توێژینه‌وه‌
  بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی:هامنۆ هەورامی

بەشی نۆیەم و کۆتایی:
پاشکۆ/
خوێنەری ئازیز، وا گەیشتینە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوە پڕ سوود و پڕ زانیارییە، توانیمان زۆر لایەنی ئەم مێژووە شێوێندراوە بدۆزینەوە و ئەوەی کە هیچ مێژوونووسێك پێشتر ئاماژەیان پێنەدابوو سەبارەت بەم ڕەچەڵەکە لێرەدا ئاوڕی لیدرایەوە.
هەڵەی مێژوونووسە دێرینەکان ئەوەبووە نە وردبوونەوەیان لە ئایەتە پەیوەندیدارەکانی ئەو ڕووداوە کردووە، نە لە فەرموودەکانی، زۆرینەی ئەو چیرۆکانیشی گێڕاویانەتەوە دەربارەی وێنەی چیرۆکی بەر ئاگردان بووە بێ ئەوەی لە لایەنە نەرێنییەکانی نووسینەکانییان بکۆڵنەوە.
ئێستا با بزانین خوای پەروەردگار لەم بارەیەوە چیی پەیامێکمان پێ دەگەیەنێت؟!
پەروەردگار لە سورەتی الاحزاب ئایەتی ٢٦ دا دەفەرموێت:
{وَأَنزَلَ الَّذِينَ ظَاهَرُوهُم مِّنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِن صَيَاصِيهِمْ وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ فَرِيقًا تَقْتُلُونَ وَتَأْسِرُونَ فَرِيقًا}.
واتە: ئه‌وانه‌ی پشتگیری قوڕه‌یشیه‌کانیان کرد له‌خاوه‌نی کتێبه ‌ئاسمانیه‌کان، له‌جووه‌کانی (بەنە قوڕەیزە) خوای گه‌وره ‌له ‌قەڵاکانیان دایگرتن، ترس و بیمی فڕێدایه ‌دڵیان، تا وایان لێهات، ده‌سته‌یه‌کتان کوشتن و ده‌سته‌یه‌کیشتان به‌دیل گرتن. (تەفسیری ئاسان)
ئەم ئایەتە پیرۆزە پەیوەستە بە ڕوودانی ئەو خیانەتەی کە ئەو هۆزە بەرامبەر موسڵمانان کردییان، ئاماژەدانە بە سەرەنجام و کۆتایی ئەنجامەکە.
بڕگەی {فَرِيقًا تَقْتُلُونَ وَتَأْسِرُونَ فَرِيقًا} ئاماژەیە بە کوشتنی هەندێك لەگەڵ بەدیلگیرانی هەندێکی دیکە، وەك پێشتریش گووتوومانە دیل پەیوەستە بە کاتی شەڕەوە، پاشانیش خۆ ئافرەت و منداڵ بەشداریی شەڕ نەبوون هەتاوەکو ببنە دیل، بەڵکو ئەگەر بشگیرێن ئەوا دەبنە (سەبایا)، لە کاتێکدا قورئانی پیرۆز تەنها ئاماژەیی بە دیل کردووە نەوەك سەبایا کە ئەمە خۆی لە خۆیدا جێگەی پرسیار و تێڕامانە!

حوکمی دیلیش هەر خوای پەروەردگار دیاری کردووە کە لە سورەتی محمد ئایەتی ٤ دا دەفەرمووێت:


{فَإِذا لَقِيتُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا فَضَرْبَ الرِّقَابِ حَتَّى إِذَا أَثْخَنتُمُوهُمْ فَشُدُّوا الْوَثَاقَ فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ وَإِمَّا فِدَاء حَتَّى تَضَعَ الْحَرْبُ أَوْزَارَهَا ذَلِكَ وَلَوْ يَشَاءُ اللَّهُ لَانتَصَرَ مِنْهُمْ وَلَكِن لِّيَبْلُوَ بَعْضَكُم بِبَعْضٍ وَالَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَلَن يُضِلَّ أَعْمَالَهُمْ}
واتە: (ئه‌م فه‌رمانه‌ بۆ کاتی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگدا) کاتێ گه‌یشتن به‌وانه‌ی که‌ بێ باوه‌ڕن، بێنه‌ ده‌ست لێیان و له‌ گه‌ردنیان بده‌ن (ئه‌گینا ئه‌وان ئێوه‌ ده‌کوژن)، (هه‌رکاتێ یه‌خسیرتان کردن) ئه‌و کاته‌ په‌یمانی توندیان لێوه‌رگرن و، یه‌کێ له‌م دوو کاره‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن: یان به‌ پیاوه‌تیی و منه‌تان، یاخود (دیل به‌ دیل) ئازادیان بکه‌ن، تا شه‌ڕ ئاسه‌واری نامێنێت، خوا خۆی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت خۆی ده‌توانێت به‌سه‌ریاندا سه‌ربکه‌وێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت هه‌ندێکتان به‌ هه‌ندێکتان تاقیبکه‌نه‌وه‌، بێگومان ئه‌وانه‌ی له‌ پێناوی خوادا شه‌هید بوون، هه‌وڵ و کۆششیان به‌زایه‌ نادات. (تەفسیری ئاسان)


کەواتە دیل لە دوو حاڵەت بەدەرنییە:

یاخود بە مەردانە و بێ مەرج لەلایەن موسڵمانانەوە ئازادبکرێن.
لە بەرامبەر دیلی موسڵماناندا یاخود خواستێکی موسڵماناندا دەگۆڕدرێنەوە.
کەواتە ئیدی چۆن پەیامبەر بێ فەرمانی پەروەردگار دەکات و ئەو هەموو مرۆڤە بێتاوانە بەبێ هۆ لەناودەبات بە بێ بەزەیی.
ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ ئایەتەکەی پێشەوە، کە پەروەردگار {وَتَأْسِرُونَ فَرِيقًا}ـى لێرەدا بەکارهێناوە، لە باسی کوشتندا (مفعول به) پێشخستووە، بەڵام لە باسی دیلەکاندا (فعل) دەهێنێیت و پڕۆسەی بە دیلگرتنەکە پێشدەخات بەسەر (مفعول به)ـدا، وەك چۆن فەرموویەتی: فَرِيقًا تَقْتُلُونَ وَتَأْسِرُونَ فَرِيقًا.
ئەمەش لەبەر ئەوەی تاوەکو موسڵمانان ڕق و توڕەییان بەرامبەر گەورەیی خیانەتی ئەوان وەهایان لێ نەکات ئەم دوو حوکمە تێکەڵاوبکەن!
ئەوان لەو کاتەدا لەژێر دەستییاندا بوون کە (تَأْسِرُونَ)ـى تێدا هاتووە بە جۆرێك ئاگادارکردنەوە بووە بۆیان هەتاوەکو سەرپێچی حوکمی خوایی نەکەن بەهۆی ئەو ڕقەیی لە ئەنجامی تاوانەکەیی ئەوانەوە هاتبووە کایەوە.
تەنانەت پەروەردگار پەیامبەر و موسڵمانان ئاگاداردەکاتەوە کە سەرەڕایی پیلانگێڕیی و خراپەی یەهودییەکان پێویستە لێبوردەیی بنوێنێت بەرامبەرییان:

{ فَبِمَا نَقْضِهِم مِّيثَاقَهُمْ لَعَنَّاهُمْ وَجَعَلْنَا قُلُوبَهُمْ قَاسِيَةً ۖ يُحَرِّفُونَ الْكَلِمَ عَن مَّوَاضِعِهِ ۙ وَنَسُوا حَظًّا مِّمَّا ذُكِّرُوا بِهِ ۚ وَلَا تَزَالُ تَطَّلِعُ عَلَىٰ خَائِنَةٍ مِّنْهُمْ إِلَّا قَلِيلًا مِّنْهُمْ ۖ فَاعْفُ عَنْهُمْ وَاصْفَحْ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ} (سورة المائدة: ۱۳)

واتە: به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ که‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌رده‌وام په‌یمان و به‌ڵێنه‌کانیان ده‌شکاند، نه‌فره‌تمان لێکردن و دڵه‌کانیانمان ڕه‌ق و سه‌خت کرد (چونکه‌ یه‌کێك له‌ سیفه‌تیان ئه‌وه‌یه‌ که‌:) قسه‌ له‌جێی خۆیدا ناکه‌ن و جێی ده‌گۆڕن (به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستکاریی ته‌وراتیشیان کردووه‌) هه‌روه‌ها گه‌لێك له‌و شتانه‌ی که‌ یادەوه‌ری بوو بۆیان فه‌رامۆشیان کردو به‌رده‌وام ده‌بینی و بۆت ده‌رده‌که‌وێت که‌ زۆربه‌یان خیانه‌تکارو دوژمنکارن مه‌گه‌ر که‌مێکیان نه‌بێت، (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌یناکا) هه‌ر لێیان خۆش ببه ‌و چاوپۆشیان لێ بکه‌ چونکه‌ به‌ڕاستی خوا چاکه‌کارانی خۆش ده‌وێت. (تەفسیری ئاسان).

کەواتە گەر کەسێك لە موسڵمانان تۆمەتی لەناوبردنیی تەواویی ئەو هۆزە بداتە پاڵ پەیامبەر ئەوا پەیامبەر تاوانبار دەکات بە سەرپێچیی فەرمانیی خوایی.
ئایا پەیامبەر هۆزێکی تەواویی یەهودیی لەناو دەبات بەهۆی تاوانی چەند کەسێکی فەرمانڕەوایی تاوانبارەوە؟
بێگومان ئەمە قەت لەگەڵ ئەو وەسفەدا نایەتەوە کە خوای گەورە دەربارەی دەفەرمووێت:
{وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ} (الأنبياء: ١٠٧)

ئایا کەسێك بەخشندەیی گێتی بێت لەناوبەرە بۆیان؟
بێگومان نەخێر!
گەر کەسانیك پێویست بووبێت بکوژرێن تاوانبەران و بڕیاردەرانی هۆزەکە بوون!
ئێستا با جوانتر لەمە ورد ببینەوە لەڕێگەی چەند گێڕانەوەیەکەوە:
ئەوەی دەگوترێت ٨٠٠ یاخود ٩٠٠ کەس کوژراون بێ بەڵگەن، زۆرترین ژمارەیەك تۆمارکرابێت لەلایەن کەسایەتی جێگەی متمانەوە بەڵام هێشتا موبالەغەی تێدا کراوە کە (ابن الجوزیه‌) بووە کە گووتویەتی:
فقتل منهم یومئذ اربعون رجلا ......

واتە: ژمارەی کوژراوەکان تەنها چل کەس بوون.
بەڵام ئەمەش هێشتا موبالەغەی تێدا کراوە، چونکە وەك لە سیرەدا تۆمارکراوە دەربارەی ئەوانەی بڕیاربووە بکوژرێن دەڵێت:

لە ماڵی کچی حارس دایانبەزاندن، کە ئافرەتێك بوو لە (بني نجار).
سەرسوڕهێنەرەکە لێرەدایە کە ئایا چل کەس لە ماڵی ئافرەتێکدا جێیان دەبیتەوە چ جای بگات بە ٨٠٠ و ٩٠٠ کەس؟
وەك لە فەرموودەکاندا تۆمارکراوە کاتێك پەیامبەر لە ماڵی خاتوو عائیشەدا ماوەتەوە و شەونوێژی کردووە ئەوەندە بچووك بووە دەستی داوە لە پێی خاتوو عائیشە تاوەکو پێی لابەرێت.
ئەی باشە ئەمە ماڵی پەیامبەر بووە ئەی دەبێت ماڵی ئەم ئافرەتە چەند بووبێت و جێگەی چەند کەسی تێدا دەبیتەوە؟
زۆر ڕوون و ئاشکرایە ئەگەر گشتییان لە یەك ترنجابن ئینجا بە زۆر گەر گەشتبنە ٢٠ کەس لە نەشگەشتوون بەو ژمارەیە و بەڵکو کەمتریش بوون!

کەواتە بنچینەی باسەکە بەو جۆرەیە کە تەنها تاوانبارانی شەڕ و سەرانی هۆزەکە بەر سزا کەوتوون کە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ کەسدا دەبن و ئەوانی دیکە بە دڵنییاییەوە و بە بێ بوونی هیچ گومانیك بچووکترین ئازاریشییان نەدراوە.
به‌روار: 16/12/2019
بینین: 1855
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت