ته‌فسیری قورئان
  ٦٤: سورة التغابن

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
يُسَبِّحُ لِلَّهِ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ﴿1﴾
هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌کان و هه‌رچی له‌ زه‌ویدا هه‌یه‌ ته‌سبیحات و ستایشی خوا ده‌که‌ن، ده‌سه‌ڵاتیداریی و سوپاسگوزاری هه‌ر شایسته‌ی ئه‌و زاته‌یه‌، هه‌ر ئه‌ویش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌.
هُوَ الَّذِي خَلَقَكُمْ فَمِنكُمْ كَافِرٌ وَمِنكُم مُّؤْمِنٌ وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ ﴿2﴾
هه‌ر ئه‌وه‌ که‌ دروستی کردوون، هه‌تانه‌ کافره‌و هه‌تانه‌ ئیمانداره‌، خوایش بینایه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بِالْحَقِّ وَصَوَّرَكُمْ فَأَحْسَنَ صُوَرَكُمْ وَإِلَيْهِ الْمَصِيرُ ﴿3﴾
(ئه‌و خوایه‌) له‌سه‌ر بنچینه‌ی حه‌ق و ڕاستی ئاسمانه‌کان و زه‌وی دروستکردووه‌، وێنه‌ی ڕوخساری ئێوه‌ی کێشاوه‌ به‌ جوانترین شێوه‌، گه‌ڕانه‌وه‌و سه‌رئه‌نجامیش هه‌ر بۆلای ئه‌وه‌.
يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَيَعْلَمُ مَا تُسِرُّونَ وَمَا تُعْلِنُونَ وَاللَّهُ عَلِيمٌ بِذَاتِ الصُّدُورِ ﴿4﴾
هه‌رچی له‌ ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا هه‌یه‌و ده‌گوزه‌رێت، خوا ئاگاو زانایه‌ پێی، هه‌روه‌ها ده‌زانێ چی په‌نهان ده‌که‌ن و چی ئاشکرا ده‌که‌ن، به‌ڕاستی ئه‌و خوایه‌ زۆر زانایه‌ به‌ هه‌رچی له‌ پێچ و په‌نای سینه‌کاندا حه‌شار دراوه‌.
أَلَمْ يَأْتِكُمْ نَبَأُ الَّذِينَ كَفَرُوا مِن قَبْلُ فَذَاقُوا وَبَالَ أَمْرِهِمْ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ ﴿5﴾
ئایا هه‌واڵی ئه‌وانه‌ی پێشترو کافرو بێ بڕوابوون پێتان نه‌گه‌یشتووه‌ چۆن توشی ئه‌و به‌ڵایه‌ هاتن که‌ خۆیان بۆ خۆیان سازاندیان له‌ دنیادا، له‌ قیامه‌تیشدا سزای به‌ ئێش و ئازار بۆیان ئاماده‌یه‌.
ذَلِكَ بِأَنَّهُ كَانَت تَّأْتِيهِمْ رُسُلُهُم بِالْبَيِّنَاتِ فَقَالُوا أَبَشَرٌ يَهْدُونَنَا فَكَفَرُوا وَتَوَلَّوا وَّاسْتَغْنَى اللَّهُ وَاللَّهُ غَنِيٌّ حَمِيدٌ ﴿6﴾
ئه‌وه‌ش بۆیه‌ پێش هات چونکه‌ پێغه‌مبه‌ران به‌ جۆره‌ها به‌ڵگه‌و (معجزة) په‌یامی خواییان پێ ڕاگه‌یاندن که‌چی وتیان: ئه‌مانه‌ به‌شه‌رن وه‌کو ئێمه‌، (چۆن ده‌بنه‌ پێغه‌مبه‌رو چاوساغمان)؟، (به‌و بیانووه‌) ڕێبازی کوفریان هه‌ڵبژاردو کافر بوون و پشتیان هه‌ڵکرد، خوایش پێویستی (به‌ ئیمانی ئه‌وان) نیه‌ چونکه‌ خوا خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندو بێنیازه‌و شایسته‌ی سوپاسه‌.
زَعَمَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَن لَّن يُبْعَثُوا قُلْ بَلَى وَرَبِّي لَتُبْعَثُنَّ ثُمَّ لَتُنَبَّؤُنَّ بِمَا عَمِلْتُمْ وَذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ ﴿7﴾
ئه‌وانه‌ی کافرو بێ بڕوان وا گومان ده‌به‌ن که‌ هه‌رگیز زیندوو ناکرێنه‌وه‌، پێیان بڵێ: وا نیه‌، سوێند به‌ په‌روه‌ردگارم، به‌ڕاستی هه‌ر زیندوو ده‌کرێنه‌وه‌، پاشان ئاگادار ده‌کرێن له‌ هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ ئه‌نجامتان ده‌دا، ئه‌و کاره‌ش بۆ خوا زۆر ئاسان و ساده‌یه‌.
فَآمِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ وَالنُّورِ الَّذِي أَنزَلْنَا وَاللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ خَبِيرٌ ﴿8﴾
که‌واته‌ (تا زووه‌) باوه‌ڕ بێنن به‌ خواو به‌ پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی، وه‌ به‌و نوورو ڕۆشناییه‌ی که‌ ناردومانه‌ته‌ خواره‌وه‌، دڵنیاش بن که‌ خوا ئاگایه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
يَوْمَ يَجْمَعُكُمْ لِيَوْمِ الْجَمْعِ ذَلِكَ يَوْمُ التَّغَابُنِ وَمَن يُؤْمِن بِاللَّهِ وَيَعْمَلْ صَالِحًا يُكَفِّرْ عَنْهُ سَيِّئَاتِهِ وَيُدْخِلْهُ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ ﴿9﴾
ڕۆژێك دێت که‌ خوا هه‌موانتان کۆده‌کاته‌وه‌ له‌ ڕۆژی کۆکردنه‌وه‌دا، ئه‌و کاته‌ ڕۆژی زیانباری به‌دکارانه‌، جا ئه‌وه‌ی ئیمان و باوه‌ڕی به‌خوا هێنابێت و کرده‌وه‌ی چاکی ئه‌نجام دابێت، خوا چاوپۆشی ده‌کات له‌ گوناهو هه‌ڵه‌کانی، دیخاته‌ باخ و باخاتی به‌هه‌شته‌وه‌ که‌ جۆگه‌و ڕوبار به‌ ژێر ده‌ره‌خته‌کانیدا ده‌ڕوان، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژیانی نه‌بڕاوه‌دا بۆ هه‌میشه‌و هه‌تاهه‌تایی، بێگومان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رکه‌وتن  و سه‌رفرازیی گه‌وره‌و بێ سنور.
وَالَّذِينَ كَفَرُوا وَكَذَّبُوا بِآيَاتِنَا أُوْلَئِكَ أَصْحَابُ النَّارِ خَالِدِينَ فِيهَا وَبِئْسَ الْمَصِيرُ ﴿10﴾
ئه‌وانه‌ش که‌ بێ باوه‌ڕ بوون و ئایات و به‌ڵگه‌کانی ئێمه‌یان به‌ درۆ ده‌خسته‌وه‌، ئه‌وانه‌ نیشته‌جێی ناو دۆزه‌خن  و ژیانی نه‌بڕاوه‌ تیایدا ده‌به‌نه‌ سه‌ر، به‌ڕاستی سه‌رئه‌نجامێکی زۆر ناخۆش و ناله‌باره‌.
مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ إِلَّا بِإِذْنِ اللَّهِ وَمَن يُؤْمِن بِاللَّهِ يَهْدِ قَلْبَهُ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ ﴿11﴾
هه‌ر به‌ڵاو ناخۆشیه‌ك پێش بێت، بێ ویست و ڕه‌زامه‌ندی خوا نابێت، جا ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی دامه‌زراوی به‌ خوا هه‌بێت، دڵی داده‌مه‌زرێنێت، (هه‌ر بارودۆخێکی به‌سه‌ردا بێت به‌ به‌شی خوا ڕازیه‌و به‌ تاقی کردنه‌وه‌ی ده‌زانێت) و دڵئارامه‌، خوای گه‌وره‌ش به‌ هه‌موو شتێك زانایه‌.
وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ فَإِن تَوَلَّيْتُمْ فَإِنَّمَا عَلَى رَسُولِنَا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ ﴿12﴾
فه‌رمانبه‌رداریی خوا بکه‌ن و فه‌رمانبه‌رداری پێغه‌مبه‌ریش صلی الله‌ علیه‌ وسلم بکه‌ن، جا ئه‌گه‌ر پشت هه‌ڵکه‌ن و گوێڕایه‌ڵ نه‌بن (ئه‌وه‌ خۆتان زه‌ره‌ر ده‌که‌ن) ئه‌گینا ته‌نهای گه‌یاندنی ڕوون و ئاشکرای په‌یامه‌که‌ی، ئه‌رکی سه‌رشانی پێغه‌مبه‌ره‌که‌مانه‌.
اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ ﴿13﴾
(الله‌) خوایه‌که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نیه‌، ده‌با ئه‌وانه‌ی ئیماندارن هه‌ر پشت به‌و ببه‌ستن و داوای یارمه‌تی هه‌ر له‌و بکه‌ن.
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ مِنْ أَزْوَاجِكُمْ وَأَوْلَادِكُمْ عَدُوًّا لَّكُمْ فَاحْذَرُوهُمْ وَإِن تَعْفُوا وَتَصْفَحُوا وَتَغْفِرُوا فَإِنَّ اللَّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ ﴿14﴾
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌..(جاری وا هه‌یه‌) هاوسه‌رانتان یا ڕۆڵه‌و نه‌وه‌کانتان دژایه‌تی و دوژمنایه‌تیتان ده‌که‌ن.. ئێوه‌ وریا بن له‌ هه‌ڵس و که‌تاندا له‌گه‌ڵیانداو (خۆتان له‌شه‌ڕیان بپارێزن)، جا ئه‌گه‌ر لێیان خۆش ببن و چاوپۆشی بکه‌ن و لێبورده‌ بن، ئه‌وه‌ چاك بزانن که‌ خوا زۆر لێخۆشبووه‌و زۆریش میهره‌بانه‌.
إِنَّمَا أَمْوَالُكُمْ وَأَوْلَادُكُمْ فِتْنَةٌ وَاللَّهُ عِندَهُ أَجْرٌ عَظِيمٌ ﴿15﴾
دڵنیا بن که‌ ماڵ و سامان و ڕۆڵه‌ و نه‌وه‌کانتان بۆ تاقیکردنه‌وه‌تانن، (ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنن) خوای میهره‌بان پاداشتی زۆر زۆری لایه‌ (بۆ خۆگرو لێبورده‌کان).
فَاتَّقُوا اللَّهَ مَا اسْتَطَعْتُمْ وَاسْمَعُوا وَأَطِيعُوا وَأَنفِقُوا خَيْرًا لِّأَنفُسِكُمْ وَمَن يُوقَ شُحَّ نَفْسِهِ فَأُوْلَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ ﴿16﴾
هه‌تا ده‌توانن به‌ ته‌قواو خواناس بن، گوێڕایه‌ڵ و فه‌رمانبه‌رداربن، خێرو چاکه‌ بکه‌ن بۆ خۆتان جا ئه‌وه‌ی خۆی له‌ ڕه‌زیلیی و ڕژدی و نه‌فسی خۆی بپارێزێت، ئه‌وانه‌ سه‌رفه‌رازن.
إِن تُقْرِضُوا اللَّهَ قَرْضًا حَسَنًا يُضَاعِفْهُ لَكُمْ وَيَغْفِرْ لَكُمْ وَاللَّهُ شَكُورٌ حَلِيمٌ ﴿17﴾
ئه‌گه‌ر قه‌رز بده‌ن به‌ خوا، به‌شێوه‌یه‌کی چاك (مه‌به‌ست به‌خشینی ماڵ و سامانه‌ له‌به‌ر خوا) چه‌ند به‌رابه‌ری ده‌کات بۆتان، هه‌روه‌ها لێتان خۆش ده‌بێت، وه‌ خوا زۆر سوپاسگوزارو خۆڕاگره‌، (له‌سه‌ر به‌خشین که‌ هه‌ر به‌خششی خۆیه‌تی سوپاسگوزاره‌، وه‌ مۆڵه‌تی ره‌زیله‌کانیش ده‌دات تا کاتی خۆی).
عَالِمُ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ ﴿18﴾
وه‌ ئه‌و زاته‌ زانای شاراوه‌کان و ئاشکراکانه‌، وه‌ خوایه‌کی باڵاده‌ست و دانایه‌.
 
   زیاتر ...