قورئان .. گەورەتر لە ڕەخنەگرانی
هامنۆ هەورامی

زۆرجار ئەم پرسیارەمان لێدەکرێت یاخود بیستومانە کە دژە ئیسلامەکان ڕەخنەیان لەوە گرتووە قورئان سەرەتا سەر و بۆر و ژێر و حەرەکاتەکانی زمانی عەرەبی نەبووە ئیتر چۆن بزانین پارێزراوە و بۆ نموونە ق ف نییە ؟

۱.سەرەتا پێویستە بەرچاوڕوونیەک بدەین بۆ زمانی عەرەبی:
زمانی عەرەبی لقێکە و بەشێکە لە زمانە سامییەکان کە لەگەڵ عیبری و چەن زمانێکی ترن وەک شێوەزارێکن لێی بوونەتەوە و لە نەوەی سامی کوڕی نوحن (صلی الله علیه وسلم) و بۆیە تا ئێستاش نزیکییەکی زۆر هەیە لە نێوان وشەکانی ئەم زمانانەدا. سەرەتا زمانی عەرەبی تایبەت و سنوردار بووە بە نیمچە دوورگەی عەرەبی و چەند ناوچەیەکی ڕافیدەین و شام. نووسینیشیان شێوازێکی سادە بووە کە لەنیمچە دوورگەی عەرەب بڵاوبوویەوە و کاری ڕۆژانەیان لەسەر ئەوە بەڕێدەکرد. وەکو باسیش دەکرێت خوێندەوارێکی ئەوەندە زۆریش لە عەرەبستان نەبوون بەڵکو زۆر کەمتربوون لەچاو خەڵکی ناوچەکەدا. بەڵام لەڕووی ئەدەبی شیعر و ڕەوانبێژییەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدابوون هەربۆیەش قورئانی پیرۆز لەوپەڕی ڕەوانبێژیدا دابەزی.
وە زۆربەی شاعیرەکان شعرەکانیان حفظی بوو واتە بەلەبەرکردن دەیانکرد وە هەندێکیش دەیان نووسییەوە. بەڵام وەک دەزانین سەرو بۆر و ژێرو و ‌ئەم حەرەکانە نەبوون بەڵکو بەهۆی خوێندنەوەکەوە دەیانزانی کە چی نووسراوە، تاکو سەردەمی ئومەوییەکانیش ئەم حەرەکانە نەبوون.

۲.دابەزینی قورئان و نوسینەوەی:
گەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی بزانین ئایا قورئان لەکەیەوە نووسراوەتەوە ئەوا تا ئێستاش زۆرێک بەهەڵە دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی پێشەوا عوسمانی کوڕی عەففان ڕەزای خوای لێبێت بەڵام ئەمە هەڵەیە!
هەر لەسەردەمی مەککیدا بوو کە هاوەڵە بەڕێزەکان ئەوانەی خوێندەوارییان هەبوو لەسەر پێست و بەرد و ئێسکی ئاژەڵیش ئەو ئایەتانەیان دەنووسییەوە. دواتریش لە دوای قۆناغی مەدەنی و فەتحی مەککە نووسینەوەی قورئان هەر بەردەوام بووە و هیچ ئایەتێک نەپەڕێندراوە، وە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نوسەری تایبەتی هەبووە بۆ نووسینەوەی وەحی کە هەر ئایەت و سورەتێک دابەزیایە دەیاننووسی کە بریتیبوون لەم هاوەڵە بەڕێزانە :

ٲ. نووسەرەوانی سروش لەسەردەمی مەککیدا :

۱.علي بن أبي طالب.
۲.أبو بكر الصديق.
۳.عمر بن الخطاب.
٤. الأرقم بن أبي الأرقم.
٥.طلحة بن عبد الله.
٦.خالد بن سعيد بن العاص.
۷.عامر بن فهيرة.
٨.عبد الله بن أبي بكر.
۹. أبو سلمة عبد الله بن عبد الأسد المخزومى -


ب. نووسەرەوانی سروش لەسەردەمی مەدینەدا :

۱.أبو أيوب الأنصاري.
۲.خالد بن زيد.
۳.أبي ابن كعب.
٤.زيد بن ثابت.
٥.عبد الله بن رواحة.
٦. معاذ بن جبل.

ج. نووسەرەوانی سروش لەدوای پەیمانی حودەیبییە :

۱. أبو سفيان صخر بن حرب.
۲. يزيد بن أبي سفيان.
۳. معاوية بن أبي سفيان.
٤. خالد بن الوليد.
٥. جُهَم بن سعد.
٦. جهم بن الصلت ابن مخرمة.
۷. الحصين بن النمير.
۸. حويطب بن عبد العزى.
۹. عبد الله بن الأرقم.
۱۰. العباس بن عبد المطلب.
۱۱. أبان بن سعيد بن العاص.
۱۲. سعيد بن سعيد بن العاص.
۱۳. المغيرة بن شُعبة.
۱٤. عمرو بن العاص.
۱٥. شرحبيل بن حسنة.
۱٦. العلاء الحضرمي



وەچەندان فەرموودە هەن کە ئاماژە دەدەن بۆ نوسینەوەی قورئان لەسەردەمی پێغەمبەردا (صلی الله علیە وسلم) دا قورئان نوسراوەتەوە،
بۆ نموونە:
عن ابي سعید الخدري ٲن رسول الله قال: لا تكتبوا عني ومن كتب عني غیر القران فلیمحه.( رواه مسلم في الزهد باب التثبت في الحديث.. (۳۰۰٤)).
وعن عثمان بن ابي وقاص :فدخلت رسول الله فسالتە مصحفا کان عندە فٲعطانیە.(رواه الطبراني في المعجم الكبير و ذكره الهيثمي في مجمع الزوائد).

وە هەر لەبەر ئەمەش بووە کاتێک پێغەمبەری خودا (صلی الله علیە وسلم) کۆچی دوای دەکات قورئانێک بەهەموو ئایەت و سورەتەکانی ناوی لەماڵەکەی خاتوو عائیشەدا دەبێت ڕەزای خوای لێبت. بەڵام ئەم قورئانە چۆن دەبێت : ئەم قورئانە بە تێکەڵیبووە واتە هەر ئایەتێک یاخود سورەتێک دابەزیبایە دەیان نووسیەوە واتە بەو شێوە ڕێکە نەبووە لە الفاتیحەوە بۆ الناس. بۆیە دوای کۆچی دوای پەیامبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) و کردنی پێشەوا ئەبو بەکری صدیق (ڕەزای خوای لێبێت) بە خەلیفەی موسڵمانان ئەو قورئانە لە ماڵی عائیشەوە دەهێنێت و دەست دەکات بە نوسینەوەی بە ڕێکی بەس ئەم بۆی تەواو ناکرێت بەهۆی ئەوەی دوای ۲ ساڵ لە خەلیفایەتی کۆچی دوای دەکات کە ماوەیەکی کەمبوو .
دوای ئەم عومەری کوڕی خەتتاب (خوا لێی ڕازی بێت) دەست دەکات بە بەردەوامی پێدان بە کارەکەی ئەبو بەکر و ئەم بەسەرکەوتوویی تەواوی دەکات و وەکو چۆن ئێستا ئێمە دەیخوێنین بەو جۆرە بووە، ئەم قورئانە لە ماڵی حەفسەی کچیدا دەبێت کە خێزانی پێغەمبەری خوداش بووە (صلی الله علیە وسلم). دوای شەهید کردنی پێشەوا عومەر و بوون بە خەلیفەی پێشەوا عوسمان خەلیفە عوسمان دەبیستێت کەلە هەندێک ناوچە وەکو ئەرمەنستان و ئازەربیاجان بەهەڵە قورئان دەخوێندرێتەوە، بۆیە فرمان دەدات ئەو قورئانە بێنن کەلە ماڵی دایکی باوەڕداران خاتوو حەفسەدا بوو لیژنەیەک پێک دێنێت لە زەیدی کوڕی سابت و عبالرحمانی کوڕی حارس و عبدالله ی کوڕی زوبەیڕ و سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس (ڕەزای خوایان لێبێت) کە هەر لە سورەتی الفاتیحەوە دەستیان پێکرد تاکو کۆتایی سورەتی الناس و لەهەر ئایەتێکدا شایەدیان دەدا کە ئەم ئایەتەیان بەم شێوەیە لە دەمی پێغەمبەری خوداوە (صلی الله علیە وسلم) بیستووە و بەم شێوەیە تاکو هەموویان تەواو کرد.
پاشان لەسەر ئەو قورئانە نوسخەیان لێ نووسیەوە بۆ ویلایەتەکانی دیمەشق و بەسڕە و مەککە و کوففە و بەحڕەین و یەمەن و نوسخە ئەسڵیەکەشیان لە مەدینە هێشتەوە، وەهەر پارچە و دەستنووسێکی دیکە هەبوایە بەهەڵە نووسرابایەتەوە پێشتر سووتاندیان، چونکە پێویست نەبوو و ئایەت ئایەت و بەش بەش بوون و کامل نەبوون تاکو خەڵک لێیان تێکەڵ نەبێت.
پرسیار/ئایا چۆن بزانین قورئان بەوشێوەیەیە لە سورەتی فاتیحەوە بۆ الناسە لەکاتێکدا العلق یەکەم سورەت بووە وئایەتەکان پچڕ پچڕ هاتوون چۆن بزانین کە ئەو ڕیزبەندییە تەواوە کە کراوه ؟

وەڵام : چونکە هاوەڵان بەو شێوەیە لە دەمی پەیامبەرەوە (صلی الله علیە وسلم) بیستوویانە وە هەروەها دوای ئەوەی قورئان بەتەواوی دابەزی و هیچ ئایەتێک نەما پێغەمبەر لەگەڵ جیبریلدا (صلی الله علیە وسلم) لە کۆتا ڕەمەزانی ژیانیدا دووجار لەگەڵیدا خەتمی قورئانی کردووە بەو شێوەیە . وەهەروەها لە فەرموودەی صحیحدا هاتووە کە پەیامبەر خۆی (صلی الله علیە وسلم) و عوسمان و هاوەڵان (ڕەزای خوایان لێبێت) کە لەشەونوێژ و تەراویحەکاندا خەتمیان دەکرد بەو ڕیزبەندییە خوێندوویانه (بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەمە بڕوانە پەرتوکی صفة صلاة نبي - امام الباني) .
کەواتە لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لەخۆڕا ئەو ڕیزبەندییە دانەنراوە. کەواتە تا ئێرە دڵنیاین قورئان بە کاملی و بە تەواوی نوسراوەتەوە هەر لە پەیامبەرەوە (صلی الله علیە وسلم).

بەڵام لێرەدا گومانێکی دیکە دێتە کایەوە، ئایا چۆن بزانین ئەو نووسینانە بەبێ حەرەکە بە تەواوی و بەڕاستی گەیشتووە بە ئێمە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بە چەند خاڵێک دەدەینەوە :

۱.ئەمە نووسینی خۆیانبووە وە خۆیان شارەزای بوون و لە یاساکانیان زانیوە کەواتە تۆ چۆن نووسینی خۆتت لێ تێکدەچێت؟
ئایا هەر لە ئێستاوە هەست ناکەیت پرسیارەکەت نالۆژیکییە؟

۲.زۆربەی زۆری هاوەڵان و تابعین و تابعی تابعین و زانایانی پێشین و فەرموودە ناس و هتد...... هەموویان حافظی قورئان بوون و بەتەواوی شارەزا بوون بەو پەڕی شارەزاییەوە ، بۆ نموونە لە هاوەڵان کە زۆربەیان ڕاستەوخۆ لە زاری پەیامبەرەوە (صلی الله علیە وسلم) وەریان گرتووە :
عوسمانی کوڕی عەففان و زەیدی کوڕی سابت و عبدالله ی کوڕی مەسعود و عەبد الرحمانی کوڕی عەوف و ئەبوبەکری سدیق و موعازی کوڕی جەبەل و هتد...... ئەمانە حافظی بێوێنە بوون کە بەدڵ و لە ئەلفەوە تاکو یائی قورئانیان لەبەر بووە وەئەگەر بەلاشیانەوە سەیرە چۆن قورئانیان لەبەر بووە ئەوا لەم سەردەم و چەرخانەی دوایشدا چەندان نموونەی بەرچاومان بینیوە و بیستووە بۆ وەکو : د.زاکیر نایک و شێخ بن باز و شێخ ابن عثیمین و شێخ عبدالباسط عبدالصمد و شێخ سعد الغامدی و هتد......... کە حافظی بێوێنەبوون، کەواتە گەر ئەمان وابووبن لەم سەردەمە جەنجاڵەدا ئیدی چۆن هاوەڵان توانایەکی لەو جۆرەیان نەبووە ؟

۳.پێشینانی ئەم ئوممەتە هەر لە منداڵییەوە قورئانیان بە منداڵەکانیان لەبەر کردووە تاکو دە بۆ دوازدە ساڵی حافظی قورئان بوون و دواتر بۆ زانستی فەرموودە و فیقه هەوڵیان داوە (بۆ زانیاری دەربارەی ئەم جۆرە پەروەردە کردنە بڕوانە پەرتوکی شەش پێشەواکەی فەرموودەی نجم الدین فرج و ژیانی شافعی و ابو حنیفە و هتد.......).

٤.ئەم سیستەمە بەردەوام بووە تاکوەو ئەوکاتەی حەرەکەکانیان بۆ زیاد کرد چونکە ئەوکات خەڵک بەرەبەرە بەرەو تەمبەڵ بوون دەچوون و هەوڵدانیان کەم ببووەوە بۆیە حەرەکەکانیان داهێنا بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی لێی تێک نەچێت.

پرسیار: باشە هەموو کەسێک لەبیرچوونەوەی هەیە چۆن بزانین ئەو هاوەڵانە یاخود ئەوانەی کە لەم بوارەدا کاریان کردووە چۆن بزانین لە ئایەتێکدا لە شتێکدا هەڵەیان نەکردووە و بیریان نەچووەتەوە؟
وەڵام/بۆ وەڵامی ئەمەش بە چەند خاڵێک وەڵام دەدەینەوە:

۱.وەک وتمان چەندین هاوەڵ پێکەوه لە لیژنەکە بوون باوادابنێین یەکێکیان بیری چوو ئەی ئەوانی دیکە کەلەوێ ئامادەبوون ؟

۲. پاشان لە بواری جەستەیی و عەقڵی مرۆڤی ئەوکات جیاواز بوون لە ئێستا چونکە توانای لەبەرکردنی خەڵکی ئەوسەردەمە زۆر باشتر بووە لەم سەردەمە، ئێستا بەهۆی زۆر بەکارهێنانی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان و تیشکیەکان و قەرەباڵغی و زۆربوونی دوانۆکسیدی کاربۆن زیانی زۆریان بەمرۆڤ گەیاندووە و بوونەتە هۆکاری زۆر بیرچونەوە و پوکانەوەی مێشک، بەڵام لەو کاتەدا کەسەکان لە بارێکی سروشی و دەشتیدا بوون کە کاریگەری ئەرێنی و بەهێزی هەیە لەسەر مێشکی مرۆڤ و پارێزراوبوون و بیرچوونەوەیان تێدا زۆر کەم بووە.

۳. وەک گوتمان بە دەقی نووسراو هەبووە و پارێزراو بووە و بەهیچ شێوەیەک نەتواندراوە حەرفێکی لێ لا ببرێت.

٤. زۆر دووپاتکردنەوەی شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی لە شعورەوە بگۆرێت بۆ لاشعوور :
بۆ نموونە ناوی کەسە نزیکەکانت هەرکات گوێت لە دەنگیان بێت یان بیبینیت یەکسەر ناوی دەزانیت لەبەر ئەوەی چووەتە لاشعوورتەوە و بەهیچ شێوەیەک لەناو ناچێت لەزاکیرەی مێشک، بەدەر لە چەند بارێکی زۆر تایبەت . هاوەڵانیش بۆ قورئان وابوون بەردەوام دەوریان کردۆتەوە هەموو شەوێک لە کاتی شەونوێژدا لەکاتی نوێژە سوننەتەکاندا خەتمیان پێ کردۆتەوە هاوەڵی وەها هەبووە وەکو پێشەوا عوسمان بە نموونە هەموو شەوێک بەشەونوێژ قورئانی خەتم کردووە تەنها لە ڕکاتی یەکەمدا پێنج سوورەتە گەورەکەی سەرەتایان خوێندووە.
وە لەگەشتەکەی پێشەوا شافعی بۆ حیجاز هەموو ڕۆژێک قورئانی خەتم دەکرد تاوەکو گەیشت.
٥. خوای گەورە کە خۆی ئەم قورئانەی پێ بەخشیوین و بەڵێنی پارێزراوی داوە حەتمەن مێشک و دڵی ئەو کەسانەشی بۆ کردووەتەوە کە بۆ ئەم ئەرکە خۆیان یەکلا کردووەتەوە ، بێگومان هەرکەسێکیش خۆی بۆ شتێک یەکلا بکاتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە بەدەستی دەهێنێت.

کەواتە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت قورئانی پیرۆز بە دڵنیاییەوە بەدڵنیاییەوە بەدڵنیاییەوە و بەو پەڕی دڵنیاییەوە قورئانی پیرۆز پارێزراو بووە و بە پارێزراویش گەیشتووەتە دەستی ئێمە و نەک یەک وشە بەڵکو یەک حەرەکەتیشی لێ کەمنەبووەتەوە و خوای گەوره خۆشی فەرموویەتی:

[ٳنا نحن نزلنا الذکر وانا لە لحافظون] (الحجر:۹)
به‌روار: 23/09/2019
بینین: 1548
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت