانیان لە سەدەی
پێشودا کە پێویستیان بە دوژمن نیە بەڵکو پێویستیان بە رکابەر (مونافەسە)
هەیە، بەڵام زۆرینەی رۆژئاوا لەسەر ئەوە رێکەوتن دەبێت دوژمنێکیان هەبێت
تابتوانن زیاتر بەرەو پێش بڕۆن ئەگەر دوژمنیشیان نەبێت خۆمان دەبێت دوژمنێک
دروست بکەین، کە پێیان وابوو باشترین دوژمن بۆ ئەوان ئیسلامە ئەگەر ئیسلام
بکەنە دوژمن زیاتر بەرژەوەندیەکانیان لە برەوداندا دەبێت.
ئەم بیرە بە تەواوەتی لە رۆژئاوادا چەسپا، تەنانەت لە ساڵی ١٩٩٣بۆ١٩٩٤
ئەمریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاند لە ڕێگای کەناڵەکانی خۆیەوە کە ئیسلام دوژمنی
شارستانیەتی ڕۆژئاوایە!
تەنانەت لەسەردەمی جۆرج بۆشی باوکدا ئەم ووتەیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ساڵی ١٩٩٣ ڕایگەیاند کە ئیسلام دوژمنی ئەمریکایە..
ئەلفرێز_ یەکێکە لە راوێژکارەکانی مارگرێت تاچەر زۆر بە ترسەوە ئاگاداری
ئەوروپاو و بەتایبەت بەریتانیا دەکاتەوە کە ئیسلام لە نمو و گەشەیەکی زۆر
ترسناکدایە بەرانبەر بە شارستانیەتی ڕۆژئاوادا..
لەهەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە بیرمەندانی رۆژئاوا وا لە سیاسیەکانیان
دەگەیەنن کە لەدوای ژیارو شارستانیەتیان هیچ شتێکی تر پێکنایەت کۆتایی
مێژووە، ئەم بیرە (فرانسیس فۆکۆیاما) وەك بیریارێك بۆ کۆشکی سپی دەنوسێت لە
گۆڤارێکدا لە ئەمریکا کە تایبەتە بە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە، لەوانەی تر کە
تێدا دەنوسێت (هانتنتۆنگ)ە کە بیرمەندێکی رۆژئاوایە پێی وایە ژیارەکان
بەیەکدا کێشانە و خاوەنی ئەو بیرەیە کە رۆژئاوا پێویستی بە دوژمن هەیە بۆ
ئەوەی زیاتر پێشکەوێت، ئەم دوو بیریارە بوون کە نامەیان دەنوسی بۆ کلینتۆن و
جۆرج بۆش کە سیاسەتی دوژمنکارانەیان فێر دەکردن و پێیان وابوو کە خۆیان
دامەزرێنەری ژیارن دەبێت هەموو شارستانیەتەکانی تر لە ناو بچن بۆ ئەوەی ئەم
ژیارە بۆ هەتاهەتایی بمێنێتەوە، چونکە شارسانیەتیەکانی تر مەترسیان هەیە
بۆ سەر ژیاری ڕۆژئاوا، ئەمان پێیان وا بوو دەبێت کۆمەڵێك لە خۆرهەڵات دروست
بکرێت بۆ ئەوەی دیوارێك بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا، بەواتای
ئەوەی خەڵکانی وەك حوسنی موبارەك و قەزافی دروست بکەن بۆ پاراستنی
بەرژەوەندیەکانیان.
لەم دوو بیریارە ترسناكتر کەسێك سەری هەڵدا بەناوی (جۆن کریستۆڤەر ووڤان)
کتێبێکی نوسی بەناوی (ئیمپراتۆریەت و بەربەرە نوێکان) بەزمانی فەرەنسی دوای
کرا بەعەرەبی و ئینگلیزی، کەباس لەوە دەکات بۆ مانەوەی خۆیان بۆ ئەوەی ئەم
ژیارەیان تێکنەچێت دەبێت هەموو ئەوانەی کە لە خوار هێڵی ئیستیواوەن لەناو
بچن، تەنانەت دەڵێت ئەگەر بۆتان کرا هەرچی جۆرە نەخۆشیەکە لەناویاندا بڵاوی
بکەنەوە بۆ ئەوەی سروشتی هەموویان تیابچێت، تەنانەت بانگەشەی بۆ ئەوە
کردوە لە کتێبەکەیدا دەڵێ نابێت بە هیچ شێوەیەك دەرمانیان پێ بفرۆشن بە
پارە، مەبەست لە کتێبەکەی ئیمپراتۆریەت بەواتای شارستانیەتی رۆما، بەربەرە
نوێکان واتا موسڵمانان!
جەنگی ئایدۆلۆژیا..
سەرەتای ئەم جەنگە بە ململانێی فیکر دەست پێدەکات تا دەگاتە ژیارو
شارستانیەت، پاشان دەسەڵات و سوپا و هێزو چەك.. ئەمە پێناسەی منە بۆ جەنگی
ئایدۆلۆژیا. لە ئەنجامی لێوردبوونەوەم گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە ئەم پێناسەیە
شیاوترین پێناسەیە بۆ ئەم جەنگە ئایدۆلۆژیایە (بە بۆچونی خۆم)..
فەیلەسوفی بەناوبانگی هیندی گلنەر دەڵیت: تاکە ئاینێك کە تا ئێستا بەرگەی
عەلمانیەتی گرتبێت ئیسلامە لەم ململانێدایە! (دیارە مەبەستی ئیسلامە وەك
ئاین، نەك وەك ئایدۆلۆژیا)..
کەواتە دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ ئیسلام ئاینە نەك ئایدۆلۆژیا.. چونکە پێناسەی ئایدۆلۆژیا زۆر جیاواز ترە لە ئاین..
ئایدۆلۆژیا: ووشەیەکی لاتینیە بریتیە لە بیرو لۆژیك، زانستێکی بەر پرسیارە
لەسەر تیۆرێك بۆ ئامانجێكی کردەیی و هەوڵێکە بۆ گەیشتن بە مەبەستێك، یاخود
پێناسەکردنی سیستەمێکی فیکری و فەلسەفیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ
دیارکردنی ڕێبازێك، کۆکردنەوەی لایەنگیرە سەبارەت بە بابەتی سیاسی و
کۆمەڵایەتیەکان، بەرەو ئامانجێکی روون..
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئیسلام ئاینە بۆ رۆژئاوا لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی دەترسێت؟
وەڵام: هەموو شۆڕشێك دوو دیوی هەیە پایەم و دەسەڵات؛ ئیسلام ڕاستە ئاینە
لای خوای گەورەوە هاتووە و کەسمان گومانمان لەوە نیە، بەڵام هەموو
پێغەمبەران لە ئادەمەوە تا خاتەم – سەلامی خوایان لێبێت- ژیانیان شۆڕش و
خەبات بووە پەیامیان ئیسلام بووە، بۆ خەباتیان ئایدۆلۆژیایان
بەکارهێناوە..
کەواتە ئایدۆلۆژیای ئیسلام چیە؟
سەرەتا بۆ ئەوەی سەلەفیەکانی دەق و مەدخەلی لەق لێمان نەكەن بە هۆسە
ووتمان ئیسلام دینە، بەڵام "بیروباوەڕ و بانگەواز و خەڵکەکەی دەبنە
ئایدۆلۆژیا".. هەموو ئەمانەی باسمان کرد لە دینەوە سەرچاوەیان گرتوە کە
ئاینی پیرۆزی ئیسلامە..
بیرو باوەڕەکانی تر لەسەر بنەمای فەلسەفە ئایدۆلۆژیا دروست دەکەن؛ ودەیکەنە
ڕێباز، چونکە فەلسەفە باڵا بەرزترە لە زانست.. بەو پێیەی زانست بۆخۆی
دیارەو کۆمەڵێك هاوکێشەو بیردۆز ئەنجامێکی زانستیت پێدەبخشێت، بەڵام
فەلسەفە گەڕانە بە دوای وونبوەکانی ژیان هەموو ئەو شتانەی کە زانست
نەیسەلماندوە وەڵامی نەداوەتەوە ئەو لە ناو خۆیدا جێگای بۆ کردۆتەوە. ئاین
لە هەموویان گەردن بەرزترە، چونکە وەڵامی فەلسەفەی داوەتەوە لەئەنجامی
ئاینەکان فەیلەسوف دروست بووە، ئەستێرەی ئیسلام لە ئاسماندا بە درەوشاوەی
ماوەتەوە و هەموویانی بە جیهێشت، وەڵامی هەموو پرسیارەکان بە شوێنکەوتوانی
ئەداتەوە، کۆتای جیهانی دیاری کردوە، داهاتوی مرۆڤی روونکردۆتەوە، ئیسلام
وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی داوتەوە کە باس لە بوون و گەردون و ژیان و
دەسەڵات و مرۆڤ دەکەن.
کەواتە رۆژئاوا لەوە دەترسێت ئەگەر ئیسلام بە ئایدۆلۆژیا رووبەڕویان
بێتەوە ئەوا ئەوان دەبێت بەرانبەرەکەیان کە ئیسلامە خەو لێبخەن، یان
سەرخۆشی بکەن، وەك بۆماوەی دوو سەدە دەڕوات ئەو کارەیان کردوە نەیان
توانیوە رووبەڕوی ئایدۆلۆژیاکەی ببنەوە..
ئایدۆلۆژیای ئیسلامی پێکهاتوە لە باڵەخانەیەكی سێ نهۆمی لە ناو هەر نهۆمێکدا چەند پایەیەکی تێدایە..
نهۆمی یەکەم: مەنهەج
نهۆمی دووەم: کۆمەڵسازی
نهۆمی سێیەم: بزاوت
یەکەم : مەنهەج چیە؟..
مەنهەج رۆحی ئایدۆلۆژیایە و بە مانای ئەو بەرنامە تۆکەمەیەیە کە پایەکانی
ئاینی ئیسلامی پێك هێناوە کە بریتیە لە قورئان و سوننەت واتا ( قورئان و
سیرەی پێغەمبەر(صلی للە علیە وسلم) لەگەڵ هاوەڵان)..
بۆ ئەوەی بنەمای ئایدۆلۆژیای ئیسلامی دامەزرێنیت پێویستت بە چەند پایەیەکە لەم مەنهەجەدا..
پایەی یەکەم: دیدی بیروباوەڕ؛ واتا بنەمای بیروباوەڕت لەسەر چی دادەمەزرێت،
سەلەف، موعتزیلە، ماتوریدی، ئەشعەری، مورجیئە..وەهەروەها دەبێت بیروباوەڕی
روونت هەبێت، کە سوپاس بۆ خوا ئێمەی ئەهلی سوننەت و جەماعەین.
پایەی دووەم: دیدی هزر و جیهانبینی؛ تێگەیشتنت بۆ گەرودن و مرۆڤ و دەسەڵات و ژیان..وەهەروەها واتا بۆچونی دیدو فیکری بۆ ئەم ژیانە.
پایەی سێیەم: بەرنامەی سیاسی و گوتاری سیاسی(پەیڕەو پرۆگرامی ناوخۆ)؛ بە
واتای پاراستنی مافی مرۆڤ و ژینگە و فرەدیدی و پرۆژەی ئابوری و ئیدارەی
سیاسی کە پێكهاتووە لە(خاك و خەڵك و دەسەڵات و سەربەخۆی).
پایەی چوارەم: مەنهەجی پەروەردە(قیەم)، ئەمە پێکهاتەی ڕەوشتە(سلوك)ە لە
بنەڕەتدا لەسەر سێ بنەما پێك دێت(پاڵفتەی دڵ و دەرون(تزکیەی نەفس)، ڕەفتارو
ڕەوشت، ئادابی ناو کۆمەڵگا و نەریتی ڕەسەن).
کۆمەڵسازی چیە؟..
کۆمەڵسازی لاشە و پەیکەری ئایدۆلۆژیایەو بەو مانایەی کە ئایدۆلۆژیاکە بە
گەڕدەخات لە تیۆریەوە دەیکاتە هێزێکی پراکتیکی و لە مەیداندا دەیجوڵێنێت..
کۆمەڵسازی ئیسلامی خاوەنی سێ پایەی تایبەتی خۆیەتی نە زیاد دەکات نەکەم، بێ یەکیش ناکرێن..
پایەی یەکەم: ڕەمز سەرکردە(قیادی) ڕێبەر یاخود کۆمەڵ.. ئەو کەسەی کە پیادەی
ئایدۆلۆژیەکە دەکات و بەرنامەو پلانی بۆ دەکێشێت ، دەست نیشانی تەوەرەکانی
دەکات و ئاراستەی نوخبە دەکات..
پایەی دووەم: نوخبەی هەڵبژێراو یاخود بژار کراو، ئەم کۆمەڵە بە جوانی و بە
چاکی لە بنەماکانی ئەم ئایدۆلۆژیایە یاخود رێبازە تێگەیشتون لە نێوانی
رێبەرو (قیادە) ڕێكخەری جەماوەرن، هەموو جەماوەرەکە پۆلین دەکەن و
پەروەردەیان دەکەن، توانا و ووزەکانیان بە گەڕ دەخەن و کەسایەتیەکان دەناسن
و لە جێگای شیاو بەکاریان دێنن..
پایەی سێیەم: جەماوەر، ئەو تواناو ووزەن کە دەبنە هەوێنی شۆڕش و دامەزراندنی سیستەم و دەسەڵات و ژیار و شارستانیەت..
بزاوت چیە؟..
بزاوت خۆراکی هەموو ئایدۆلۆژیایەکە تاکو کۆمەڵ پەرورەدە کات لەسەری بۆ
بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیاکەو ڕێکخستن و ئیدارەو چاودێری وپلاندانان لەسەری..
بزاوت خاوەنی دووپایەی سەرەکیە..
پایەی یەکەم: بانگەواز و هەڵوێست؛ بەواتای (بەلاغ و شاهیدی دان) هەڵوێستیش
بە واتای هەڵوێستمان لە ( فرەدیدی، مافی مرۆڤ.. گووتاری سیاسی بەرانبەر لە
هەموو ڕەهەندەکانی ژیاندا)..
پایەی دووەم: ستراتیژیەت و قۆناغکاری؛ بە مانای دەست نیشان کردنی ئامانج بە
گوێرەی قۆناغەکانی ئەو زەمینەیە کە ئامانجی دارول ئیسلامە کە پێکهاتەکەی
بنەمای سیستەم و دەسەڵاتی ئیسلامییە بریتی یە لە (حاکمیەت، دادگەری،
گوێڕایەڵی، شورا)..
ئەوەی کە ئاماژەم پێدا بریتی یە لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی..
شیکاریەکی کورت لەوەی رۆژئاوا و ئەوانەی هاوکاری ئەوانن لە عەلمانیەتی ووڵاتانی ئیسلامی بۆ لە ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی دەترسن..؟
ئیسلام وەك دین توانای رووبەڕووبونەوەی هەموو فەلسەفەکانی ئەوانی هەیە کە
بریتین لە (پراگماتیك، وجودی، میسالی، ماددی)، پاشان توانای رووبەروبونەوەی
ململانێی فیکری هەیە بەرانبەر بە چینایەتی ئابوری مارکس و قۆناغکاریەکەی
داروین و سێکسیەکەی فرۆید و شارستانیەتی هانتنتۆنگ..
ئیسلام ململانێی لەسەر کوفرو ئیمانە، کەواتە لە رووی شارستانیەت و مێژوو
فیکرو فەلسەفەو هەموو فەرهەنگەکانی تری ژیان ئیسلام خاوەنی دیدی تایبەتی
خۆیەتی، تاکە ئایدۆلۆژیایە کە بە درێژایی ١٤ سەدە توانیویەتی فەرمانڕەوای
بکات، تائێستاش رووبەڕووی هەمووی وەستاوە، ئیسلامە دەتوانێت کڵێساکانی
ئەوان لە ناو خاکی خۆیاندا بکڕێتەوەو بیانکاتە مزگەوت، ئیسلامە بۆ ئەوان
چۆتە مەیدان، بە هەموو تەکنەلۆژیای سەربازی خۆیان توانای بە مەسیحی کردنی
خەڵکیان نیە، تەنها بانگخوازێکی کورد لە سوید لە ماوەی چەند ساڵێكدا توانای
ئەوەی هەبوو ٣٠٠ سویدی موسڵمان بکات، بێجگە لەو هەموو بانگخوازانەی تر کە
لەووڵاتانی رۆژئاوادا بڵاون..
ئاشکرایە کە زۆربەی لاوانی ئەوروپا هیچ دینێکیان نیە زۆربەی لاوو خەڵکەکەی
مولحیدێکی تەواون، لەبەرانبەردا موسڵمانان لە وڵاتی خۆیان لە ئەوروپاش زۆر
پابەندن بە ئیسلامەوە، تەنانەت لێکۆڵینەوەیان کردوە لەسەر ئەو ئافرەتە باڵا
پۆشانەی کە لە ئەوروپا ژیان بەسەر دەبەن هیچ کات ئامادە نین واز لە
باڵاپۆشیەکەیان بێنن، ئەوروپا بۆ خۆی هەتاو تێیدا زۆر کەمە ئازادی تەواوەتی
دراوە بە ئافرەت، بەڵام ئافرەتانی موسڵمان وەك چەکی موجاهیدان زیاتر
پابەندن بە باڵاپۆشیەکەیانەوە، ئەمە بۆخۆی ترسێکی گەورەی لە شارستانیەتی
ڕۆژئاوا دروست کردوە تا ناچار بە فەرمانێکی زۆر دیکتاتۆریانە لەوڵاتی
فەرەنسای بە ناو ئازادی قەدەغەی سەرەتاترین مافی مرۆڤ دەکرێت کە پۆشینی
جلوبەرگە!
یاخود دەبینن کە ئەو هەموو کڵێسایانە لە ئەوروپادا دەکڕرێتەوە و دەکرێت بە
مزگەوت، ئەم دیاردەیە ئێستا لەبەرچاوی هەموو رۆژئاوایە کە بە سەدان کڵێسا
کڕاوە و کراوە بە مزگەوت، لەبەناوبانگترین کڵێساکان ( سقلیە لە ئیتالیا)
(ئۆرەبرو لە سوید) (نیۆرلینز لە ئەمەریکا)...هتد.
لە شارێکی وەك لەندەندا لە مزگەوتەکاندا سێ جار نوێژی هەینی تێدا دەکرێت
ئەوەندە مزگەوتەکان پڕن لە موسڵمانان کە ناچار کۆمەڵێك نوێژی هەینی دەکەن
کۆمەڵێکی ترچاوەڕێیان دەکات کە ئەوان تەواو بوون دەچن نوێژێکی هەینی
دادەبەستن، پاشان کۆمەڵێکی تر چاوەڕێی دووەم دەکات بۆ دواجار ئەوانیش نوێژی
خۆیان دەکەن لەزۆربەی زۆری شارەکاندا بانگ بە ئاشکرا وەك وڵاتی موسڵمانان
دەدرێت، لە ماوەی ساڵێکدا لە وڵاتێکی وەك بەریتانیا بە سەدان هەزار کەس
موسڵمان بوون واتا بەس لە ساڵی ٢٠١٠ سەدهەزار کەس موسڵمان بووە لە
بەریتانیادا.
لە ووڵاتێکی وەك ئیتالیادا لەساڵی ١٩٧٠دا تەنها دوو مزگەوتی تێدابووە ئەویش
لە ڕێگای فەڵەستینی و میسری و سوریەکانەوە ئەو دوومزگەوتە کراونەتەوە،
بەڵام ئێستا لەو وڵاتەدا (٧٠٠) مزگەوت هەیە، ئیتر رۆژئاوا چۆن لە ئیسلام
ناترسێت!
یاخود لە شارێکی وەك نیۆرلینز ئەمریکی ١٨ مزگەوتی تێدایە!
لە وڵاتێکی وەك نەرویج کەلەچاو خاکەکیدا کەمترین خەڵکی تێدا دەژی لە ئۆسلۆی
پایتەختەدا ٤٧ مزگەوتی تێدایە کە ئەم زانیارییە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستم کەوتوە
لەوانەیە ئێستا لەو شارەدا ژمارەی مزگەوتەکان زیادیان کردوە، لە کەم شاردا
دوو مەزگەوت و سێ مزگەوتی تێدا نەبێت.. هەروەها ئەم بارو ڕەوشە لە هەموو
ئەوروپادا دەبینرێت..
ئەمە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە گەورە پیاوان و بیرمەندان و سیاسیەکان و
سەربازیەکانی رۆژئاوا لە ئیسلام بترسن، بەترسناکی بیدەن بە گوێ خەڵکیدا.
رۆژنامەی سەندەی تەلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی مانگی فیبرایەری ٢٠١١ دا
دەڵێ لە ٥٪ دانیشتوانی هەموو ئەوروپا موسڵمانان پێکی دەهێنن، بەڵام لە ساڵی
٢٠٢٥دا پێکاتەی دانیشتوانی موسڵمان ئەگەر بەم رێژەیەی ئێستا زیاد بکەن
دەبنە٢٠٪.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە؛ ئەم ڕاپۆرتە دڵەڕاوکێیەکی زۆری دروست کردوە
لەناو حیزبی پارێزگاران و ڕاستڕەو و توند رەوەکان..لە وڵاتێکی وەك
فەڕەنسادا زیاد لە١٠ ملیۆن موسڵمانی تێدا دەژی کە ناویان تۆمارکراوە بێجگە
لەو موسڵمانانەی کە بە درێژای ٢٠ساڵە لەو وڵاتە دەژین و هیچ مافێکیان نیەو
قاچاغن کە ئەو چینە خۆیان ئەدەن لە ١ ملیۆن کەس!
وڵاتێکی وەك فەرەنسا توانیویەتی چەندین وڵات لە ئەفریقادا داگیر بکات
وەك(تونس، سیرالیۆن، نیجەر، جەزائیر، مغریب..هتد) ئەم وڵاتانە هەموو
دەتوانن بە فەرەنسی ئاخافتن بکەن، ئابوری ئەو وڵاتە باشە بە زووترین کات
دەکەونە سەر کارکردن، کە بەڕێژەیەکی زۆر دانیشتوانی فەڕەنسا بەرەو موسوڵمان
بوون دەڕۆن، هەموو دەزانن کە خوشەویسترین یاری کە تەماشەکەرێکی زۆری هەبێت
یاری (فوت باڵە) یاخود دوگۆڵی کە کاریگەری تەواوی هەیە لە رۆژئاوا
بەتایبەت هەموو جیهان بە گشتی ٦ یاریزانی ئەو وڵاتە موسڵمانن،
بەناوبانگترین یاریزانی ئێستا و ڕابوردووی ئەوروپا لە موسڵمانەکان
بوون(تێری هێنری و زەینەدین زێدان) لە ڕاپۆرتێکی ئەو وڵاتە خۆیدا دەڵێت: لە
ساڵی ٢٠٦٠دا رێژەی دانیشتوانی فەرەنسا لە ٥٠٪ زیاد دەکات کەواتە ئیتر وڵات
وڵاتی ئیسلامی دەبێت سەرۆك کۆمار دەبێت لە موسڵمانان بێت، ئەمە بۆتە
هۆکاری ئەوەی کە لەموسڵمانان بترسن، لەکوێدا ئەم رێژە زۆرە بەرچاو دەکەوێت،
لە وڵاتی ناپلیۆن، لە وڵاتی چەند جار سوپا رێکخەری خاچ دروشمان لە قوتی و
فرنجە، یاخود یەکەم وڵاتی عەلمانی، دیسان ناچارم دووبارەی بکەمەوە بەو
هۆکارەیە کە هەموو لاکان لە ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی دەترسن.