کۆمەڵگە
  مێشک پێ بە پێی زانست و زانیاری هەنگاو بۆ گەورەبوون ئەنێت
ئاشتى په‌نهان

هەموو موجود و مەخلوقێک ئەگەر زیاد لە حەجمی خۆی پڕ ببێت لەو تایبەتمەندییەی هەیەتی ، توانای خۆ گرتن مانەوە لەدەست ئەدات ،بەجۆرێک یان ئەتەقێت یان کەلێنی تێ ئەبێت ، یان لە لێوارەکانییەوە ئەڕژێت ،نموونەی زۆر، هەن هەر لە مەخلوقاتەکانی خوا و ئەوانەشی دەستکردی مرۆڤن ، ئەبنە بەڵگە بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم قسەیە ، هەرچی دەستکردی مرۆڤە هەر لە مەنجەڵێکەوە , هەتا هارد و (CPU) ی کۆمپوتەر کە بە مێشکی مرۆڤ چوێندراوە ، ئەگەر زیاد لەو پانتایی و حەجم و سنوورەی بۆی دانراوە ، تێی بکرێت ، ئەوە ئەسوتێت و بوونی خۆی لەدەست ئەدات.. هەرچی دروستکراوی خواش هەیە ، بە نمونە ئەگەر گوێچکە ڕووبەڕوی دەنگێکی بەرز بێتەوە ،ئەبێتە هۆی دڕانی پەردەی ناوەوە و دواجار کەڕ ئەبێت ، چاو لەکاتی بەرکەوتنی تیشکی سەرو بنەوشەیی و تیشکەکانی لێزەر تا ماوەیەک توانای خۆ گرتنی هەیە ئەویش هێواش هێواش کز بون ڕوی تێ ئەکات ،یان دڵی مرۆڤ کاتێک دووچاری خەفەت ئەبێت و ئەتەنرێت پێی ،دەرهاویشتە و کاریگەرییە سەلبییەکانی لەسەر ڕوخسار خۆی نمایش ئەکات و ئەبێتە هۆی کزی و لاواز بوونی جەسەدی مرۆڤ ، بەهەمان شێوە ئەم گریمانەیە بۆ هەموو ئەندامەکانی تری وەک ( میزڵدانی مرۆڤ  ، هتد )  بکە ،هەمان ئەنجامی سەلبی و تیاچوون ئەدات بەدەستەوە ... تاکە مەخلوقێک کە باڵا و ئەستوری و قووەتی لەهەموویان زیاترە (مێشک)ە  ، مێشک تاکە مەخلوقە بە بەراورد بە دروستکراوەکانی تر سنووری نییە ،پڕ نابێت و وەرس نابێت هەتا تێی بکرێت، پانتاییەکەی فراوانتر ئەبێت .  

توێژینەوە زانستییەکان و لێکۆڵینەوەی زانایان ڕاستی مەسەلەکە زیاتر ئەسەلمێنن بە گوتەی ئەوان مێشک کۆنترۆڵی هەموو جەستە ئەکات واتە ئەرکی هەرە قورس و کاری هەرە زۆر لە ئەستۆی مێشکە ،، هەر لەبەر ئەوەشە کە زۆرترین بڕی وزە بەکاردەهێنێت و ئاڵۆزییەکەی بە شێوازێکە لە هەر چرکەیەکدا زیاتر لە 100,000 کارلێکی کێمیایی لەناویدا ڕوودەدات ، هەربۆیەش ڕۆژانە 70,000 بیرۆکە بەناویدا گوزەر دەکات نەبوونی هیچ هەستەوەرێکی ئازاریش کارئاسانییە بۆ ئەوەی ئەرکە ئاڵۆزەکانی بەجێبهێنێت ، چونکە مێشکی مرۆڤ 100,000 سەد هەزار میل (کۆی درێژی زیاتر لە 160,000کیلۆمەتر) بۆریچکەی خۆێنی تێدایە .... ئەگەر ئەندامەکانی تری جەستە بە ڕۆژ ماندوو ببن و کار بکەن بە شەو نوستون و ئیش و کاریان ئەوەستێت ، دیسان تاکە ئەندام کە لەکاتی خەویشدا بەخەبەرە و چالاکانە تر ئیشی خۆی ڕائەپەڕێنێت ، مێشکە ! ئەم زانیارییە وردانەی سەرەوە هەموو ئاماژەن بۆ گەورەیی و فراوانی مێشک ، ڕەنگە هێشتا بڵێن میشکیش وەکو ئەندامەکانی تر مەرج نییە توانای خۆ گرتنی هەبێت لە وەرگرتنی زانیاری ، چونکە هەموو ئەو زانیارییانەی تێی ئەچن هەندێکی لەبەر ئەکات و ئەولاکەی بیر ئەچێتەوە .. ڕاستە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بیری ئەچێتەوە ، خۆ لە پرۆسەکەی خۆی خاو نابێتەوە و بەردەوامە لە ئیش و فەرمانەکانی ، وەک چاو نییە دوای ماوەیەک کوێر ببێت ، یان وەک گوێچکە کەڕ ببێت ،، هتد،بەڵکو مێشک هەتاوەکو بە مامەڵەی دروست و بەو ئاراستەیەی گونجاوە بۆی ، زانیاری تێ بئاخنرێت ، زیاتر وەری ئەگرێت و لەکاتی پێویستیشدا ئەبێتە وەڵامگۆ بۆ هەموو داواکارییەکانت هەر بۆیە ،مرۆڤ کاتێک بەرەو پیربوون دەچێت ئەو کاتەی هەموو ئەندامەکانی پوکاونەتەوە ، دەبینین مێشکی لە قیممە و ترۆپکی گەشەکردن و گەورەبوندایە و زیاد لە هەموان ڕاو بۆچونی وەردەگیرێت بۆ  حەلی مەسەلەکان .. بۆیە ئەگەر یاسای ( گەورە و گەورەتر و گەورەترین ) پیادە بکەین ئەشێت مێشکی گەورە و گەورەتر و گەورەترین جیابکەینەوە لە یەکدی ، تۆش ئەگەر ئەتەوێ ببیتە خاوەنی یەکێک لەو جۆرە مێشکانە بە ڕێژەی ( زۆر ، زۆرتر ، زۆرترین) زانیاری ئاراستەی مێشکت بکە چونکە ئەو هەرچی تێ بکەی بەبێ سەربادان وەری ئەگرێت...
به‌روار: 19/08/2014
بینین: 1879